میلاد ئیبراهیم زادە، لاوی تەمەن ١٧ ساڵ و برازای عیسا ئیبراهیم زادە، زیندانیی سیاسی، لەلایەن هێزە ئەمنییەکان بە توندوتیژییەوە دەستبەسەر و بۆ گرتووخانەی وەزارەتی ئیتلاعات گواسترایەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، ڕۆژی یەکشەمە ٢١ی گوڵانی ١٤٠٤، میلاد ئیبراهیم زادە، لاوی تەمەن ١٧ ساڵ و برازای عیسا ئیبراهیم زادە، زیندانیی سیاسی، لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات لە گوندی دەشەمس لە شاری شنۆ دەستبەسەرکرا.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، هێزە ئەمنییەکان هێرشیان کردە سەر ماڵی باوکی ئەم لاوە و لە کاتێکدا کە ئەندامانی بنەماڵەکەی ئامادەبوون، ناوبراویان بە لێدان و ئەشکەنجە دەستبەسەر و بۆ گرتووخانەی وەزارەتی ئیتلاعات گواسترایەوە.
ڕاپۆرتەکان باس لەوە دەکەن کە ئەم لاوە، سەرەڕای نەبوونی هیچ بەرخوردێکی یاسایی، لە ژێر فشارە سەختەکانی جەستەیی و دەروونی بۆ وەرگرتنی دانپیانانی ناچاری بە تۆمەتەکانی وەکو «هەڵگرتنی چەک و پێوەندی لەگەڵ حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکومەت»دا بووە.
ئەم کردارانە لە بەردەوامی فشارە ئەمنی و ڕێکخراوەییەکان دژی بنەماڵەی میلاد ئیبراهیم زادە ئەنجامدراوە. عیسا ئیبراهیم زادە، لە دەستبەسەرکراوانی بزووتنەوەی «ژن، ژیان، ئازادی» تا ئێستا لە زیندانی شاری نەغەدە ماوەی مەحکوومیەتی خۆی تێپەڕ دەکات و بێهنام ئیبراهیم زادە، مامی میلاد پێشتر بۆ ماوەی هەشت ساڵ لە زیندان دەستبەسەر کرابوو.