
بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵی فەرمی ئیلنا، بڕیارە ئەمڕۆ سێشەممە ٣٠ی ڕێبەندان کۆبوونەوەی شۆڕای باڵای کار بەمەبەستی دیاریکردنی حەقدەستی ساڵی ١٤٠٤ی کرێکاران بەڕێوە بچێت. ئەمە دووەم دانیشتنی ئەم شۆڕایەیە و تا ئێستا هیچ ڕاپۆرتێک سەبارەت بە کۆبوونەوەی یەکەم بڵاو نەکراوەتەوە. وادیارە ئەم شۆڕا حکومییە نایەوێت تا کۆتایی ئەمساڵ بڕیاری خۆی لەم بارەیەوە ئاشکرا بکات. ئەمە لە کاتێکدایە کە لە دەرەوەی دانیشتنی شۆڕای باڵای کار، لیژنەی حەقدەست بە شێوەیەکی نافەرمی ڕایگەیاندووە کە تێچووی ژیانی بنەماڵەیەکی ٤ کەسی کرێکاریی، لە ٣٠ ملیۆن تمەن لە مانگێکدا تێپەڕیوە. لەبەر ئەوەی هەڵسەنگاندنی ئەم لیژنەیە لەسەر بنەمای ئامارە فەرمییەکانی حکوومەت ئەنجام دەدرێت و هەموو کەسێکیش دەزانێت کە ئەم ئامارانە دەستکاری کراون، لە ڕاستیدا ڕێژەی سەبەتەی لانیکەمی بژێو، زیاتر لە ٣٠ ملیۆن تمەنە. بۆ نموونە، بەپێی نرخی فەرمی، هەر کیلۆ پەتاتەیەک بە ٢٠ هەزار تمەن دانراوە، لە کاتێکدا نرخی ڕاستەقینەی پەتاتە لە بازاڕدا لە ٦٠ هەزار تمەنیش تێپەڕیوە. عەلی خودایی، یەکێک لە نوێنەرانی خانەی کرێکار کە یەکێکە لە بەشداربووانی دانوستانەکانی دیاریکردنی حەقدەست دەڵێت:
“ئەمڕۆ ئاستی حەقدەستی کرێکاران ئەوەندە کەمە کە مشتومڕ لەسەر ڕێژەی زیادکردنی حەقدەست، زیاتر لە گاڵتەیەکی تاڵ دەچێت. سەردەمێک ئێمە مافی نیشتەجێبوونی کرێکارانمان لە ١٠ هەزارەوە گەیاندە ٢٥ هەزار تمەن و وەزیرێکیش لە چاوپێکەوتنێکدا بە شانازییەوە هەواڵی پەسەندکرانی ١٥٠٪ی مافی نیشتەجێبوونی ڕاگەیاند! لە کاتێکدا مافی نیشتەجێبوون تەنیا پانزە هەزار تمەن زیادی کردبوو، منەتی بەسەر کرێکاراندا دەکرد. لە ئێستادا لانیکەمی حەقدەست ئەوەندە کەمە کە هەر ڕێژەیەک ئەگەرچی لە ڕواڵەتدا ڕەقەمێکی گەورەش بنوێنێت، بەڵام هێشتا بەهۆی لەخوارەوەبوونی لەڕادەبەدەری نرخی ڕیاڵ، هیچ کاریگەرییەکی ئەوتۆی لەسەر بژێوی کرێکاران نابێت.”
سەرەڕای هەموو ئەمانە، زیادکردنی لانیکەمی حەقدەستی چەندین جار لە ژێر هێڵی هەژاریدا، کە ساڵانە لەلایەن “شۆڕای باڵای کار”ەوە ڕادەگەیەنرێت، تەنیا بەشێکی سنووردار لە سەرجەم کرێکاران و کارمەندانی لەسەر کاری کەرتی گشتی و تایبەت دەگرێتەوە کە یاسای کار دەیانگرێتەوە. زۆربەی هەرەزۆری کرێکارانی ئەو کارگایانەی کە ژمارەیان لە یەک ملیۆن زیاترە و ملیۆنان کرێکار تێیاندا دەچەوسێنرێنەوە، هەروەها سەدان هەزار کرێکاری کاتی و ئەو ژن و منداڵانەی کە بە حەقدەستێکی زۆر کەم لە ماڵەوە خەریکی بەرهەمهێنانی بەرهەمە لاوەکییەکانن، یاسای کار نایانگرێتەوە و بەهۆی پەرشوبڵاوی لە کارگە بچووکەکانی کە خاوەنی ژمارەیەکی کەمی کرێکارن و هەروەها بەهۆی نەبوونی ڕێکخراو و بوونی لەشکرێکی بەرینی بێکاران، ڕازی دەبن بەو بڕە حەقدەستەی کە دەیاندەنێ، کە گەلێک جار تەنانەت زۆر کەمترە لەو لانیکەمانەی کە لەلایەن شۆڕای باڵای کارەوە دیاری دەکرێت. ڕۆژ نییە کە سەدان بنەماڵەی کرێکاریی بەهۆی شەپۆلی بێکارکردنەکانەوە، دابینکارێکی بژێوی خۆیان لەدەست نەدەن. وەک ئەوەی کە ئاکامی هەموو قەیرانەکان، لەوانە قەیرانی درێژخایەن و خراپی دۆخی سەرمایەداریی ئێران، گەندەڵی جێگیر لە دام و دەزگای پان و بەرینی بیرۆکراسی حکوومەتیدا و هەروەها چڕبوونەوەی گەمارۆ نێودەوڵەتییەکان، هەموویان بەیەکەوە بەسەر کرێکاران، پەراوێزکەوتووان و چینە بێبەشەکانی کۆمەڵگادا ڕووخابێت.
لە وەها دۆخێکدا تەنیا دابینکردنی حەقدەستێکی گونجاو لەگەڵ هەزینەی ژیانێکی ئینسانی بۆ هەموو کرێکارانی لەسەرکار، دابینکردنی بیمەی بێکاری بۆ هەموو بێکاران و ئەو کرێکارانەش کە بە هۆی شەپۆلی بێکارکردنەکانی ئەم دواییانەوە کارەکانی خۆیان لەدەست داوە، ڕاگرتنی کار لەو بەشانەی کە بەرهەمهێنان تێیاندا پێویستییەکی سەرەکی ژیانی ڕۆژانە نین، کەمکردنەوەی کاتژمێرەکانی کار لەو بەشە خزمەتگوزاری و بەرهەمهێنەرانەی کە پێویستی سەرەکین بۆ ژیان و هەروەها بە پێدانی حەقدەستی تەواو و دەرماڵە و دابینکردنی سەرجەم پێداویستی و ئیمکاناتە تەندروستییەکان، دەتوانێت دۆخێکی ئەوتۆ بۆ کرێکارانی ئێران پێکبهێنێت کە بتوانن بەردەوامی بە ژیانی خۆیان بدەن. کرێکاران سەدەقەیان ناوێت. کرێکاران بەهۆی ئەو ڕۆڵە بنەڕەتییەی کە لە بەرهەمهێنانی کۆمەڵایەتی و ڕاگرتنی کۆمەڵگادا هەیانە، دەبێت لە ئەمنییەتی گیانی و ژیانێکی ئینسانی بەهرەمەند بن. بەڵام ئەزموونی ٤٦ ساڵ کار و ژیان لە ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیدا، دەبێت بە کرێکارانی نیشان دابێت کە لە ژێر دەسەڵاتی ئەم ڕژیمەدا دەستەبەربوونی ئەمنییەتی گیانی و ژیانێکی ئینسانی و خۆشبژێوی مەحاڵە.
لەمڕووەوە ئەرکی سەرشانی هەڵسوڕاوان و پێشڕەوانی بزووتنەوەی کرێکارییە کە لە ڕەوتی ململانێی چینایەتی و ئەو بزووتنەوە داواکاری تەوەرانەی کرێکاراندا کە بەردەوام لە ئارادایە، کۆمەڵانی کرێکار بەو ورەیەوە پەروەردە بکەن کە ڕێگای ڕزگاربوون لەم هەموو هەژاری و نەهامەتی و نائەمنییە، نەک لە چوارچێوەی پەیوەندییە زاڵەکاندا، بەڵکوو لە بەرپاکردنی شۆڕشێکی کۆمەڵایەتی لە دژی نەزمی ئێستادا بەدی بکەن.