نیوەشەوی یەکشەممە هێزەکانی ڕژیم لە ناوچەی سنووریی نەوسود تەقەیان لە کۆڵبەران کردووە و لە ئاکامدا ٩ کۆڵبەر بە سەختی بریندار بوون.
بە پێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، نیوەشەوی یەکشەممە ڕێکەوتی ١٥ی گەلاوێژی ١٤٠٢، هێزەکانی هەنگی مەرزی لە ناوچەی سنووریی نەوسود تەقەیان لە کۆمەڵێک کۆڵبەر کردووە و لە ئاکامدا ٩ کۆلبەری خەڵکی شارۆچکەکانی جوانڕۆ، سەلاس باباجانی و پاوە بە سەختی بریندار بوون.
تا کاتی ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە، ناسنامەی شەش کەس لەو کۆلبەرانە بە ناوی ئیحسان ڕەسووڵی خەڵکی پاوە، سەلام وەیسی، میلاد بازانی، نیما عەزامی و هۆشیار بازانی خەڵکی جوانڕۆ و فەرشاد (ناوی خێزانی نادیار) خەڵکی سەلاس باباجانی بۆ کۆلبەر نیوز پشتڕاست کراوەتەوە.
زۆربەی ئەو کۆڵبەرانە لە سەر و پشت و قۆڵ و لاقەوە بریندار بوون. به پێی ئەم ڕاپۆرته، کۆڵبەرە بریندارەکان بۆ چارەسەر بۆ نەخۆشخانەی قودس له شاری پاوه گواستراونەتەوه و بارودۆخی گشتی چەند لەو کۆڵبەرانە نالەبارە. ئیحسان ڕەسووڵی لەم ڕووداوەدا لە ناوچەی سنگی بریندار بووە و لە ژووری نەشتەرگەری نەخۆشخانەی قودس پاوە نەشتەرگەری بۆ کراوە.
بە پشتبەستن بەو ئامارانەی لە ٦ مانگی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٣دا لە کۆلبەر نیوز تۆمارکراون، بە گشتی ٦١ کۆلبەر لە ناوچە سنوورییەکان و ڕێگاکانی نێوان ڕێگاکانی پارێزگاکانی ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، کوردستان و کرماشان بە هۆی هۆکارەکانی وەک تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە نیزامییەکانی ڕژیم گیانیان لەدەستداوە ، بەفربارین و بەستەڵەکی. لە کۆی ئەم کۆیە ١١ کۆلبەر (١٨%) کوژراون و ٥٠ کۆلبەر (٨٢%) بریندار بوون، لە کۆی گشتی ٦١ کۆلبەر کە کوژراون و بریندار بوون، ٤٢ حاڵەت (٦٩%) بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەربازییەکان بووە.