ئارمان مورادی هاوڵاتی خەڵکی شاری دیواندەرە پاش بانگهێشتکران و ڕۆشتنیی بۆ دادگا، بە مەبەستی جێبەجێکردنی حوکمی دەستبەسەربوونی بۆ زیندانی ناوەندی سنە گوازرایەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز ڕۆژی دووشەمە ٣١ی گوڵانی ١٤٠٣، ئارمان مورادی هاوڵاتی ٣١ ساڵەی خەڵکی گوندی «دەرەگاوان»ی سەر بە دیواندەرە و خوێندکاری زانکۆی ڕازی کرماشان، پاش ڕۆشتنی بۆ دادگای شۆڕشی ئیسلامی شاری سنە، بۆ بەسەربردنی حوکمی ٥ مانگ زیندانی داسەپاو بەسەریدا، دەستبەسەر و بۆ زیندانی ناوەندی سنە گوازرایەوە.
ئارمان مورادی لەم دواییەدا لەلایەن لقی یەکی دادگای شۆڕشی سنە بە تۆمەتی «ئەندامێتی لە پارتە کوردییەکان» بە ٥ مانگ زیندانی تەعزیری مەحکووم کرا.
ئارمان مورادی لە ٢٢ی خەرمانانی ١٤٠٢ لە ساڵیادی کوژرانی ژینا ئەمینی، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی شاری دیواندەرە لە ماڵەکەی خۆیدا لە گوندی «دەرەگاوان» دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گوازرایەوە.
لە کۆتاییدا پاش ٢٨ ڕۆژ دەستبەسەری بە دانانی بارمتەی کاتی ملیارێک و ٢٠٠ ملیۆن تمەن تا کۆتاییهاتنی پرۆسەی لێکۆڵینەوە لە زیندان ئازاد کرابوو.