
چوار ڕۆژ دوای دەستبەسەرکرانی «سەید عەلی قوڕەیشی»، هونەرمەند و گۆرانیبێژی ناسراوی خەڵکی بۆکان، تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەبارەی بارودۆخ، شوێنی ڕاگرتن و چارەنووسی ناوبراو لەبەردەستدا نییە. ئەم هاووڵاتییە لە مافی پەیوەندی لەگەڵ بنەماڵەکەی، پارێزەر و چاوپێکەوتن بێبەش کراوە.
بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، ئێوارەی دووشەممە ٢١ی گوڵانی ١٤٠٥، هێزەکانی ڕژیم هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی «سەید عەلی قوڕەیشی» لە شاری بۆکان و بەبێ نیشاندانی هیچ بڕیارێکی دادوەری، دەستبەسەریان کردووە و بۆ شوێنێکی نادیاریان گواستووەتەوە. سەرەڕای تێپەڕبوونی چوار ڕۆژ، بەدواداچوونی بنەماڵەکەی بۆ ئاگاداربوون لە چارەنووسی ناوبراو بێئاکام ماوەتەوە و ناوەندەکانی ڕژیم هیچ ڕوونکردنەوەیەکیان لەمبارەیەوە نەداوە.
سەید عەلی قوڕەیشی، لە هونەرمەندانی خۆشەویستی شاری بۆکانە لە بواری مۆسیقای فۆلکلۆر و ڕەسەنی کوردییە و لە ساڵانی ڕابردوودا لە بواری بەرهەمی جەماوەری و کولتووری چالاک بووە.
تا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، هۆکاری دەستبەسەرکران، تۆمەتەکانی دژی و ئەو لایەنە ئەمنییەی کە دەستبەسەریان کردووە، ناڕوونە.

