
مەولود ڕووستا و سەعدون داستاری، دوو هاووڵاتیی خەڵکی گوندی حەسەننوورانی سەر بە شاری شنۆ، لەلایەن هێزەکانی ڕژێم دەستبەسەر کران. مەولود ڕووستا چەند کاتژمێرێک دوای دەستبەسەرکردنی بە دانانی بارمتە ئازاد کراوە، بەڵام سەعدون داستاری هێشتا لە دەستبەسەریدا ماوەتەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، بەرەبەیانی دوشەممە دووی خەرمانانی ١٤٠٥، هێزەکانی ڕژێم بە هێرشکردنە سەر ماڵی مەولود ڕووستا و سەعدون داستاری و بەبێ بڕیاری دادگا، ئەم دوو هاووڵاتییەیان دەستبەسەر کردووە و بۆ شوێنێکی نادیاریان گواستەوە.
بەپێی زانیارییەکان، مەولود ڕووستا دوای چەند کاتژمێرێک لە دەستبەسەرکردنی، بە کاتی و بە دانانی بارمتە ئازاد کراوە. تا ئێستا هیچ زانیارییەک سەبارەت بە بڕی بارمتەکە یان تۆمەتەکانی سەر ناوبراو بڵاو نەکراوە.
سەعدون داستاری هێشتا لە دەستبەسەریدا ماوەتەوە و تا کاتی ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە، هیچ زانیارییەک لەسەر شوێنی ڕاگرتن، بارودۆخ و چارەنووسی لە بەردەستدا نییە. هەروەها ناسنامەی دەزگای دەستبەسەرکەر و هۆکار یان تۆمەتەکانی دژی ناوبراو ڕوون نییە.
بەردەوامیی بێئاگایی لە بارودۆخی سەعدون داستاری، بووەتە هۆی نیگەرانیی خێزان و کەسوکاری.

