شنۆ؛ شەپۆلی دەستبەسەرکردنی بەرفراوان و توندوتیژانە لە سەروبەندی مانگرتنی گشتیدا

لە سەروبەندی چوارەمین ساڵیادی کوشتنی حکوومەتیی ژینا ئەمینی و هاوکات لەگەڵ بانگەوازی مانگرتنی گشتی لە کوردستان، هێزەکانی ڕژێم بە هێرشکردنە سەر ماڵی هاووڵاتییان لە شنۆ، ژمارەیەک هاووڵاتییان بە شێوەیەکی بەرفراوان و توندوتیژانە دەستبەسەر کردووە.

بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، بەرەبەیانیی ڕۆژی سێشەممە ٢٤ی خەرمانانی ١٤٠٥، هێزەکانی ڕژێم بە هێرشکردنە سەر ماڵی هاووڵاتییان لە شنۆ و بەبێ بڕیاری دادوەری، چەندین کەسیان دەستبەسەر کردووە و بۆ شوێنێکی نادیاریان گواستەوە.

تا ئێستا ناسنامەی چوار کەس لە دەستبەسەرکراوەکان بە ناوەکانی فەخرەدین ئیبراهیمی، سۆران بایەزیدی، ڕەحیم ئەرشەدی و ڕەزا دیان پشتڕاست کراوە.
سۆران بایەزیدی، ڕەحیم ئەرشەدی و ڕەزا دیان لە کاسبکاران و بازاڕییەکانی شنۆن. فەخرەدین ئیبراهیمیش زیندانیی سیاسیی پێشوو و کوڕی مەحیەدین ئیبراهیمی، زیندانیی سیاسیی کوردە کە پێشتر حوکمی لەسێدارەدانی لەلایەن کۆماری ئیسلامی جێبەجێ کراوە.

ئەم دەستبەسەرکردنانە لە هەلومەرجێکدا ئەنجام دراون کە لە سەروبەندی چوارەمین ساڵیادی کوشتنی حکوومەتیی ژینا ئەمینیدا، چەندین بانگەواز بۆ بەڕێوەبردنی مانگرتنی گشتی لە کوردستان بڵاوکراوە. پێدەچێت زیادکردنی گوشارەکان بۆ سەر هاووڵاتییان، بەتایبەتی کاسبکاران و بازاڕییان، بە مەبەستی دروستکردنی کەشێکی ترس و تۆقاندن و ڕێگریکردن لە پێکهاتنی مانگرتنی گشتی ئەنجام درابێت.

بەپێی ئەو بانگەوازەی لەلایەن حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بڵاوکراوە، لە خەڵکی کوردستان داوا کراوە کە ڕۆژی چوارشەممە ٢٥ی خەرمانانی ١٤٠٥، هاوکات لەگەڵ چوارەمین ساڵیادی کوشتنی حکوومەتیی ژینا ئەمینی، مانگرتنی گشتی ڕابگەیەنن.

هاوکات، بەدواداچوونەکان بۆ ناسینەوەی دەستبەسەرکراوەکانی تر و ئاگاداربوون لە چارەنووس، شوێنی ڕاگرتن و بارودۆخیان بەردەوامە.

کۆڵبەرنیوز

Next Post

مەهاباد؛ ئەمیر سلێمانی دوای ٣٢ ڕۆژ دەستبەسەرکران بە دانانی بارمتەی ١٠ ملیار تمەن ئازادکرا

س سپتامبر 15 , 2026
ئەمیر سلێمانی، هاووڵاتیی تەمەن ٤٤ ساڵ و خەڵکی گوندی خوڕخوڕەی سەر بە ناوچەی شاروێرانی مەهاباد، دوای ٣٢ ڕۆژ دەستبەسەرکران و کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی لێپرسینەوە، بە دانانی بارمتەی ١٠ ملیار تمەن بە کاتی لە زیندانیی مەهاباد ئازادکرا. بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، ڕۆژی سێشەممە ٢٤ی خەرمانانی ١٤٠٥، ئەمیر سلێمانی دوای دابینکردنی بارمتەی ١٠ ملیار […]

بابەتی پەیوەندیدار