ئیدریس مەنبەری، چالاکی مەدەنی خەڵکی شاری سنە و ئەندامانی دەستەی بەڕێوەبەری کۆمەڵەی ڕۆشنبیری کۆمەڵایەتی “نۆژین” لەلایەن لقی یەکی دادگای شۆڕشی سنەوە بە دە ساڵ زیندانی تەعزیری مەحکووم کرا.
بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، ئیدریس مەنبەری، چالاکی مەدەنی خەڵکی شاری سنە و ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری کۆمەڵەی فەرهەنگی کۆمەڵایەتی “نۆژین”، لەلایەن لقی یەکی دادگای سنە بە تۆمەتی “پێکهێنانی گروپ” بە ١٠ ساڵ زیندانی تەعزیری مەحکووم کرا.
حوکمی زیندانیکردنی ئەم ئەندامەی “نۆژین” ڕۆژی پێنجشەممە ٤ی ڕەزبەر، لە ڕێگەی پارێزەرەکانی، جوامێر عەبدوڵڵاهی و هێمن مەجیدی پێی ڕاگەیەندرا.
جێگای ئاماژەیە کە پێشتریش ئەم چالاکە مەدەنییەی خەڵکی سنە بە تۆمەتی “تێکدانی نەزمی گشتی” لە زیندانی دیزڵئاوای شاری کرماشان بە یەک ساڵ زیندانی تەعزیری و ٤٠ قامچی لەلایەن لقی ١٠٦ی دادگای تاوانەکانی سنە مەحکووم کرابوو. دانیشتنی دادگا سەبارەت بە تۆمەتەکانی ئەم چالاکە مەدەنییە لە غیابی دا لە ١٨ی ڕەزبەری ١٤٠٢ لە لقی ١٠٦ی دادگای تاوانەکانی سنە بە سەرۆکایەتی دادوەر بەهمەن ئومێدزادە بەڕێوەچووبوو.
ئیدریس مەنبەری لە ٧ی سەرماوەزی ١٤٠١ لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی شاری سنەوە دەستبەسەر و پاش تەواوبوونی لێپرسینەوە، بۆ زیندانی ناوەندیی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە گوازرایەوە. ناوبراو دواجار لە ٩ی ڕێبەندانی ساڵی ڕابردوو بە دانانی بارمتەی یەک ملیارد تمەن لە زیندانی سنە ئازاد کرا.