نەوسوود؛ برینداربوونی کۆڵبەرێک بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی هەنگی مەرزی

لە بۆسە و تەقەی ڕاستوخۆی هێزەکانی هەنگی مەرزی ڕژیمدا، کۆڵبەرێک بریندار بوو

بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، نیوەی شەوی ڕۆژی دووشەممە ٩ی ڕێبەندانی ١٤٠٢، بەهۆی بۆسە و تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی هەنگی مەرزی ڕژیم کۆڵبەرێک بە ناوی “جەبار وەیسی پاریاب”، تەمەن ٣٠ ساڵ، خەڵکی گوندی “جوجار” سەر بە سەلاس باوەجانی، بە دەمانچەی ساچمەیی گوللە بەر دەموچاوی کەوتووە و بە سەختی برینداربوو.
سەرچاوەیەکی نزیک لە ناوبراو بە کۆڵبەرنیوزی ڕاگەیاند کە ئەم کۆڵبەرە بۆ نەخۆشخانەی پاوە گواسترایەوە، بەڵام بەهۆی خراپی بارودۆخییەوە، بڕیارە بۆ یەکێک لە ناوەندە پزیشکییەکانی شاری کرماشان بگواسترێتەوە.
جێگای ئاماژەیە کە ئەم کۆڵبەرە لە کاتێکدا بە گوللەی ساچمەیی کراوەتە ئامانج کە هیچ بارێکی هەڵنەگرتبوو.

بە پشتبەستن بەو ئامارانەی لە ساڵی ٢٠٢٣ی زایینیدا لە کۆڵبەرنیوز تۆمارکراون، بە گشتی ٢٩٩ کۆڵبەر لە ناوچە سنوورییەکان و ڕێگاکانی نێوان جادەکانی پارێزگاکانی ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، کوردستان و کرماشان بەهۆی هۆکارەکانی وەک تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە نیزامییەکانی ڕژێم، هەرەسی ڕەنوو، بەستەڵەک، کەوتنە سەر مین، کەوتنە خوارەوە لە شاخ و بەرزاییەکان و حاڵەتەکانی ترەوە کوژراون و بریندار بوون. لەم ژمارەیە بەگشتیی ٣٢ کۆڵبەر (١١%) کوژراون و ٢٦٧ کۆڵبەر (٨٩%) بریندار بوون. لە کۆی گشتی ٢٩٩ کۆڵبەری کە کوژراون و بریندار بوون، ٢٦١ حاڵەت (٨٧%) بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەربازییەکان بووە. لە کۆی گشتی ٢٩٩ کۆڵبەری کە کوژراون و بریندار بوون، ٣٠ کەسیان منداڵی خوار ١٨ ساڵن

کۆڵبەرنیوز

Next Post

ناڕوونی چارەنووسی دەستبەسەر کراوێکی خەڵکی جوانڕۆ

چ ژانویه 31 , 2024
چارەنووسی دەستبەسەرکراوێکی خەڵکی شاری جوانڕۆ لە دوای ٧ ڕۆژ لە دەستبەسەرکران، بەناڕوونی ماوەتەوە بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە کۆڵبەرنیوز، چارەنووسی لاوێکی  خەڵکی جوانڕۆ بە ناوی “خەلیل بەدری” ٣٠ساڵ تەمەن، لە دوای ٧ ڕۆژ دەستبەسەرکران بە ناڕوونی ماوەتەوە.“خەلیل بەدری” لە رێگای نێوان شاری جوانڕۆ بۆ كرماشان دەستبەسەر كراوە و ڕاگوێزی شوێنێکی نادیار […]

You May Like