شەهرام مورادوەیسی کۆلبەرێکی گەنجی خەڵکی شاری سەقز بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی هەنگی مەرزی لە هێڵی سنووری بانە بە سەختی بریندار بوو.
بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، ڕۆژی شەممە ٢٧ی خەزەڵوەری ١٤٠٢، شەهرام مورادوەیسی کۆڵبەرێکی گەنجی تەمەن ٢٢ ساڵ، خەڵکی شاری سەقز بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی هەنگی مەرزی لە هێڵی سنووری بانە بە سەختی بریندار بوو. بەپێی ئەم ڕاپۆرتە هێزەکانی هەنگی مەرزی بە چەکی جەنگی ئەم کۆڵبەرەیان کردۆتە ئامانج. شەهرام مورادوەیسی دەست و قاچی بە سەختی بریندار بووە.
جێگای ئاماژەیە کە ناوبراو بۆ چارەسەری پزیشکی بۆ نەخۆشخانەی شەفا لە شاری سەقز گواستراوەتەوە.
بە پشتبەستن بەو ئامارانەی لە ٦ مانگی یەکەمی ساڵی ١۴٠٢دا لە کۆڵبەرنیوز تۆمارکراون، بە گشتی ٨۵ کۆڵبەر لە ناوچە سنوورییەکان و ڕێگاکانی نێوان ڕێگاکانی پارێزگاکانی ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، کوردستان و کرماشان بەهۆی هۆکارەکانی وەک تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە نیزامییەکانی ڕژیم گیانیان لەدەستداوە و برینداربوون. لەم کۆی گشتییە، ١٣ کۆڵبەر (١۵%) کوژراون و ۷۲ کۆڵبەر (٨۵%) بریندار بوون.
لە کۆی گشتی ئەو ۸۵ کۆڵبەرەی کە کوژراون و بریندار بوون، ۷۷ حاڵەت (۹۱%) بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەربازییەکان بووە.