بەرەبەیانی ڕۆژی یەکشەممە ٢٤ی بەفرانباری ١٤٠٢ دوای بەردبارانکردنی هێزەکانی پاسەوانی سنووری ڕژیم، چەند کۆلبەرێک بەتایبەت منداڵی کۆڵبەر، بریندار بوون.
بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، پاسەوانانی سنووری ڕێژیم لە پردی دوو-ئاو لە ڕێگای نەوسوود بە بەرد هێرشیان کردە سەر ماشێنەکانی کۆڵبەران و لە ئەنجامدا چەندین کۆڵبەر “سەر”یان برینداربووە. کۆڵبەرە بریندارەکان دوای چارەسەر لە نەخۆشخانەی نەوسوود ڕەوانەی نەخۆشخانەی جوانڕۆ کران.
تا ساتی نووسینی ئەم هەواڵە ناسنامەی ئەم دوو منداڵە کۆڵبەرە بۆ کۆڵبەرنیوز پشتڕاست کراوەتەوە، کە بریتین لە: نەوید ئەعەزەمی تەمەن ١٦ ساڵ و ئارەش کەریمی تەمەن ١٨ ساڵ، هەردووکیان خەڵکی شاری جوانڕۆن. ئەم کۆڵبەرانە لە نەخۆشخانەی نەوسوود چارەسەریان بۆ کراوە.
جێگای ئاماژەیە کە بە وتەی شایەتحاڵان، کە پاسەوانانی سنووریی ڕژیم بە بەرد هێرشیان کردووەتە سەر ئۆتۆمبێلەکانی کۆڵبەران بە تابلۆی شاری جوانڕۆ و سەلاس باوەجانی.
بە پشتبەستن بەو ئامارانەی لە ساڵی ٢٠٢٣ی زایینیدا لە کۆڵبەرنیوز تۆمارکراون، بە گشتی ٢٩٩ کۆڵبەر لە ناوچە سنوورییەکان و ڕێگاکانی نێوان جادەکانی پارێزگاکانی ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، کوردستان و کرماشان بەهۆی هۆکارەکانی وەک تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە نیزامییەکانی ڕژێم، هەرەسی ڕەنوو، بەستەڵەک، کەوتنە سەر مین، کەوتنە خوارەوە لە شاخ و بەرزاییەکان و حاڵەتەکانی ترەوە کوژراون و بریندار بوون. لەم ژمارەیە بەگشتیی ٣٢ کۆڵبەر (١١%) کوژراون و ٢٦٧ کۆڵبەر (٨٩%) بریندار بوون. لە کۆی گشتی ٢٩٩ کۆڵبەری کە کوژراون و بریندار بوون، ٢٦١ حاڵەت (٨٧%) بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەربازییەکان بووە. لە کۆی گشتی ٢٩٩ کۆڵبەری کە کوژراون و بریندار بوون، ٣٠ کەسیان منداڵی خوار ١٨ ساڵن .