جوانڕۆ؛ بەردەوامیی بێ ئاگایی لە چارەنووسی ئاسۆ کەیخەسرەوی، لاوی ١٧ ساڵە دوای زیاتر لە چوار مانگ دەستبەسەرکران

بە تێپەڕبوونی زیاتر لە چوار مانگ بەسەر دەستبەسەرکرانی «ئاسۆ کەیخەسرەوی»، لاوی تەمەن ١٧ ساڵەی خەڵکی جوانڕۆ، هێشتا هیچ زانیارییەک لەسەر شوێنی ڕاگرتن، دۆخی جەستەیی و دۆسیەی یاسایی ناوبراو لەبەر دەستدا نییە و دامەزراوە ئەمنییەکان و دادوەرییەکان لە دانەوەی وەڵامێکی ڕوون بە بنەماڵەکەی خۆیان دەپارێزن.

بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، ئاسۆ کەیخەسرەوی لە کاتی خۆپیشاندانەکانی شەوی پێنجشەممە ١٨ی بەفرانباری ١٤٠٤ لەلایەن هێزەکانی ڕژیم دەستبەسەر کراوە و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترایەوە. سەرەڕای تێپەڕبوونی چەندین مانگ بەسەر کاتی دەستبەسەرکرانیدا، تا ئێستا هیچ زانیارییەکی فەرمی سەبارەت بەو تۆمەتانەی ئاڕاستەی ناوبراو کراون، و لایەنی دەستبەسەرکەر و دادگایی دۆسیەی ئەم لاوە بڵاو نەکراوەتەوە.

بەدواداچوونە بەردەوامەکانی بنەماڵەی ئاسۆ کەیخەسرەوی بۆ ئاگاداربوون لە چارەنووسی کوڕەکەیان تا ئێستا بێئاکام ماوەتەوە و لایەنە بەرپرسەکان وەڵام نادەنەوە. هاوکات، بێبەشکردنی ئەم لاوە لە هەبوونی پارێزەر، پەیوەندیی تەلەفۆنی و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی، نیگەرانییەکانی سەبارەت بە دۆخی جەستەیی و دەروونیی ناوبراو زیاتر کردووە.

دەستبەسەرکردن و ڕاگرتنی درێژخایەنی کەسەکان، بەتایبەت منداڵان و لاوان، بەبێ مافە سەرەتاییەکانی دادگاییکردن، لەوانە مافی هەبوونی پارێزەر و پەیوەندی لەگەڵ بنەماڵەکەی، پێشێلکردنی ئاشکرای بنەماکانی دادگاییکردنی دادپەروەرانە و بەڵێنە نێودەوڵەتییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە لە هەمبەر مافەکانی منداڵاندا.

کۆڵبەرنیوز

Next Post

قەیرانی سووتەمەنی، ئاگرێکی ژێر خۆڵەمێش لە ئێران

چ مه 20 , 2026
ئێران پێی ناوەتە قۆناغێکی نوێ لە قەیرانی سووتەمەنی. ئەوەی ئەمڕۆ لە ڕیزە دوور و درێژەکانی بەنزینخانەکان، لابردنی کارتە ئازادەکان، سنووردارکردنی نافەرمی وەرگرتنی سووتەمەنی و دروستبوونی بازاڕی ڕەشی بەنزیندا دەبینرێت، نیشانەگەلێکی ئاشکرای قەیرانێکی قووڵترن، قەیرانێکی کە سەرچاوەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ناکارامەیی، گەندەڵی، گەمارۆکان، کۆنبوونی ژێرخانەکان و لێکەوتەکانی شەڕی ئەم دواییانە. بەڵام وەک […]

بابەتی پەیوەندیدار