سەدیق ڕێیحانی، کرێکاری وەرزی خەڵکی گوندی ئەوێهەنگ و دانیشتووی شاری سنە، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئەم شارەوە دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گوازرایەوە.
بە پێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، ڕۆژی سێشەممە ١٣ی پووشپەڕی ساڵی ١٤٠٢، سەدیق ڕێیحانی کرێکاری وەرزی خەڵکی گوندی ئەوێهەنگی شاری سنە لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی ئەو شارە دەستبەسەر و بۆ زیندان گوازرایەوە. بە پێی ئەم ڕاپۆرتە، ڕۆژی شەممە ١٧ی پووشپەڕی ساڵی ١٤٠٢ بنەماڵەی ناوبراو لە ڕێگای ناوەندە دادوەرییەکانەوە مۆڵەتی چاوپێکەوتنیان لەگەڵ سدیق ڕێیحانی بە شێوەی تاکەکەسی وەرگرتووە و دوای ئەوەی چوون بۆ زیندانی ناوەندیی سنە، بەرپرسانی زیندان ئاگاداریان کردوونەتەوە کە ناوبراو ڕۆژی ١٥ی پووشپەڕی ساڵی ١٤٠٢ لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی مەڵبەندی هەواڵگری سنە بۆ دەستبەسەرگەی ئەم دامەزراوە ئەمنیەتییە گوازرایەوە.
هێزە ئەمنییەکان بەبێ فەرمانی دادوەر ئەم هاوڵاتییەیان دەستگیر کردووە و تا ئەم ساتە هیچ زانیارییەک لەبارەی هۆکاری دەستگیرکردن و شوێنی دەستبەسەرکردن و تۆمەتەکانی ئەم هاوڵاتییە لەبەردەستدا نییە.