یادێك له‌ ڕوداوی میژویی مانگرتنی گشتیی ١٦ی گه‌لاوێژی ١٣٨٤ به‌ره‌و پیری ساڵهاتی شۆرشی ژینا

ئه‌مرۆ  دوشه‌ممه‌ ١٦ی مانگی گه‌لاوێژ،ساڵهاتی رۆژێكی مێژوویی له‌ بزووتنه‌وه‌ی شۆڕشگیڕانه‌ی خه‌ڵكی كوردستانه‌. ڕۆژێك كه‌ خه‌ڵكی كوردستان له‌ ناڕه‌زایه‌تی به‌ جه‌نایه‌ته‌كانی كۆماری ئیسلامی یه‌كپارچه‌ و یه‌كگرتووانه‌ له‌سه‌ر بانگه‌وازی كۆمه‌ڵه‌ ده‌ستیان دایه‌ مانگرتنێكی گشتی، هێزنواندنێكی شكۆدار كه‌ به‌ هه‌موانی نیشان دا سه‌ره‌ڕای دامركانی خه‌باتی چه‌كداری، بزووتنه‌وه‌ی شۆڕشگێڕانه‌ی خه‌ڵكی كوردستان زیندوویه‌ و له‌پێناو مافه‌ ڕه‌واكانی خۆیدا له‌ خۆراگری و خه‌بات به‌رده‌وامه‌. به‌ڵام ئه‌م ڕۆژه‌ مێژووییه‌ له‌سه‌ر چ به‌ستێنێك شكڵی گرت و چۆن ئاماده‌كاریی بۆكرا؟

سه‌رله‌ئێواره‌ی رۆژی ١٨ی پووشپه‌ڕی ساڵی ١٣٨٤ی هه‌تاوی هێزه‌كانی كۆماری ئیسلامی هه‌وڵیاندا یه‌كێك له‌ خه‌باتكارانی شاری مه‌هاباد به‌ ناوی “كه‌مال ئيسفرام” ناسراو به‌ “شوانه‌ سه‌ید قادری” ده‌ستبه‌سه‌ر بكه‌ن و كاتێك هه‌وڵه‌كانیان بێ ئاكام مایه‌وه،‌ شوانه‌یان دا‌یه‌ به‌ر ده‌سترێژی گوولله‌‌ و برینداریان كرد. جه‌لادانی رژیمی ئیسلامی ئه‌و لاوه‌‌ برینداره‌یان ئه‌شكه‌نجه‌‌ كرد، كوشتیان و ته‌رمی شێواوی ئه‌ویان به‌وپه‌ری بێڕێزیه‌وه‌ به‌ شاردا گه‌ڕاند و دواتر ڕاده‌ستی بنه‌ماڵه‌كه‌یان كرده‌وه‌‌. مه‌به‌ستی رژیم له‌م كرده‌وه‌یه‌ چاوترسێن كردنی خه‌ڵك بوو، به‌ڵام ئاكامه‌كه‌ی به‌ پێچه‌وانه‌ی ویستی رژیم هه‌ڵگه‌رایه‌وه‌. دانیشتوانی شاری مه‌هاباد كاتێك ئاگاداری ئه‌م جه‌نایه‌ته‌ی هێزه‌كانی رژیم بوون، به‌كۆمه‌ڵ چوونه‌ به‌رده‌م ماڵی ئه‌م لاوه‌ خه‌باتكاره‌ و هاوخه‌مییان له‌گه‌ڵ بنه‌ماڵه‌كه‌ی راگه‌یاند و نه‌فره‌ت و بێزاری خۆیان له‌ رژیمی ئیسلامی ده‌ربڕی. رۆژه‌كانی ١٩ و ٢٠ی مانگی پووشپه‌ڕ خه‌ڵكی تێكوشه‌ری شاری مه‌هاباد و به‌ تایبه‌ت لاوان له‌ شه‌قامه‌كانی ئه‌و شاره‌ ده‌ستیان دایه‌ خۆپیشاندان و به‌ دانی درووشم له‌ دژی هێزه‌ سه‌ركوتگه‌ره‌كان، نیشانیان دا كه‌ هیچ جه‌نایه‌تێكی رژیم بێ وڵام نامێنیته‌وه‌. رۆژی ٢١ی مانگی پووشپه‌ڕ خۆپیشاندانه‌كان له‌ ئاستێكی به‌رینتردا به‌رێوه‌چوو و هێرشی هێزه‌كانی رژیم له‌گه‌ڵ خۆڕاگری خه‌باتكارانی ئه‌و شاره‌ به‌ره‌وڕوو بوو. هێزه‌‌كانی رژیم ته‌یار به‌ هه‌موو ئامراز‌ێكی سه‌ركوت له‌ زه‌وی و ئاسمانه‌وه‌ هیرشیان کرده سه‌ر خه‌ڵکی تێكۆشه‌ری شاری مهاباد. له‌ ئاكامی ئه‌م تێکهه‌ڵچوونه‌ له‌ نێوان هێزه‌كانی رژیم و خه‌ڵكی خه‌باتكار و لاوانی مه‌هاباد ٥٠ كه‌س له‌ خۆپیشانده‌ران ده‌ستگیر كران. رۆژی ٢٢ی پوشپه‌ڕ خه‌ڵكی شاری مه‌هاباد بۆ نیشان دانی‌ ناڕه‌زایه‌تیی زیاتر به‌رانبه‌ر به‌ كرده‌وه‌ی سه‌ركو‌تگه‌رانه‌ی هێزه‌كانی رژیم و میلیتاریزه كردنی شار، هاوكات له‌گه‌ڵ درێژه‌ی خۆپیشاندان، دوكان و بازاڕ و ناوه‌نده‌كانی كاریان داخست. دوابه‌دوای خۆپیشاندان‌ و به‌ره‌وڕوو بوونه‌وه‌ی بوێرانه‌ و ناڕه‌زایه‌تی جه‌ماوه‌ری له‌ مه‌هاباد، خۆپیشاندان و ناڕه‌زایه‌تیی له‌دژی كۆماری ئیسلامی، باقی شاره‌كانی كوردستانیشی گرته‌وه‌. خه‌ڵكی خه‌باتكار و لاوانی شوڕشگێڕ له‌ شاره‌كانی شنۆ، پیرانشار، بانه‌، سه‌قز، سه‌رده‌شت، مه‌ریوان، سنه‌، دیوانده‌ره‌ و بۆكان و شار و شارۆچكه‌كانی دیكه‌، بۆ پشتیوانی له‌ خه‌ڵكی مه‌هاباد به‌م خۆپیشاندان و ناڕه‌زایه‌تیانه‌وه‌ په‌یوه‌ست بوون و وێڕای مه‌حكووم كردنی كرده‌وه‌ی‌ سه‌ركوتگه‌رانه‌ی رژیم چه‌ند داخوازییه‌كیان هێنایه‌ گۆرێ كه‌ بریتی بوون له‌: ناساندن و سزادانی بڕیارده‌ران و به‌رێوه‌به‌رانی ئه‌م جینایه‌تانه‌، ئازاد كردنی ده‌ستبه‌جێی ده‌ستبه‌سه‌ركراوان و راگرتنی جه‌نایه‌ت و كوشتار له‌ كوردستان.

كاربه‌ده‌ستانی كۆماری ئیسلامی له‌ جیاتی وڵام دانه‌وه‌ به‌ داخوازییه‌ ره‌واكانی خه‌ڵكی كوردستان هێز‌ێكی زۆریان رژانده‌ كوردستان و به‌ریان دانه‌ گیانی خه‌ڵك. ئه‌م خه‌باته‌ ئه‌گه‌رچی داخوازیی ڕوونی هه‌بوو، به‌ڵام به‌ شێوه‌ی پڕش و بڵاو له‌ شاره‌ جۆراوجۆره‌كانی كوردستان به‌رێۆه‌ ده‌چوو و به‌ره‌وڕووبونه‌وه‌ی خۆپیشانده‌ران و هێزه‌كانی رژیم له‌سه‌رشه‌قامه‌كان خه‌ساری زۆرتری به‌ خه‌ڵك ده‌گه‌یاند. له‌ شاری سه‌قز چه‌كدارانی رژیم ڕیزی خۆپێشاندانی خه‌ڵكیان دایه‌ به‌ر ده‌سترێژ و ژماره‌یه‌ك گیانیان به‌ختكرد و ژماره‌یه‌كیش بریندار بوون. كاتی ئه‌وه‌ هاتبوو كه‌‌ هێز و توانای خه‌ڵكی خه‌باتكار له‌ حه‌ره‌كه‌تێكی رێكخراو و هاوئاهه‌نگ دا به‌ دوژمن نیشان بدرێت. كۆمه‌ڵه،‌ رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمۆنیستی ئێران بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ رۆژی ١٦ی گه‌ڵاوێژی ساڵی ١٣٨٤ی وه‌ك رۆژی مانگرتنی گشتی له‌ كوردستان راگه‌یاند.

دوای بڵاوبوونه‌وه‌ی بانگه‌وازی كۆمه‌ڵه‌، كرێكارانی پێشڕه‌و و لاوان و پێشڕه‌وانی بزووتنه‌وه ‌كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان له ‌شاره‌كان له‌پێناو ئاماده‌كاری بۆ به ‌سه‌ركه‌وتن گه‌یاندنی مانگرتنی گشتی، كه‌وتنه‌ خۆ. دام و ده‌زگاكانی رژیم بۆ پێشگرتن له‌ به‌رێوه‌چوونی مانگرتن هه‌وڵه‌كانی خۆیان ده‌ست پێكرد. نه‌یارانی ئه‌م حه‌ره‌كه‌ته‌ش له‌ناو ڕێكخراوه ‌سیاسییه‌كانی كوردستاندا چی بویانكرا بۆ ڕێگری له‌ ‌سه‌ركه‌وتنی ئه‌و بانگه‌وازه‌ درێغیان نه‌كرد. سه‌ره‌ڕای هه‌موو ئه‌و هه‌وڵانه‌ رۆژی ١٦ی گه‌لاوێژ، خه‌ڵكی خه‌باتكاری كوردستان به ‌داخستنی دوكان، كارگا و ته‌عتیل کردنی ئیداره‌ و شوێنه‌كانی خۆیندن و باقی ناوه‌نده‌كانی كار، مانگرتنێكی گشتییان له‌ كوردستان به‌ڕێوه‌برد. خه‌ڵكی ناڕازی له‌ شاره‌كانی مه‌هاباد، سه‌قز، بۆكان، سنه‌، شنۆ، پیرانشار، بانه‌، سه‌رده‌شت، ره‌به‌ت، مه‌ریوان، كامیاران و دیوانده‌ره‌ و شوێنه‌كانی دیكه‌ی كوردستان‌ به‌ شێوه‌یه‌كی به‌ربڵاو به‌ پێشوازی ئه‌م بانگه‌وازه‌وه‌ هاتن. له‌ شاره‌كانی نه‌غه‌ده‌ و ورمێش به‌شێكی به‌رچاو له‌ خه‌ڵك له‌م مانگرتنه‌دا به‌شداریان كرد.

ئه‌م مانگرتنه‌ شكۆدار و سه‌ركه‌وتوانه‌یه‌ وه‌ك رۆژێكی مێژوویی له‌ ژیانی سیاسیی خه‌ڵكی خه‌باتكاری كوردستاندا تۆمار كرا. ئه‌م مانگرتنه‌ جارێكی دیكه‌ نیشانی دا كه‌ سه‌ره‌ڕای گشت جه‌نایه‌ته‌كان و پیلانه‌كانی كۆماری ئیسلامی له‌ كوردستان، ئیراده‌ی خه‌ڵك دژبه‌ ڕژیم قایمتر و ریزه‌كانیان یه‌كگرتووتر و پته‌وتر بووه‌. سه‌ركه‌وتنی ئه‌م مانگرتنه‌ له‌ هه‌مان كاتدا كه‌ ریشه‌ی له‌ چه‌ند ده‌یه‌ خه‌باتی پڕ له‌ فیداكاری خه‌ڵك دا بوو، به‌ جه‌ساره‌ت و خه‌باتی شێلگیرانه‌ و یه‌ك مانگه‌ی خه‌باتكارانی مه‌هاباد و باقی شاره‌كانی كوردستان مسۆگه‌ر بوو. رژیم كه‌ هێزی خه‌باتی یه‌كگرتوانه‌ی خه‌ڵكی بینی، رۆژێك دوای مانگرتن، له‌ هه‌وڵێكی ڕیاكارانه‌دا هه‌یئه‌تێكی له‌ نوێنه‌رانی مه‌جلیسی ئیسلامی ڕه‌وانه‌ی شاره‌كانی كوردستان كرد تا به‌ ناو دڵنه‌وایی له‌ خه‌ڵك بكه‌ن‌.

ئه‌ندامانی ئه‌م هه‌یئه‌ته‌ به‌ لێدوانی بێ ناوه‌رۆكی به‌رپرسانی ڕه‌سمی وه‌ك ئیمام جومعه و فه‌رماندارانی شاره‌كان، هێندێك نومایشیان وه‌رێخست و به‌ كرده‌وه‌ داخوازییه‌كانی خه‌ڵكیان پشت گوێ خست. به‌ڵام ده‌رسه‌كانی مانگرتنی گشتی چووه‌ سه‌ر ئه‌زموونه‌كانی هێزی له‌ بن نه‌هاتووی كۆمه‌ڵانی خه‌ڵك و بزووتنه‌وه‌ی شوڕشگێرانه‌ی كوردستانی هه‌نگاوێكی گه‌وره‌ به‌ره‌و‌پێش برد.

به‌ كه‌ڵك وه‌رگرتن له‌م ئه‌زموونه ‌به‌نرخ و ده‌وڵه‌مه‌نده‌ بوو كه‌ جارێكی دیكه‌ خه‌ڵكی كوردستان بۆ ده‌ربڕینی بێزاری و نه‌فره‌تی خۆیان له‌ ئێعدامی “فه‌رزادی كه‌مانگه‌ر” و هاوڕێیانی، مانگرتنێكی شكۆداری دیكه‌یان له‌ رۆژی ٢٣ی گوڵانی ساڵی ١٣٨٩ به‌ڕێوه‌برد. ئه‌م سوننه‌ته‌ به‌نرخ و خه‌باتكارانه‌یه‌، ڕۆژی ٢١ی خه‌رمانانی ساڵی ١٣٩٧ له‌ مانگرتنێگی گشتیی لێبڕوانه، به‌هێز و یه‌كپارچه‌دا دیسان دووپات بۆوه‌. له‌م ڕۆژه‌دا خه‌ڵكی سه‌رتاسه‌ری ناوچه‌ كوردنشینه‌كانی ڕۆژئاوای ئێران له‌ ناڕه‌زایه‌تی به‌ ئێعدامی جه‌نایه‌تكارانه‌ی “ڕامین حسێن په‌ناهی، زانیار و لوقمان مۆرادی” و مووشه‌كبارانی مه‌قه‌ڕی ناوه‌ندیی حیزبی دیمۆكراتی كوردستان، كه‌ تێیدا ژماره‌یه‌ك له‌ كادری ڕێبه‌ری و ئه‌ندام و پێشمه‌رگه‌كانی ئه‌م حیزبه‌ گیانیان به‌ختكرد، له‌سه‌ر بانگه‌وازی كۆمه‌ڵه‌ و حیزبه‌ سیاسییه‌ چالاكه‌كان له‌ كوردستان مانگرتنێكی گشتیی شكۆداری دیكه‌یان به‌ڕێوه‌برد.

ئه‌زمونی مانگرتنی  سیاسی گشتی له‌ جه‌ریانی شۆرشی ژینا له‌ یه‌ك ساڵی رابردوودا دا چه‌ندین جار دووپات بۆه‌وه‌. ئه‌و شێوه‌ی له‌ ناره‌زایه‌تی ده‌ربرین و خه‌باتی جه‌ماوه‌ری بوو به‌ نه‌ریتێكی جێكه‌وتوو  له‌و شۆرشه‌دا. چاوه‌روان ده‌كرێت كه ئه‌م ئه‌زمونه‌ له‌ رۆژان و مانگه‌كانی داهاتوودا  و به‌ نزیك بوونه‌وه‌ له‌ ساڵهاتی ئه‌و رۆژه‌ی كه‌ چه‌خماخه‌ی شۆرشی ژینا له‌ كوردستانه‌وه‌ لێدرا،  له‌ پال شێوه‌كانی دیكه‌ی خه‌بات و خۆراگری ، ببێ به‌ یه‌كێك له‌ رێگاكانی هێزنواندن له‌ ئاستی به‌رینی جه‌ماوه‌ریدا.

کۆڵبەرنیوز

Next Post

برینداربوونی کۆڵبەرێک لە نەواری سنووری شاری بانە

چ آگوست 9 , 2023
کۆلبەرێکی خەڵکی گوندی “ئاڵوت” سەر بە شاری بانە بە تەقەی ڕاستەوخۆی پاسەوانی سنووری عێراق لە ناوچەی سنووری چۆمان لە بانە بریندار بوو. بە پێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە ١٦ی گەلاوێژی ساڵی ١٤٠٢، کۆلبەرێکی خەڵکی گوندی “ئاڵوت”ی سەر بە شاری بانە بە تەقەی ڕاستەوخۆی پاسەوانی سنووری عێراق لە سنووری چۆمان […]

You May Like