
بە تێپەڕبوونی سێ ڕۆژ لە کاتی دەستبەسەرکرانی «شەهرام پەسوپێش»، هاووڵاتیی خەڵکی پیرانشار، تا ئێستا هیچ زانیارییەک سەبارەت بە بارودۆخی جەستەیی، شوێنی ڕاگرتن و چارەنووسی ناوبراو بڵاو نەکراوەتەوە و بنەماڵەکەی لە بێ ئاگایی تەواوەتیدا بەسەردەبەن.
بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، ڕۆژی چوارشەممە ٢٣ی گوڵانی ١٤٠٥، هێزەکانی ڕژیم بە بێ نیشاندانی هیچ بەڵگەیەکی یاسایی، هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی باوکیی «شەهرام پەسوپێش» لە گوندی «چیانە»ی سەر بە پیرانشار و دەستبەسەریان کردووە و بۆ شوێنێکی نادیاریان گواستووەتەوە.
بەپێی زانیارییە بەدەستهاتووەکان، سەرەڕای سەردانی بەردەوامی بنەماڵەی ناوبراو بۆ ناوەندە ئەمنی و دادوەرییەکانی پیرانشار، تا ئێستا بەرپرسان هیچ وەڵامێکی ڕوونیان سەبارەت بە چارەنووسی کوڕەکەیان نەداوەتەوە.
تا کاتی ئامادەکردنی ئەم هەواڵە، هۆکاری دەستبەسەرکران و ئەو تۆمەتەکانی دژی ئەم هاووڵاتییە کوردە نادیارە.
هەروەها پێشتر و لە ڕێکەوتی ٥ی گوڵانی ١٤٠٥، «عیزەدین پەسوپێش» ئامۆزای شەهرام، لەلایەن هێزەکانی ڕژیم دەستبەسەرکرا و بۆ لێپێچینەوە بۆ یەکێک لە گرتووخانەکانی شاری ورمێ گواسترابووەوە.

