نووسەر؛ ڕۆمان میرەکی
بە شێوەیەک زانستی شوێنەوارناسی پشت بە زانستی دی ئێن ئەی جینەکان دەبەستێت، شوێنەوارناسان لە ئەشکەوتی شانەدەر ئێسکی مرۆڤێکی ڕاوچی کۆچەریان دۆزیوەتەوە، کە مێژووەکەی بۆ دوانزە هەزار و پێنج سەد ساڵ دەگەڕێتەوە.
گووتەی ” مێژوو لە سۆمەریەکانەوە دەست پێدەکات” تا ڕادەیەک پەیڤێکی ڕاستە، بەڵام مێژووی سۆمەریەکانیش لەو شوێنانەوە دەست پێدەکات کە ڕووبارەکانی دیجلە و فورات و لقەکانی لێ هەڵدەقوڵێت ئەم شوێنەش میزۆپۆتامیای سەرووە میزۆپۆتامیاش لەو دەشت و کوێستان و بەرزاییانە پێکدێت کە دەکەوێتە نێوان زنجیرە شاخەکانی زاگرۆس – تۆرۆس.
یەکەمین گروپەکانی مرۆڤ، کە شیمانە دەکرێت ملیۆنێک – ملیۆن و نیو ساڵ بەرلەئێستا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەرکەوتبن، کاتێک هاتوونەتە ڕۆژهەڵاتی ناوین، ئەم جوگرافیایەیان وەک گونجاوترین گۆڕەپانی ژیان بینیوە، ئەم شوێنەش پێبەپێ بووەتە جێگایەکی هەمیشەیی ژیان، لەم بارەیەوە، هیچ گۆڕەپان و شوێنێکی تر وەک ئەم جێگایە لەبار نەبووە، لەتەواوی قۆناغەکانی سەهۆڵبەندان و ماوەکانی نێوانیان، بە تاقیکردنەوە سەلمێنراوە کە ئەم جوگرافیایە لە جیهاندا گونجاوترین شوێنی ژیان بووە.
دەڤەری ئورفا یەکێکە لە گەورەترین ناوەندەکانی ئەم شۆڕشە، شوێنگەی نموونەیی بۆ کشتوکاڵ و ئاژەڵداری، لە ساڵانی ١٠ هەزار پێش زایین بەملاوە کردوویەتییە ئەو شوێنەی بەدرێژایی ئەم چەرخە مێژووییانە ڕۆڵ و پێگەی لانکەی هەبێت، دەشێت بگوترێت ئورفا و ناوچەکانی دەوروبەری ناوەندی چاخی بەردینی نوێ ”نیۆلۆتیکن” کە ١٠ هەزار ساڵ بەردەوام بووە، مێژووی سۆمەر و میسر بەردەوامیەکی سروشتیانەی مێژووی ئەم ناوچەیەن.
زانستی شوێنەوارناسی کە پشت بە زانستی دی ئێن ئەی جینەکان دەبەستێت، لە جینی بی ئەشکەوتی شانەدەر لە چیای برادۆست لە خۆرهەڵاتی هەولێر ئێسکی مرۆڤێکی ڕاوچی کۆچەر دۆزرایەوە کە نزیکەی دوانزە هەزار و پێنج سەد ساڵ لەمەوبەر لەو ئەشکەوتە ژیاوە، لە پشکنینی دی ئێن ئەی ئەم ئێسکەدا دەرکەوتووە کە بە ڕێژەی لە سەدا پەنجاو چوار کوردی ئەم سەردەمەی شارەکانی باشور پەیوەستن بەم مرۆڤە و باپیریانەوە.
هەروەها ئەو ئەگەرە بەهێز دەبێتەوە کە مرۆڤی ئەشکەوتەکانی زاگرۆس و کوردستان، دواتر دابەزیون و کشتوکاڵیان داهێناوە و ڕۆیشتوونەتە باشووری میزۆپۆتامیا و یەکەم لادێکانیان دروستکردووە، لەوەش گرنگتر ئەم مرۆڤە باپیری خەڵکانێکی تری دووری ناوچەکەیە و تا ناوەڕاستی ئەوروپا نەوەکانی بڵاوبوونەتەوە.
تەواوی بەڵگە مێژووییەکان پیشانی دەدەن ئەگەر نزیکەی ١٠ هەزار ساڵ پێش زایین بە بنەما بگرین، ئەوا ماوەی نێوان هەزار – دوو هەزار ساڵ لەم ناوچەیەوە بۆ هەرچوارلا پەلهاوێشتن و نیشتەجێبوون جێگای باسە، شەش هەزار ساڵ پێش زایین چاخی کشتوکاڵ بە باشترین شێوە پێگەیشت و بەدەزگا بوو، ئەمەش بە کولتووری ”تل – حلف” ناوبراوە، نزیکەی دوو هەزارساڵ دوای ئەم قۆناخە یەکەمین سەرەداوەکانی شارستانیەتی سۆمەر و میسر بەدەرکەوتن، لە ساڵانی ٣ – ٤ هەزاری پێش زایین سۆمەر، دواتریش میسر لەدایک بوون، سەرجەم کولتوور و بەهاکانی شارستانیەت لە کەوانەی ناوەوەی سیستمی زنجیرە شاخەکانی ”زاگرۆس – تۆرۆس”ی میزۆپۆتامیای سەروو بۆ ئەوێ دەگوازرێتەوە. ئورفا و دەوروبەری خاوەن پێکهاتەیەکی مێژوویی تێکەڵن، کولتوورە ئەتنیکی و ئایینیەکەی بەناویەکدا چووە، لە ناوەڕۆکی خۆیدا کولتوورێک زاڵە کە پشت بە ئابووری و بازرگانی دەبەستێت، لە کاتێکدا لە ناوچەیەکی بەرفراوانی دەشت و شاخەکاندا، لەنێو کشتیار و ڕەوەندەکاندا، بە شێوەیەکی ڕێژەییش بێت سیستمی تیرە – عەشیرەت زاڵە کە خەریکی بازرگانین، لە ناوەندی شاریش دانیشتوانێک جێگای باسە کە خاوەن پێکهاتەیەکی فرە ئەتنیکی، کولتووری و ئایینین و خەریکی بازرگانین، ئەم ڕەوشە کە وەکو خەسڵەتی شارە سۆمەریەکانە تا ڕۆژگاری ئەمڕۆشمان هاتووە، ناوچەیەکە بەچڕی دەسەڵاتدارانی سەردەمی کۆیلایەتی – نەمرود، بەگ، میر و نەجیبزادە دەسەڵاتدارەکانی سەردەمی دەرەبەگایەتی ناسیوە.