ئەمڕۆ ٢٨ی پووشپەڕی ساڵی ١٤٠٢، دادگای ئینقلابی ئیسلامی سنە، حوکمی دوو ساڵ و نیو زیندانی هەڵپەسێردراوی بە ئیقباڵ شەبانی، چالاکی کرێکاری و پشکنەری سەندیکای نانەواکانی سنە سەپاند.
بە پێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، ئەمڕۆ ٢٨ی پووشپەڕی ساڵی ١٤٠٢، دادگای ئینقلابی ئیسلامی سنە بە سەرۆکایەتی دادوەر سەعیدی، ئیقباڵ شەعبانی، چالاکی کرێکاری و پشکنەری سەندیکای نانەواکانی سنە، دوو ساڵ و نیو زیندانی بەتۆمەتی “ئەندامێتی لە یەکێک لە پارتە ئۆپۆزسیۆنەکانی کوردستانی کۆماری ئیسلامی” بۆ ماوەی ٣٠ مانگ هەڵپەسێردراو مەحکوم کرد.
دانیشتنی دادگای تۆمەتەکانی کاک ئێقباڵ شەعبانی لە ٢٥ی پووشپەڕی ساڵی ١٤٠٢ بەڕێوەچوو.
جێگای ئاماژەیە ئەم چالاکە کرێکارییەی خەڵکی شاری سنە، ڕۆژی شەممە ٣٠ی گوڵانی ١٤٠٢ لە کاتی گەڕانەوە بۆ ماڵی باوکی لە لایەن کارمەندانی ئەمنیەتییەوە دەستبەسەر و بۆ ژوورە تاکەکەسییەکانی بارەگای هەواڵەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە گوازرایەوە.
دواجار کاک ئێقباڵ شەعبانی ڕۆژی چوارشەممە ١٠ی جۆزەردانی ساڵی ١٤٠٢ بە کەفالەتی پێنج سەد ملیۆن تمەن بە شێوەی کاتی و تا کۆتایی پرۆسەی دادگا ئازاد کرا.
ئیقبال شەعبانی پێشتر بە هۆی چالاکییە کرێکارییەکانەوە دەستبەسەر و سزای بەسەردا سەپێنراوە. ساڵی ١٣٩٧ پاش حوکمی سێ ساڵ زیندانی هەڵپەسێردراو لەلایەن لقی یەکەمی دادگای ئینقلابی سنەوە بە دانانی بارمتەی سەد میلیۆن تمەن ئازاد کرا.
ئەم چالاکە کرێکارییە ئێقباڵ شەبانی لەگەڵ “خەبات مەحمودی”، “شادمان عەبدی”، “کەمال کەریمی” شەش چالاکی کرێکاری شاری سنەن کە لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا بە زیاتر لە دە ساڵ زیندان مەحکووم کران.