هێزەکانی هەنگی مەرزی، کۆڵبەرێکیان لە سنوری هەورامان، لێدان و ئەشکەنجە کرد.
بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، ڕۆژی دووشەمە ٢٧ خاکەلێوەی ١٤٠٣، کۆڵبەرێکی خەڵکی مەریوان بە ناوی (ئەسعەد ڕاهپەیکار) لە بەرزایی یەکانی سنوری هەورامان لە کاتێکدا کە هیچ کۆڵێکی پێنەبووە، لەلایەن هێزەکانی هەنگی مەرزی لە پاسگای گەردەنەی ژاڵانە، لێدان و ئەشکەنجە کرا و برینداربوو.
شایانی باسە هێزەکان، سەرەڕای لێدان و ئەشکەنجەی ئەو کۆڵبەرە، زیانیان بە ئۆتۆمبێلی کۆڵبەرەکە گەیاند و شوشەی ئۆتۆمبێلەکەیان شکاند.
بە پشتبەستن بەو ئامارانەی لە ساڵی ١٤٠٢ی هەتاوی لە کۆڵبەرنیوز تۆمارکراون، بە گشتی ٤٤٤ کۆڵبەر لە ناوچە سنووریەکان و ڕێگاکانی نێوان پارێزگاکانی ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، کوردستان و کرماشان بەهۆی هۆکارەکانی وەک تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەربازییەکانی ڕژیم، ڕنو و سەرمابردوویی، چوونە سەرمین، کەوتنەخوارەوە لە شاخ و بەرزایی، کوژراون و برینداربوون. لەکۆی ئەم ژمارەیە بە گشتی ٤٤ کۆڵبەر کە دەبێتە (١٠%) کوژراون و ٤٠٠ کۆڵبەر کە دەبێتە (٩٠%) برینداربوون. لە کۆی گشتی ٤٤٤ کۆڵبەری کە لە ساڵی ١٤٠٢ کوژران و برینداربوون، بەگشتی ٣٧٣ حاڵەت کە دەبێتە (٨٤%) بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەربازییەکان بووە.
هەروەها لە کۆی گشتی ٤٤٤ کۆڵبەری کە لە ساڵی ١٤٠٢ لە سنووری کوردستان کوژران و بریندار بوون، ٣٧ کەسیان منداڵی خوار تەمەن ١٨ ساڵن.
لە ساڵی ١٤٠٢دا ئێمە شایەتی بەرزبوونەوەی ٩٠٪ی کوژران و برینداربوونی کۆڵبەران لە سنوورەکانی کوردستان بووین.