ئەرتەشی ئیسرائیل و کۆمەڵکوژی منداڵان لە غەززە

ڕۆژی هەینی ٨ی نۆڤەمبەر بەرامبەر بە ١٨ی خەزەڵوەر، نووسینگەی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەنجامی لێکۆڵینەوەی کارناسانی خۆی سەبارەت بە کۆمەڵکوژی منداڵان لە غەززە لەلایەن ئیسرائیلەوە، بڵاو کردەوە. لەم ڕاپۆرتە هەژێنەرە ٣٢ لاپەڕەییەدا، کوشتارەکانی ئیسرائیل بە وردبینییەکی زۆر و لێک جیاکردنەوەی قوربانییەکان بەپێی تەمەن و ڕەگەز خراوەتەڕوو. لە ڕاپۆرتەکەدا ئەوە پشتڕاستکراوەتەوە کە ٧٠٪ی ئەو قوربانیانەی تا ئێستا ناویان تۆمارکراوە، لە ژنان و منداڵان پێک دێن. زۆربەی قوربانیانی کەرتی غەززە منداڵانی تەمەن پێنج بۆ نۆ ساڵ بوون. ئێجیت سونگای، سەرۆکی فەرمانگەی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ناوچە داگیرکراوەکانی فەڵەستین ڕایگەیاندووە، بەهۆی ئەوەی کە ٨٠٪ی خەڵکی غەززە لەنێو بیناکانی نیشتەجێبووندا و بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە بۆردومان کراون و نزیکەی دە هەزار کەسیش تا ئێستا لەژێر داروپەردوودا ماون، ژمارەی قوربانییەکان گەلێک زیاترە لەو ئامارانەی ئێستا. قەناس بەدەستەکانی ئیسرائیل هەر جوڵەیەک کە هەوڵی نزیکبوونەوە لە باڵەخانە وێرانبووەکان بدەن دەکەنە ئامانج. هەربۆیە ئیمکانی دەرهێنانی تەرمەکان یان ڕزگارکردنی بریندارەکان نییە. لە نێو منداڵە قوربانییەکاندا، ژمارەی کچەکان لە کوڕەکان زیاترن. ڕاپۆرتەکەی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان دەریدەخات کە ئاماری ئەو گیانبەختکردووانەی کە لەلایەن وەزارەتی تەندروستی غەززەوە بەخاک سپێردراون، واتە ٤٣ هەزار کەس تا بەرواری بڵاوکردنەوەی ئەو ڕاپۆرتە، ئامارێکی دروستە.

ڕاپۆرتەکە پشتڕاستی دەکاتەوە کە زۆربەی قوربانییەکان لە ناوچە پڕ حەشیمەتەکانی نیشتەجێبوون ڕوویانداوە و ئەوەش سەلمێنەری ئەو ڕاستییەیە کە ئامانجی دەوڵەت و ئەرتەشی ئیسرائیل، بریتی بووە لە کوشتاری سیستماتیکی ژمارەیەکی هەرچی زیاتر لە خەڵکی سڤیل و ئێستاش هەر بەردەوامە. بەگوێرەی ئەو ڕاپۆرتە، ئەرتەشی ئیسرائیل بە ١٤ هەزار بۆمبی دوو تۆنی کە لەلایەن دەوڵەتی ئەمریکاوە پێیاندراوە، بوونەتە هۆی کوشتاری دەیان هەزار ژن و منداڵی ساوا و بەساڵاچووان و گەورەساڵان. گۆڤاری بەناوبانگی هەفتانەی پزیشکی “لانسێت” کە زیاتر لە دوو سەد ساڵە لە بریتانیا چاپ و بڵاو دەکرێتەوە، لە بابەتەێکدا کە ماوەیەک لەمەوبەر بڵاوی کردەوە، بە بەڵگەوە سەلماندوویەتی کە ژمارەی قوربانیانی جینۆسایدی ئیسرائیل لە غەززە، بە نزیکەی ١٨٦ هەزار کەس دەخەمڵێنرێت. هەر بە پێی ئەو ڕاپۆرتە، لەو شەڕەی ئێستادا، کۆمەڵکوژیی، تەنیا لە ڕێگەی بۆردومانی چڕ و تەقەی قەناس بەدەستەکان و تانک و هێزەکانی دیکەی ئەرتەشەوە بەڕێوە نەچووە، بەڵکوو دەوڵەتی ئیسرائیل بە سەپاندنی قات و قڕی و نەخۆشییەکانی سەرچاوەگرتوو لە وێرانبوونی ناوەندە دەرمانی و نەخۆشخانەکان و نەبوونی دەوا و دەرمانیش، کوشتارێکی بێبەزەییانەی بە تایبەتی لە نێو منداڵانی ساوا و کەسانی بەساڵاچوودا بەڕێوە بردووە. کوشتاری تازەلاوان و منداڵان و ژنان بەپێی پرەنسیپێکی فاشیستی و بەمەبەستی پاکتاوکردنی نەتەوەیی بەڕێوە چووە و هەرئێستاش بەردەوامە. ئەم پڕەنسیپە دژە مرۆڤانەیە، بە تایبەتی لە پاکتاوکردنی سوورپێستەکان لە لایەن پێشینیانی بۆرژوازی ئێستای ئەمریکاوە بەڕێوە برابوو، کە بووەتە سەرمەشق بۆ نازییەکانی ئاڵمان و دەسەڵاتداران و ئەرتەشی ئێستای ئیسرائیل. نووسینگەی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئاماژەی بەوەش کردووە کە گرووپی حەماس و میلیشیاکانی دیکەش، لە کاتی هێرشی حەوتی ئۆکتۆبەر بۆ سەر ئیسرائیل، پێشێلکارییەکی بەرچاوی مافی مرۆڤیان ئەنجامداوە. پێش بڵاوبوونەوەی ئەو ڕاپۆرتە، ئەرتەشی ئیسرائیل ناوچەی باکووری غەززەی وەک ناوچەی جەنگیی ناساندبوو و هۆشداریی دابوو کە هەر جوڵەیەک لەو جوگرافیایەدا، وەک ئامانجێکی سەربازیی هەڵسوکەوتی لەگەڵ دەکرێت.

هەروەها ڕێگە نادرێت هیچ هاوکارییەکی خۆراک و دەرمانیش بگاتە ئەو ناوچەیە. بەو پێیەش سەرجەم ئەو ڕزگاربووە فەلەستینیانەی کە گەڕاونەتەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان و هەروەها کارمەندانی فریاگوزاریش، وەک ئامانجی ڕێگەپێدراوی ئەرتەشی ئیسرائیل دادەنرێن. ئەم فەرمانە کە لەلایەن ژنڕاڵێکی بەرپرسی باکووری غەززەوە ڕاگەیەندراوە، پشتبەستووە بە سیاسەتێک کە مانگی ڕابردوو لەلایەن کابینەکەی نەتانیاهۆوە بەمەبەستی چۆڵکردنی باکووری غەززە لە دانیشتوان پەسەند کرا. ئەندامانی ئەو کابینەیە ئەو سیاسەتەیان دوابەدوای سەردانی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ ئیسرائیل، گرتەبەر. ڕاپۆرتەکەی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕێک هاوکات لەگەڵ ڕاگەیاندنی سەرکەوتنی ترامپ و خۆشحاڵیی نەتانیاهۆ و سەرجەم ڕاستە توندڕەوەکان لە ئیسرائیل، بڵاوکرایەوە. شەڕخوازان لە ئیسرائیل بە سەرۆکایەتی نەتانیاهۆ، هیوادارن کە کابینەکەی ترامپ بتوانێت ئیمکانی بەرفراوانکردنی شەڕ لەگەڵ کۆماری ئیسلامی بڕەخسێنێ و خۆیشی ڕاستەوخۆ بەشداری تێدا بکات.

سەرۆک وەزیری ئیسرائیل دوای سێ جار وتووێژی تەلەفۆنی لەگەڵ ترامپ، ڕۆژی یەکشەممە ٢٠ی خەزەڵوەر بەیاننامەیەکی بڵاو کردەوە و لە بەشێکی ئەو بەیاننامەیەدا نووسیبووی کە هەردوولا لەسەر هەڕەشەکانی کۆماری ئیسلامی و ئەو مەترسییانەی کە دروستی دەکەن، بەتەواوی هاوڕان. پێشڕەویی ڕاستە توندڕەوەکان لە ئورووپا و ئیسرائیل و لەم دواییانەشدا لە ئەمریکا و هەروەها هەڵوێست و کردارەکانیان لە غەززە و لوبنان، دەرخەری ئەو ڕاستییەیە کە بۆرژوازیی قەیران لێدراو و سەرلێشێواو، پتانسیەلێکی ئێجگار زۆری هەیە بۆ نائەمنکردنی جیهانی ئەمڕۆ. پێویستە هێزە ئاشتیخوازەکان، ئەو بزووتنەوە دژەشەڕەی ئێستا بەهێزتر بکەن و ڕێگە نەدەن کە بۆرژوازییە ڕاستە توندڕەوەکان و ئەرتەشەکانیان، دەرفەتی ئەوە بەدەست بهێنن کە ئەو جینایەتە کارەساتبارەی لە غەززە و لەدژی منداڵانی ئەو ناوچەیە ئەنجامیان داوە، لە شوێنگەلێکی تر، دووپاتی بکەنەوە.

کۆڵبەرنیوز

Next Post

پێویستیی سەپاندنی حەقدەستی زیاتری کرێکارانی شارەوانییەکان بەسەر ڕێژیمدا

س نوامبر 12 , 2024
بەپێی هەواڵی میدیاکان، لە سەرەتای ساڵی ١٤٠٠ تا ١٠ی خەزەڵوەری ١٤٠٣، کرێکارانی شارەوانییەکان شەست چالاکیی ناڕەزایەتییان بەڕێوە بردووە، کە بەشێک لە داواکارییەکانیان بریتیی بوون لە زیادکردنی حەقدەست و وەرگرتنی حەقدەستە وەدواکەوتووەکان، یان ئەو داواکارییانەی کە دەبنە هۆکاری باشتربوونی بژێوی ژیانیان. ئەڵبەت ئەم کرێکارانە لە نیوەی دووەمی دەیەی ١٣٩٠ و بەتایبەتی […]

You May Like