“مەسعەب کاکایی” و “سەلاح ئەحمەدی”، دوو کۆڵبەری خەڵکی سەلاسی باوەجانی، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی هەنگی مەرزی لە سنووری نەوسود بریندار بوون.
بەپێی ڕاپۆرتی کۆلبەرنیوز، ڕۆژی شەممە ٦ی خەزەڵوەری ١٤٠٢، دوو کۆڵبەری خەڵکی شاری سەلاسی باوەجانی بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی هەنگی مەرزی لە سنووری نەوسوود بریندار بوون. بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، هێزەکانی هەنگی مەرزی بە چەکی ساچمەیی تەقەیان لە کۆمەڵێک کۆڵبەر کردووە و لە ئەنجامدا ژمارەیەکی زۆر لە کۆڵبەرەکان بریندار بوون.
ناسنامەی دوو لەو کۆڵبەرانەی کە تا ئێستا بۆ کۆڵبەرنیوز ئاشکرا بوون بریتیین لە “مەسعەب کاکایی” خەڵکی گوندی “هەورازە” سەر بە سەلاسی باوەجانی، کە پشت و کەمەری پێکراوە، هەروەها “سەلاح ئەحمەدی” خەڵکی گوندی “حەشمەر” سەربە سەلاسی باوەجانییە.
تا کاتی نووسینی ئەم ڕاپۆرتە هیچ زانیارییەک لەسەر ناسنامەی کۆڵبەرە بریندارەکانی دیکە لەبەردەستدا نییە.
بە پشتبەستن بەو ئامارانەی لە ٦ مانگی یەکەمی ساڵی ١۴٠٢دا لە کۆلبەر نیوز تۆمارکراون، بە گشتی ٨۵ کۆلبەر لە ناوچە سنوورییەکان و ڕێگاکانی نێوان ڕێگاکانی پارێزگاکانی ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، کوردستان و کرماشان بە هۆی هۆکارەکانی وەک تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە نیزامییەکانی ڕژیم گیانیان لەدەستداوە . لەم کۆی گشتییە، ١٣ کۆلبەر (١۵%) کوژراون و ۷۲ کۆلبەر (٨۵%) بریندار بوون.
لە کۆی گشتی ئەو ۸۵ کۆلبەرەی کە کوژراون و بریندار بوون، ۷۷ حاڵەت (۹۱%) بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەربازییەکان بووە.