عەلی عەباسی، گەنجی ١٩ ساڵ خەڵکی گیەڵان، لە کاتی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکانی هەینی ١٩ی بەفرانباری ١٤٠٤، لە تاران لەلایەن سوپای پاسداران بە گوللەی جەنگی تەقەی لێکرابوو، پاش گواستنەوەی بۆ نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا و تەرمی ناوبراو لەنێو سەدان تەرم لە کۆهریزەک دۆزرایەوە و لەبەرامبەر ٧٠٠ ملیۆن تمەن ڕادەستی بنەماڵەکەی کرایەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، ئێوارەی هەینی ١٩ی بەفرانباری ١٤٠٤ عەلی عەباسی، گەنجی ١٩ ساڵ خەڵکی گیەڵان، لە کاتی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکانی تاران لە کاتژمێر ١١ شەو بە گوللەی جەنگی سوپای پاسداران لە سەرووی گورچیلەی ڕاست بەسەختی برینداربوو و لەلایەن دایکیەوە بۆ نەخۆشخانە گواسترایەوە.
بەپێی زانیارییە گەیشتووەکان، هێزە لیباس شەخسییەکان بە بنەماڵەکەی ڕایانگەیاندبوو کە عەلی عەباسی تا کاتژمێر ٥ی سەرلەبەیانی لە ژووری تایبەت نەشتەرگەری بۆکراوە. سەرەڕای ئەمەش، بەیانی ڕۆژی شەممە ٢٠ی بەفرانباری ١٤٠٤، بنەماڵەی عەلی عەباسی لەگەڵ سەدان بنەماڵەی دیکە کە ڕۆڵەکانیان بە برینداری لە نەخۆشخانە بوون، بۆ کەهریزەک لە تاران ڕۆیشتوون و بە ئامادەیی هێزەکانی ڕژیم و لیباس شەخسییەکانی ڕژیم و سەدان تەرمی پێچراو لە کیسە ڕەشەکان ڕووبەڕووبوون.
پاش ڕاگەیاندنی ناوی گیانبەختکردووان و گەڕانی فراوانی بنەماڵەکەی لەنێو تەرمەکاندا، تەرمی عەلی عەباسی دۆزرایەوە و لەکۆتاییدا لەبەرامبەر ٧٠٠ ملیۆن تمەن ڕادەستی بنەماڵەکەی کرایەوە.
ڕۆژی هەینی ٢٦ی بەفرانباری ١٤٠٤، تەرمی ئەم گەنجە ١٩ ساڵە لە گوندی «ئەولویار» لە گیەڵان بە ئامادەیی بنەماڵەکەی و بەشێکی کەسوکارەکەی و لەژێر چاودێری ئەمنی سەخت و ئامادەیی فراوانی هێزەکانی ڕژیم، و لیباس شەخسییەکان و سوپای پاسداران ئەسپەردەکرا.
عەلی عەباسی، کوڕی شیرین و فەریبورز، ١٩ ساڵ، تەنیا کوڕی بنەماڵەکەی و خوشکێکی ١٦ ساڵی هەبووە. ئەم بنەماڵەیە بەهۆی هەژاری و بێکاری نزیکەی هەشت مانگ پێشتر بۆ تاران کۆچیان کردووە و باوک و دایکی عەلی لە ڕێستۆرانتێک وەکو گارسۆن کاریان دەکرد.

