“محەمەد ساڵح قەنبەری”، کۆڵبەرێکی خەڵکی جوانڕۆ، کە ڕۆژی شەممە ٢٤ی پووشپەڕی ١٤٠٢ بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکان لە ناوچەی سنووری “تەتە”ی هەورامان بریندار بوو، دوای گواستنەوەی بۆ نەخۆشخانەیەکی تاران، بەهۆی سەختی برینەکانی لاقی ڕاستی بڕایەوە.
بەپێی دوایین هەواڵی گەیشتوو بە کۆڵبەرنیوز، “محەمەد ساڵح قەنبەری” کۆڵبەری خەڵکی گوندی “سەیفاوا” سەر بە شاری جوانڕۆ، کە لە سنووری “تەتە”ی هەورامان بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی هەنگی مەرزی “لاقی” بە سەختی بریندار بووە، بە هۆی سەختی برینەکانییەوە، دوای گواستنەوەی بۆ نەخۆشخانەیەکی شاری تاران، لاقی ڕاستی بڕایەوە .
“محەمەد ساڵح قەنبەری” ڕۆژی شەممە ٢٤ی پووشپەڕی ساڵی ١٤٠٢ لە بەرزاییە سنوورییەکانی “تەتە”ی هەورامان بریندار بوو. ناوبراو سەرەتا بەمەبەستی چارەسەرکردن بۆ نەخۆشخانەی “ئیمام ڕەزا کرماشان” گواسترایەوە، پاشان کاتژمێر ٢ی سەرلەبەیانی ڕۆژی سێشەممە ٢٧ی پووشپەڕ، بۆ نەخۆشخانەیەکی دیکەی تاران گواسترایەوە. لە کۆتاییدا بەهۆی سەختی برینەکانەوە لاقی ئەم کۆلبەرە لە ئەژنۆیەوە بڕدرایەوە.
پێویستە باس لەوە بکرێت کە لە نەخۆشخانەی ڕەزا کرماشان بە بنەماڵەی بەڕێز قەنبەری ڕاگەیەندراوە کە بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە لە سنوور و لە کاتی کۆڵبەریدا بریندار بووە، پێویستە هەموو تێچووی چارەسەرکردن خۆیان لە ئەستۆی بگرن.
بەڕێز قەنبەری خێزاندارە و خاوەنی ٥ منداڵە. دەوترێت هێزە چەکدارەکانی سەر سنوور بە چەکی جەنگی جۆری “Zh3” ئەم کۆڵبەرەیان کردە ئامانج.
ڕۆژی شەممە ٢٤ی پووشپەڕی ساڵی ١٤٠٢، هێزەکانی هەنگی مەرزی لە بەرزاییەکانی تەتە تەقەیان لە کۆمەڵێک کۆڵبەر کرد و لە ئەنجامدا دوو کۆڵبەر خەڵکی شارۆچکەی جوانڕۆ و سەوڵاوا بە سەختی بریندار بوون. ئەم کۆلبەرەش “لاقی” بریندار بووە و بۆ چارەسەری بۆ نەخۆشخانەی “بۆعەلی” لە شاری مەریوان گواسترایەوە.