«سۆعدا خەدیرزادە»، زیندانی سیاسی لە زیندانی شاری ورمێ، کە منداڵەکەی لە کاتی تێپەڕاندنی زیندانییەکەیدا لەدایکببوو، بە دانانی بارمتە مەرەخەسی پێدرا.

بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، ڕۆژی سێشەممە ٢٣ی ڕێبەندانی ١٤٠٣، سۆعدا خەدیرزادە، لە زیندانی شاری ورمێ مەرەخەسی پێدرا. بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، پێدانی مەرەخەسی بەم زیندانییە بە دانانی بارمتەی دوو ملیارد و پێنج سەد ملیۆن تمەن و بۆ ماوەی ٢٠ ڕۆژ ئەنجامدراوە.
لەم ڕاپۆرتەدا هاتووە کە؛ منداڵەکەی ناوبراو کە ئێستا زیاتر لە ٢ ساڵ و نیو لە لەدایکبوونی تێدەپەڕێت، تا ئێستا لە مافی هەبوونی ناسنامە بێبەش کراوە.
سۆعدا خەدیرزادە، هاوڵاتی خەڵکی شاری پیرانشار لە ٢٢ی ڕەزبەری ١٤٠٠، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لەم شارە دەستبەسەر کرا و لە ١٧ی خەزەڵوەری هەمان ساڵ، بۆ زیندانی شاری ورمێ گواسترایەوە. ناوبراو لە ٣٠ی جۆزەردانی ١٤٠١، لە نەخۆشخانەیەکی شاری ورمێ بە نەشتەرگەری سزارین، منداڵەکەی لەدایکبوو و پاش ڕۆژێک بۆ زیندانی شاری ورمێ گەڕێنرایەوە.
ئەم زیندانییە سیاسییە لە خەرمانانی ١٤٠١، لەلایەن لقی سێی دادگای یەک لە شاری مهاباد بە سەرۆکایەتی دادوەر جەواد بەنایی و ڕاوێژکاری غوڵام کەریم خانی بە تۆمەتەکانی «بەشداری لە کوشتنی ئەندامێکی سوپای پاسداران و ئەندامێتی لەیەکێک لە حیزبەکانی دژ بە ڕژیم» بە گشتی بە ١٢ ساڵ و شەش مانگ زیندانی تەعزیری سزای بەسەردا سەپێنرا.