کۆڵبەرێکی خەڵکی شاری سەقز بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی هەنگی مەرزی لە سنووری هەنگەژاڵی-بانە برینداربوو.
بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، شەوی ڕابردوو، سێشەممە ٢١ی سەرماوەزی ١٤٠٢، کۆڵبەرێکی خەڵکی شاری سەقز بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی هەنگی مەرزی لە سنووری هەنگەژاڵی – بانە بە سەختی بریندار بوو.
ناسنامەی ئەم کۆڵبەرە “فەرهاد محەممەدی”، تەمەنی ٢٧ ساڵ و خەڵکی شاری سەقز ڕاگەیاندراوە، کە گوللە بەر لاقی کەوتووە و بە سەختی بریندار بووە.
جێگای ئاماژەیە کە ئەم کۆڵبەرە بۆ چارەسەر بۆ ناوەندە پزیشکییەکان گواستراوەتەوە.
بەپشتبەستن بەو ئامارەی لە ماوەی دوو مانگی ڕابردوودا لە کۆڵبەرنیوز تۆمارکراوە، لە ١ی ڕەزبەر تا ١ ی سەرماوەزی ١٤٠٢، بەگشتی ١٥٤ کۆڵبەر لە ناوچە سنوورییەکانی کوردستان بەهۆی هۆکارەکانی وەک تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی هەنگی مەرزی، لێدان و ئازاردان لەلایەن هێزە سەربازییەکانی ڕژێم و کەوتنە سەر مین. کوژراو و بریندار بوون.
لەم ژمارەیە بەگشتی ٩ کۆڵبەر کوژراون و ١٤٥ کۆڵبەر برینداربوون. لە کۆی گشتی ١٥٤ کۆڵبەر کە کوژراون و برینداربوون، ١٤١ حاڵەت (٩٢%) بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەربازییەکان بووە.