هاوسەر و باوک و برای شۆڕش نیکنام، یەکێک لە گیانبەختکردووانی شۆڕشی ژینا لە مەهاباد، لە پێوەندی لەگەڵ بەشداریکردن لە ڕێوڕەسمی ساڵڕۆژی شۆڕشی ژینا، لەلایەن ناوەندە ئەمنیەتییەکانەوە بانگهێشت کران و هەڕەشەیان لێکرا.
بەپێی ڕاپۆرتی کۆلبەرنیوز، ڕۆژی دووشەممە، ٦ی خەرمانانی ١٤٠٢، سەیران (هاوسەر)، ڕەسوڵ نیکنام (باوک) و شێرزاد نیکنام (برا)، ئەندامانی بنەماڵەی شۆڕش نیکنام کە لە شۆڕشی ژینادا گیانی بەخت کرد، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی شارەوە بانگهێشت کران و لێکۆڵینەوە و هەڕەشەیان لێکرا. لە پێوەندی لەگەڵ ساڵیادی ڕاپەڕینی شۆڕشگێڕانەی ژینا، هێزە ئەمنییەکان بەشدارییان لە هەر مەراسیمێکدا قەدەغە کردووە و هەڕەشەی ئەوەیان کردووە کە ئەگەر ئێوە بەشداری بکەن لە ساڵیادی ڕاپەڕینی شۆڕشگێڕانەی ژینا و گیانبەختکردنی ژینا ئەمینی، دەرەنجامەکانی ئاراستەی خۆتان دەکرێت.
شۆڕش نیکنام، تەمەن ٣٣ ساڵ، خەڵکی گوندی “قەڵا جۆگە” لە شاری مەهاباد، لە کاتی ڕاپەڕینی شۆڕشگێڕانەی ژینا لە گەڕەکی “باری شیلانان”ی شاری مەهاباد، رۆژی ٥ شەممە ٢٦ی خەزەڵوەری ١٤٠١ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە تەقەی لێکرا و گوللە بەر سنگ و سکی کەوت. دواجار ڕۆژی یەکشەممە ٦ی سەماوەزی ١٤٠١ پاش دە ڕۆژ دەست و پەنجە نەرمکردن لەگەڵ مەرگ، دواجار بە هۆی سەختی برینەکانی لە نەخۆشخانەی “سیدالشهدا”ی شاری ورمێ کۆچی دوایی کرد.
جێگای ئاماژەیە کە شۆڕش نیکنام خێزاندارە و منداڵێکی بچووکی هەیە.