کوشتنی مەهشید فەلاحی و بەرپرسیارێتیی ئێمە؛ هەڵوێستی کۆڵبەرنیوز لە بەرگریکردن لە ئازادی و مافی جیاوازبوون

کوشتنی مەهشید فەلاحی، ژنە ڕەگەزگۆڕاوی ٣٢ ساڵەی خەڵکی سنە، تەنیا کوشتنی کەسێک نییە؛ ئەم ڕووداوە تاڵە ئاوێنەیەکە لە توندوتیژیی پێکهاتەیی، جیاکاریی بەدامەزراوەیی و دەرکردنی کۆمەڵایەتی کە ساڵانێکە ژیانی ئەندامانی کۆمەڵگەی LGBTQی لە ئێران و کوردستاندا خستووەتە ژێر کاریگەریی خۆیەوە. مەهشید پێش ئەوەی بە لێدانی چەقۆ گیانی لەدەست بدات، ببووە قوربانیی جۆرێکی دیکە لە توندوتیژی؛ توندوتیژییەک کە لە دەرکرانی لەلایەن بنەماڵەوە، بێماڵیی، هەژاری، گۆشەگیریی کۆمەڵایەتی و بێبەشبوون لە مافە سەرەتاییەکانی مرۆڤدا خۆی دەبینییەوە. مەرگی ئەو تەنیا کۆتاییهاتنی ژیانێک نییە، بەڵکو هێمایەکە لە چارەنووسی بەئازاری زۆرێک لەو مرۆڤانەی کە بەهۆی جیاوازبوونیانەوە، لەلایەن کۆمەڵگە، ئایین و پێکهاتە دەسەڵاتدارەکانەوە ڕووبەڕووی جیاکاری دەبنەوە.

کۆمەڵگەی مرۆیی تەنیا لە دوو گرووپی ژن و پیاو پێک نەهاتووە. مرۆڤەکان خاوەنی هەمەجۆرییەکی بەربڵاون لە پێناسەی ڕەگەزی (ناسنامەی جێندەری)، دەربڕینی ڕەگەزی و مەیلی سێکسییدا. کەسانی ڕەگەزگۆڕاو، هاوڕەگەزخواز، دووڕەگەزخواز، هاوڕەگەزیی، (نا دووانەیی) و ئەندامانی دیکەی کۆمەڵگەی LGBTQ بەشێکی سروشتی و دانەبڕاوی کۆمەڵگەی مرۆیین. زانستی دەروونناسی، کۆمەڵناسی و زانستەکانی پزیشکی ساڵانێکە جەخت لەسەر ئەو ڕاستییە دەکەنەوە کە هەمەجۆریی ڕەگەزی و سێکسی بەشێکە لە ڕاستینەی بوونی مرۆڤ، نەک لادان، نەخۆشی یان تاوان. هەر مرۆڤێک مافی خۆیەتی ناسنامەی خۆی بەو شێوەیەی کە هەستی پێدەکات پێناسە بکات، بڕیار لەسەر جەستەی خۆی بدات، ئازادانە ئەوینداری بکات و بێ ترس لە سووکایەتی، توندوتیژی و سزادان بژیت.

بەڵام لە ئێراندا، یاساکانی شەریعەتی ئیسلامی و پێکهاتەی یاسایی کۆماری ئیسلامی نەک تەنیا بەرگری لەم مافانە ناکەن، بەڵکو شەرعیەت بە بەرهەمھێنانەوەی جیاکاری و توندوتیژیش دەدەن. یاساکانی کۆماری ئیسلامی لەسەر بنەمای لێکدانەوەیەکی پیاوسالارانە و دۆخی دژە هاوڕەگەزخوازانە بۆ کۆمەڵگە داڕێژراون؛ یاسایەک کە ژنان وەک هاوڵاتیی پلە دوو و خاوەن مافی نایەکسان سەیر دەکات و ئەندامانی LGBTQ بە بنەڕەتی بە فەرمی ناناسێت. بەتاوانناساندنی پەیوەندییە هاوڕەگەزخوازییەکان، نکۆڵیکردن لە ناسنامە ڕەگەزییەکانی دەرەوەی چوارچێوە فەرمییەکان، پڕوپاگەندەی حکومەتیی لەسەر ڕق و کینە، و سڕینەوەی کۆمەڵایەتیی کەسانی پەلکەزێڕینە، کەشێکی خولقاندووە کە تێیدا توندوتیژی دژی ئەم کەسانە ئاسایی دەکرێتەوە. کاتێک یاسا و دامەزراوە فەرمییەکان کەرامەتی بەشێک لە هاوڵاتیان ڕەتدەکەنەوە، کۆمەڵگەش ئاسانتر بەرەو دەرکردن و سەرکوتکردنی ئەوان پاڵ دەنرێت.

لە دۆخێکی ئاواهیدا، بێدەنگی لە هەمبەر کوشتنی مەهشید فەلاحی تەنیا بێدەنگی نییە لە بەرامبەر تاوانێکدا؛ بەڵکو بێدەنگییە لە بەرامبەر سیستەمێکی جیاکاریدا کە هه‌موو ڕۆژێک قوربانیی نوێ بەرهەمدێنێت. کۆمەڵگەی سیاسی، مەدەنی و ڕۆشنبیریی کوردستانیش لە هەمبەر ئەم پرسەدا بەرپرسیارە. کوردستان هەمیشە خۆی وەک کۆمەڵگەیەکی خەباتکار، یەکسانیخواز، ئازادیخواز و پێشەنگ ناساندووە. لە خەباتی ژنانەوە بگرە تا بزووتنەوە مەدەنی و کۆمەڵایەتییەکان، هەمیشە داخوازییەکانی ئازادی و یەکسانی پێگەیەکی گرنگیان لەم کۆمەڵگەیەدا هەبووە. لەبەر ئەوە، بەرگری لە مافەکانی کۆمەڵگەی LGBTQش دەبێت ببێتە بەشێک لەم خەباتە لەپێناو ئازادی و یەکسانیدا.

بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ژینا کە لە کوردستانەوە دەستی پێکرد و بوو بە یەکێک لە گەورەترین بزووتنەوە ئازادیخوازییەکانی مێژووی هاوچەرخ، بە دروشمی «ژن، ژیان، ئازادی» دەناسرێتەوە؛ دروشمێک کە ناتوانێت تەنیا بۆ بەشێک لە کۆمەڵگە مانا و مەبەستی هەبێت. ئەگەر ژیان بەنرخە و ئەگەر ئازادی مافێکی گشتییە، دەبێت ئەم بنەمایانە هەموو مرۆڤەکان بگرێتەوە؛ لە ژنان و پیاوانەوە بگرە تا تەواوی ئەندامانی کۆمەڵگەی پەلکەزێڕینە. ئازادی ناتوانرێت بە شێوەی بژاردەیی پێناسە بکرێت و یەکسانیش ناتوانرێت تەنیا بۆ گرووپێکی تایبەت بخوازرێت.

شکاندنی تابۆ ڕەسەن و ڕەگداکوتاوەکان لە کۆمەڵگە نەریتی و ئایینییەکاندا، پێویستییەکی حاشاهەڵنەگرە بۆ گەیشتن بە کۆمەڵگەیەکی مرۆییتر. کۆمەڵگەی LGBTQ بەشێکە لە خەڵکی کوردستان و ئێران؛ مرۆڤگەلێک کە مافی خۆیانە بێ ترس لە توندوتیژی، دەرکران، دەستبەسەرکردن، سووکایەتی یان کوشتن بژین. بەرگریکردن لەوان نەک بەرگری لە شێوازێکی تایبەتی ژیان، بەڵکو بەرگریکردنە لە مافی مرۆڤ بۆ جیاوازبوون. کۆمەڵگەیەک کە نەتوانێت جیاوازی قبووڵ بکات، هەرگیز ناگاتە ئازادیی ڕاستەقینە، و کۆمەڵگەیەکیش کە لە هەمبەر جیاکاریدا بێدەنگ بێت، زوو یان درەنگ خۆشی دەبێتە قوربانیی هەمان جیاکاری.

دەستەی بەڕێوەبەریی کۆڵبەرنیوز
سێی تەممووزی ٢٠٢٦

کۆڵبەرنیوز

بابەتی پەیوەندیدار