شەریفە محەممەدی، چالاکی کرێکاری دانیشتووی شاری ڕەشت، سەرەڕای تێپەڕبوونی زیاتر لە مانگێک بەسەر دەستبەسەرکرانیدا، هێشتا لە زیندانی سنە دەستبەسەر و لە بارودۆخێکی نادیار بەسەردەبات.

بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، سەرەڕای تێپەڕبوونی ٣٧ ڕۆژ بەسەر دەسبەسەرکرانی شەریفە محەممەدی، چالاکی کرێکاریی خەڵکی ڕەشت، بەڵام هێشتا لە زیندانی سنە دەستبەسەر و لە بارودۆخێکی نادیاردایە. بە وتەی سیروس فەتحی، هاوسەری شەریفە محەمەدی، ئەم هاووڵاتییە دەستبەسەرکراوە، ڕۆژی سێشەممە ١٩ی بەفرانبار دوای ماوەیەکی زۆر چاوەڕوانی پەیوەندییەکی کورتی تەلەفۆنی لەگەڵ کوڕەکەیدا هەبووە.
شەریفە محەممەدی لە ١٤ی سەرماوەزی ١٤٠٢ لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتەوە لە ماڵەکەی خۆیدا دەستبەسەر کرا. خاتوو محەممەدی لە ٩ی بەفرانباری ١٤٠٢، لە زیندانی لاکان لە ڕەشت بۆ زیندانی سنە گواسترایەوە.
تا ساتی نووسینی ئەم ڕاپۆرتە هیچ زانیارییەک لەبارەی هۆکاری دەستبەسەرکردن و تۆمەتەکانی ئەم چالاکە کرێکارییە لەبەردەستدا نییە.