خەبات وخۆڕاگریی کرێکارانی تێکۆشەری کانگای زێڕی گوندی ئاقدەڕە و دانیشتوانەکەی، درێژەی هەیە

ڕۆژی سێشەممە ١٩ی بەفرانباری ساڵی ١٤٠٢، بۆ جاری دووەم دادگایەک بە پشتبەستن بە تۆمارکردنی دۆسیەیەکی ساختە لەلایەن سوپای پاسدارانەوە بۆ دانیشتوان و ئەو گەنجانەی ئاقدەڕە کە بەدوای کاردا دەگەڕێن و ئێستا دەستبەسەرن، بەڕێوەچوو.

رۆژی هەشتی مانگی گەلاوێژی ساڵی ١٤٠٢، کرێکارانی ناڕازی و دانیشتوانی ئەو گوندە لەلایەن هێزەکانی ژێر فەرماندەیی سپای پاسدارانەوە کە کۆنترۆڵی کانە زێڕەکانی کوردستانی لەبەردەستدایە، کەوتنەبەر هێڕش و پەلاماری چەکدارانە و جینایەتکارانە کە لە ئاکامدا سێ کەس لە لاوانی ئەو گوندە بریندار بوون. خەڵک بەرامبەر بەو ڕووداوە تا ئێوارە درەنگانێک ناڕەزایەتییان دەربڕی. نیوەشەوی ٩ی مانگی گەلاوێژ، لە کاتێکدا وا هەست دەکرا کە تێکهەڵچوونەکان کۆتایی هاتووە، هێزەکانی ڕژیم خەڵکیان لە ماڵەکانیاندا غافڵگیر کرد و هێرشیان کردە سەر ماڵەکان و بە دەستڕێژی گوللە، ١٠ کەسی دیکەیان بریندار کرد و پەنجا کەسیشیان دەستبەسەر کرد. هێزە سەرکوتگەرەکان وێڕای لێدان و ئەزیەت و ئازاری دانیشتوانی ئەو گوندە، خانوو و ئۆتۆمبێلی خەڵکیان خراپ کرد و زیانێکی دارایی زۆریان پێگەیاندن. بەرپرسان هاوکات هێڵی تەلەفۆن و ئینتەرنێتی گوندەکەیان بڕی. بەپێی هەڵکەوتەی جوگرافیایی، گوندی ئاقدەڕە و گوندە بەپیت و خاوەن کانە زێڕەکانی دەوروبەر بەشێکن لە جوگرافیای کوردستان، بەڵام بە هۆکارگەلێکی شونیستی لە نەخشەی ئازەربایجانی ڕۆژئاوادا جێگیرکراون. دانیشتووان و کرێکارانی کوردی کانەکان لە ساڵانی ڕابردوودا بەڕادەیەکی زۆر کەوتوونەتە بەر هەڵاواردن و سووکایەتییان پێکراوە، هەربۆیە لە چەند ساڵی ڕابردوودا چەندین کۆڕ و کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان ئەنجام داوە. خواستی دابینکردنی هەلی کار و ئیمکاناتی خۆشگوزەرانی بۆ دانیشتوانی ئاقدەڕە و گوندەکانی دەوروبەری، کە لە ئاکامی چالاکیی ئەو کانگایانە، بەشێکی زۆر لە ژینگە و ئەو زەویانەی کە سەرچاوەی بژێویان بووە لەدەستداوە، تەنیا داواکارییەکی ئابووری و خۆشگوزەرانییە بەمەبەستی درێژەدان بە ژیان و مانەوەیان. بەڕێوەبەرانی ئەو کانانە مەسەلەی پسپۆڕی و شارەزایی” وەک بیانوویەک بۆ دامەزراندن بەکاردەهێنن، لە حاڵێکدا تەنانەت لەو بەشانەشدا کە پێویستی بە کرێکاری پسپۆڕ و لێهاتوو نییە، کرێکارانی خۆجێییان دانەمەزراندووە. خاوەن کانەکان کە ژینگەیان وێران کردووە و کاروبار و تەندروستی دانیشتووانیان خستۆتە مەترسییەوە، ئامادەنین تەنانەت بەرپرسیارێتییەکی لە ئاستی پێدانی کار بە دانیشتوانی ناوچەکەش قبوڵ بکەن. بە پێچەوانەوە ئەو کرێکارانەی دانیشتووی گوندەکەشیان لە کارەکانیان دوورخستەوە کە لە سەرەتای دەستبەکاربوونی کانەکەوە، واتە لە ساڵی ١٣٧٥ەوە دامەزراو بوون.
ناڕەزایەتی دانیشتوان و کرێکارانی ئاقدەڕە لە ساڵی ١٣٨٢ەوە دەستی پێکردووە و تا ئێستاش بەردەوامە. هەروەک ئاماژەی پێکرا، بەشی زۆری ناڕەزایەتییەکان پەیوەندییان بەو هەڵاواردنانەوە بووە کە بەڕێوەبەران و خاوەنکارەکان لە پڕسی دامەزراندنی دانیشتووانی گوندەکە و کەسوکاری خۆیان یان کەسانێکی کە لەلایەن کەسانی خاوەن پلە و پۆست و دەسەڵاتەوە ڕاسپێردراون، کردوویانە. بەڵام جگە لەو هۆکارە، هاوکات ناڕەزایەتی بەرامبەر بە بارودۆخی کاریش بوونی هەبووە. بۆ نموونە ڕۆژی دووشەممە ١٩ی ڕەشەمەی ساڵی ١٣٩٩، ژمارەیەک لە کرێکارانی کانگای زێڕی ئاقدەڕە بەرامبەر بە نەبوونی ئیمکاناتی خۆپاراستن لە نەخۆشیی کۆرۆنا کۆبوونەوەیەکی ناڕەزایەتییان بەڕێوەبرد. ئەو کرێکارانە کە شەش ڕۆژ لە هەفتەدا کار دەکەن، لەو کاتەدا لە دەمامک و کەرەستەی پاککەرەوە بۆ خۆپاراستن لە ڤایرۆسی کۆرۆنا، بێبەش بوون. ئەوان دەڵێن، خاوەنکار لەبری کەمکردنەوەی سەعاتی کاری هاوکارەکانیان و دابەشکردنی دەمامک و کەرەستەی پاککەرەوە بەسەریاندا، ژەمە خواردنەکانیشی لابرد. لە نموونەیەکی دیکەدا، کرێکارانی وەرزیی کانگای زێڕی ئاقدەڕە، ڕۆژی یەکشەممە ١٨ی خەزەڵوەری هەمان ساڵ، بەرامبەر بە نەبوونی ئەمنیەتی کار و دەنگۆی دەرکردنی بەشێک لە هاوکارەکانیان، ناڕەزایەتییان دەربڕی. بە وتەی ئەو کرێکارانە، نزیکەی ٥٤٠ کرێکار لە کانگای زێڕی ئاقدەڕە کار دەکەن کە گرێبەستی نزیکەی ٣٠٠ کرێکاریان بەشێوەی وەرزییە و لەگەڵ دەستپێکردنی وەرزی زستان ئیتر گرێبەستەکەیان نوێ ناکرێتەوە. خاوەنکار و بەڕێوەبەرەکان، سەرەڕای ئەو داهاتە زۆرەی کە بەدەستیان هێناوە، نەک هەر لە جێبەجێکردنی کەمترین داواکارییەکانیان خۆیان بواردووە، بەڵکوو بە کەڵک وەرگرتن لەو پەیوەندییانەی کە لەگەڵ سپای پاسداران هەیانە، بوونەتە هۆی بە گرتندان و سەرکوتکردنی توندی کرێکاران و دانیشتوانی ناڕازی گوندەکە لەلایەن مەئمووران و دەزگای قەزایی گوێڕایەڵ و گەندەڵەوە.
ناوچەی تیکاب کە هەرسێ گوندی ئاقدەڕەی سەروو، نێوەڕاست و خواروو، بەشێکن لەو ناوچەیە، زۆرترین کانزای زێڕ لە ئێراندا دابین دەکەن.

٤٠%ی زێڕی وڵات لە دوو کانگای ئاقدەڕە و زەڕشۆران بەرهەم دێت. کانگای زەڕشۆران سەرەتا بە ئانقەست تووشی ئیفلاس هات و بە نرخێکی زۆر کەم ڕادەستی کەسانێکی سەر بە سپای پاسداران کرا. جگە لەو دوو کانگایە، خەلیقی، بەڕێوەبەری گشتیی پیشەسازی و کانگا و بازرگانی کوردستان، باسی لە کانگای زێڕی ساریگوونیش کردووە و وتوویەتی کە ئەو کانگایە بە بەرهەمهێنانی ساڵانە پێنج تۆن زێڕی خالیس، گەورەترین بەرهەمهێنەری زێڕە لە ئێراندا. کرێکارانی خەباتکاری کانگای زێڕ و دانیشتووانی گوندی ئاقدەڕە، بەشێک بوون لە کرێکارانی ناڕازی و بەردەوام لە لایەن هەڵسووڕاوانی کرێکارییەوە پشتیوانیان لێ کراوە. بۆ نموونە ڕەزا شەهابی، یەکێک لە هەڵسووڕاوانی ناسراوی کرێکاریی، ڕۆژی ٦ی ڕەزبەر لە زیندانی ئێڤینەوە نامەیەکی لەژێر ناوی “منیش کرێکاری ئاقدەڕەم” نارد و نووسی: هەر جارێک بیر لە چیرۆکی کرێکارانی ئاقدەڕە و سەرگوزشتەی هەزاران کرێکاری دیکە دەکەمەوە کە لەماوەی ئەو ساڵانەدا سزای شەلاق و زیندانیکردنیان بەسەردا سەپێنراوە، هەست بە نەفرەت و بێزارییەکی دوو هێندە لە ئاست ئەو نادادپەروەرییە و دە هێندە لێبڕاوی و شێلگیربوون دەکەم لە پێناو بەدەستهێنانی کەرامەتی ئینسانی و ژیانێکی شایستە بۆ هاوچینەکانم و توێژی هەژار و بێبەشی ئەم کۆمەڵگایە. کاتێک بیستم کە بەشێک لەو کرێکارانە بە تۆمەتی ئەمنیەتی دووبارە دادگایی دەکرێنەوە، لە دڵی خۆمدا وتم ئەم بەناو دادگایە ئامرازێکە بۆ سەرکوتکردنی سەرجەم کرێکاران و پشتیوانیی لە سەرمایەدار و تاڵانچیەکانی سامانی گشتی وڵات کە لە بەرهەمی ڕەنج و کار و چەوساندنەوەی ئێمە و لەناوبردنی ژینگە، سامانێکی لە بێ ئەژماریان بەدەست هێناوە. من خۆم لەڕیزی کرێکارانی ئاقدەڕە و سەرجەم زەحمەتکێشانی سەرکوتکراو و ستەمدیتوودا دەبینم. پێویستە هەموو ئەو تۆمەتە بێبنەما و ناڕەوایانە لە دژی ئەو کرێکارانە هەڵبوەشێنرێنەوە. پێویستە ناڕەزایەتی و مانگرتن و پێکهێنانی ڕێکخراو، لە زومرەی مافە سەرەتاییەکانی هەموو ئێمەی کرێکاران بێت. دوور نییە ئەو ڕۆژەی کە سەرجەم کرێکاران و زەحمەتکێشان، بەشێوەیەکی یەکڕیز و یەکگرتووانە دادپەروەری بگەڕێننەوە بۆ ئەم سەرزەوییە و دواڕۆژێکی باشتر بۆ نەوەکانی داهاتوومان دەستەبەر بکەن.

کۆڵبەرنیوز

Next Post

سەڵماس؛ دەستگیر کرانی ٧٠ هاووڵاتی سەر بە گوندی قەرەقشڵاق

ش ژانویه 13 , 2024
هێزە سەربازیەکانی ڕژێم ٧٠ کەسیان لە گوندی قەرەقشڵاق، سەر بە شاری سەڵماس دەستبەسەرکرد. بە پێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، دوابەدوای ناڕەزایی دانیشتوانی گوندی قەرەقشڵاق لە سەر لێکەوتەی ژینگەیی دروستکردنی کارگەی خوێ کە چوارشەممە ٢٠ بەفرانباری ١٤٠٢ ئەنجام درا، بریکارە سەربازیەکانی ڕژێم هێرشیان کردە سەر ماڵی ئەوانەی لە گردبوونەوەی ناڕەزایی ئامادەبوون و ٧٠ […]

You May Like