سۆنامی گەندەڵی لە کۆماری ئیسلامیدا، هەموو سنوورەکانی بەزاندووە

ڕەهەندەکانی گەندەڵی لە کۆماری ئیسلامیدا ئەوەندە بەربڵاو و شێوازەکانی هێندە فرەچەشنن کە هاوشێوەکەی لە کەمتر شوێنێکی جیهان دەبینرێت. ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لە ڕووی گەندەڵی ناوخۆییەوە، لە زومرەی گەندەڵترین وڵاتانی جیهانە. گەندەڵی لە کۆماری ئیسلامیدا گەیشتووەتە ئاستێکی بێوێنە و بووەتە هۆی پەرەسەندنی نادادپەروەری و هەژاری و دیاردە نائاساییە کۆمەڵایەتییەکان. دزییە ملیارد دۆلارییەکانی باڵاترین کەسانی نزیک لە بازنەی بەرتەسکی دەسەڵات، کە هەرچەند جارێک لە ئاکامی ململانێی نێوان دارودەستەکانی ناو حکوومەتدا گۆشەیەکیان لێ ئاشکرا دەبێت، بووەتە فۆرمێکی باو و ناسراوی گەندەڵی دارایی لە کۆماری ئیسلامیدا. گەندەڵی کارگێڕی و دارایی لەم وڵاتەدا نەک هەر سێکتەرە دەوڵەتی، ئابووری و جێبەجێکارییەکانی گرتۆتەوە، بەڵکوو تەشەنەی کردووەتە ناو سەرجەم بوارە وەرزشی و تایبەتی و ناحکومییەکانیش. لەم ڕۆژانەدا ئاشکرابوونی یەک لە دوای یەکی چەند گۆشەیەک لە دزییە ملیارد دۆلارییەکانی دەسەڵاتداران و بەڕێوەبەرانی ئەم نیزامە گەندەڵ پەروەرە، بووەتە یەکێک لە پرسەکانی ڕۆژانەی کۆمەڵگا و توڕەیی و نەفرەتی قووڵی چین و توێژە هەژار و کەمداهات و ستەمدیتووەکانی پتر لە هەمیشە بەرامبەر بەم ڕژیمە گەندەڵ و دژە ئینسانییە، هەڵخڕاندووە.

لەم دواییانەدا و دوابەدوای ئاشکرابوونی چەندین دزی و گەندەڵی گەورە لەوانە گەندەڵی چەند ملیارد دۆلاری “چای دێبش”، ئاشکرابوونی گەندەڵی دارایی کازم سەدیقی، ئیمام جومعەی کاتیی تاران و کوڕەکانی لەڕێگەی دامەزراندنی شیرکەتێکی بنەماڵەییەوە، لە دۆخێکدا کە ڕاپۆرتەکان باس لە نەبوونی پارەی پێویست دەکەن بۆ هاوردەکردنی دەرمان، پەروەندەیەکی تری گەندەڵی ئابووری بەناوی گەندەڵی دارایی برنجی “تەبیعەت” ئاشکرا دەبێت. بەگوێرەی بەڵگەنامە بڵاوکراوەکان، لەم گەندەڵییە ئابوورییەدا، ٧٠٠ ملیۆن دۆلار پارەی دیاریکراو بۆ هاوردەکردنی برنج و ٧٠٠ ملیارد تمەن بۆ کەرەستە و پێداویستی دروستکردنی کارگە، بەشێوەی ڕانت و بە هەماهەنگی وەزارەتی جیهاد و کشتوکاڵ دراوە بە بە خاوەنی برەندی “تەبیعەت”. هەروەها لە کاتێکدا کە لێکۆڵینەوەکان لە دۆسیەی گەندەڵی لە یانەی “مسی ڕەفسەنجان” هێشتا بەردەوامە و تا ئێستاش لایەنە جۆراوجۆرەکانی بە تەواوی ڕوون نەبووەتەوە، پەیامنێری مێهر، هەواڵی گەندەڵییەکی تری لە یانەیەکی دیکەی تۆپی پێی خولی نایابدا بڵاوکردەوە. گەندەڵییەکی کە تێیدا ٦٠٠ سککەی زێڕ و زیاتر لە ٧ ملیۆن دۆلار پارەی کاش و دەیان ملیارد تمەن بەرتیل لە ماوەی کەمتر لە چوار ساڵدا تۆمارکراوە و “خوداداد ئەفشاریان”، سەرۆکی لیژنەی ناوبژیوانان و “سوهەیل مێهدی”، سەرۆکی بەرێوەبردنی کێبڕکێکانی خولەکە، تۆمەتباری سەرەکی ئەم پەروەندەیەن.

چاوخشاندنێک بە مێژووی چەند دەیەی ڕابردوودا ئەوەمان بۆ دەردەخات کە بابەتی ئەو دزییە کەم وێنە و سامانە زۆر و زەوەندانەی کە بە بەهای پەرەپێدان بە هەژاری و لەناوبردنی ژیانی ملیۆنان کەس لە چین و توێژە بێبەشەکان، گیرفانی تاقمێک لە بەرپرسە گەندەڵەکانی کۆماری ئیسلامیی پڕکردووە، بەشێوەیەکی حاشا هەڵنەگر تانوپۆی لەگەڵ نیزامی دەسەڵاتداری سەرمایەداری و پەیوەندییە کۆنەپەرستانەکانی سەرچوەگرتوو لێی، لە کۆمەڵگای ژێر دەسەڵاتی ئەم نیزامەدا، تێکەڵ بووە. لە ماوەی تەمەنی دەسەڵاتی سەرەڕۆ و ستەمکاری کۆماری ئیسلامیدا، دەوڵەتە دەسەڵاتدارەکان و دارودەستەکانیان بەبێ جیاوازی، بە کەڵک وەرگرتن لە ئیمتیازات و دەسەڵاتی دەوڵەتی، لە دۆخێکدا کە بە هۆی زاڵبوونی دیکتاتۆرییەکی بەتەواو مانا لە کۆمەڵگادا و هەروەها بوونی سیستەمێکی گەندەڵی دادوەری، ئیمکانی هیچ جۆرە بەدواداچوون و لێپرسینەوەیەک لە ئارادا نییە، دەستیانداوەتە جینایەت گەلێکی ئەوتۆ بەمەبەستی تاڵانکردنی سەروەت و سامانی وڵات و موڵکی گشتی و بەرتیل وەرگرتن و ڕانتخۆری و هتد، کە هاوشێوەیان بە دەگمەن لە جیهاندا دەبینرێن. لە مێژووی ٤٥ ساڵەی کۆماری ئیسلامیدا، دەیان هەزار گەندەڵی و دزی و تاڵان و بڕۆ ڕوویانداوە کە زۆربەی ئەو دزی و گەندەڵیانە یان لە لایەن بەرپرسانی حکوومەت، فەرماندەکانی سپای پاسداران و ئاخوندەکانەوە ئەنجام دراوە، یان بە پشتیوانی و چاوپۆشی ئەوان بەڕێوە چوون. لە تەواوی ئەو ماوەیەدا بەرپرسانی ناو بازنەی سەرەکی دەسەڵات و ئاخوندەکان و دەزگای گەندەڵی دادوەری، یان ڕاستەوخۆ دەستیان لەم گەندەڵیانەدا هەبووە، یان لە ئاست ئەو جینایەتانەدا بێدەنگ بوون؛ بەڵام سەبارەت بە دەرکەوتنی چەند تاڵ لە پرچی ژنان هاواریان لێ بەرز بووەتەوە و بەشێوەیەکی وەحشیانە بەربوونەتە گیانی ژنان و کچانی ئازادپۆش!

سەرچاوە و هۆکاری تەواوی ئەو گەندەڵی و دزی و بەرتیلخۆرییە بەربڵاوە لە کۆماری ئیسلامیدا، دەگەڕێتەوە بۆ بوونی ئەم سیستەمە کۆنەپەرستە و ئەوەی کە سیاسەتی ئەم حکوومەتە یان بە واتایەکی تر پێکهاتە سیاسییەکەی پێکدەهێنێت، کە بریتییە لە تێکەڵکردنی ئایین و دەوڵەت و کەڵک وەرگرتن لە یاسا و ئەخلاقی ڕزیو و دواکەوتوانەی ئایینی بەمەبەستی بەڕێوەبردنی پەیوەندی چینایەتیی چەوسێنەرانە و لە هەمان کاتدا پەیوەندییەکی کۆمەڵایەتیی ستەمکارانە. لەچوارچێوەی وەها نیزامێکی شووم و چەوسێنەردا و تا ئەو کاتەی ڕژیمی سەرەڕۆ و جینایەتکاری کۆماری ئیسلامی لە دەسەڵاتدا بێت، هیچ ڕێگایەک بۆ کەمکردنەوە و نەهێشتنی تاڵان و بڕۆ و دزی و گەندەڵییەکان بوونی نییە جگە لەوەی کە دبێ لە درێژەی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ژن، ژیان، ئازادیدا، پشت ئەستوور بین بە هێزی یەکگرتووی کرێکاران و زەحمەتکێشان و چین و توێژە بێبەشەکانی کۆمەڵگا، هێزێکی کە درەنگ یان زوو ڕژیمی گەندەڵ و تاوانکاری کۆماری ئیسلامی، بە زبڵدانی مێژوو دەسپێرێت.

کۆڵبەرنیوز

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *

Next Post

خوڕەماوا؛ گیان لەدەستدانی کرێکارێکی گەنج لە کاتی دانانی ئاسانسۆر

پ مه 23 , 2024
کرێکارێکی گەنج لەکاتی دانانی ئاسانسۆر لە تەلارێک لە خوڕەماوا گیانی لەدەستدا. بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، ڕۆژی ٢ جۆزەردانی ١٤٠٣، کرێکارێکی گەنجی ١٨ ساڵە بە ناوی پویا کیشوەری، خەڵکی گوندی سەرابیاس لە کاتی دانانی ئاسانسۆر لە تەلارێک لە خوڕەماوا لە بەرزایی کەوتە خوارەوە و گیانی لەدەستدا. دەگوترێ ئەم گەنجە بۆ دابینکردنی ژیان […]

You May Like