خەڵکی ئازادیخوازی کوردستان هەروەک لە بە ناو ڕیفڕاندۆمی ١٢ی خاکەلێوەی ١٣٥٨دا، لە بڕیارێکی گشتی و یەکدەنگ “نا”یان بە سەرتاپای دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی ئێران وت، لە تەواوی ئەم ساڵانەشدا لەسەر ئەم یەکدەنگییە و بە شێوەی کردەیی پێداگیریان کردووە و گەلێک جار مەشرووعییەتی ئەم ڕژیمە تاوانکارەیان بردووەتە ژێر پرسیارەوە.
هەنووکە و لە دوای شۆڕشی ژینا، یەکگرتووییەک کە لە هەناویدا خولقا و پەیکەری لەرزۆکی ئەم ڕژیمەی هێنایە لەرزین، جارێکی تریش کۆماری ئیسلامی ئێران دەیهەوێ تاکوو لە شانۆیەکی تردا بەشێک لەم مەشرووعییەتە لەدەستچووەی خۆی لەلای دەستوپێوەندەکانی خۆی بە دەست بێنێتەوە و گیانێکی نوێ بڕژێنێتەوە ناو تەمەنی نەگریس و پڕ لە تاوانکاری دەسەڵاتداری خۆی.
ئێستاکە، کاتی ئەوەیە خەڵکی کوردستان هاوشێوەی ساڵانی ڕابردوو بە ڕسواکردنی هەوڵی دام و دەزگاکانی پروپاگەندەی ڕژیم و دەستوپێوەند و چڵکاوخۆرانی، لە پێناو ناکام هێشتنەوەی ئەم هەوڵەیدا بە شێوەیەکی چالاکانە و لە هەنگاوێکی یەکگرتووانەدا خۆ لە چوون بۆ سندووقەکانی دەنگدان ببوێرن.
خەڵکی کوردستان، بۆ نا وتن بە زیاتر لە چل ساڵ هەژاری، بێکاری، هەڵاواردن و داگیرکاری، بۆ ئەو هەزاران کۆڵبەرەی لە ژیانێکی شایستەی مرۆڤ بێبەش کران و لە چیاکانی کوردستاندا درانە بەر فیشەک و کوژران و بریندار کران، یەکدەنگ هەڵبژاردنی ١١ی ڕەشەممەی ١٤٠٢ی کۆماری ئیسلامی ئێران بایکۆت دەکەن.
دەستەی بەڕێوەبەری کۆڵبەرنیوز
پێنجشەممە ١٠ی ڕەشەممەی ١٤٠٢