ڕۆژی مامۆستا لە ئێران بەرز ڕاگیرا

لە ئێران، ڕۆژی ١٢ی گوڵانی هەموو ساڵێکدا بە بۆنەی ڕۆژی مامۆستایانەوە ڕێوڕەسمگەلێک بەڕێوە دەچێت. ئەمساڵ کە ڕۆژی جیهانی کرێکاران کەوتە ڕۆژی چوارشەممە ١٢ی گوڵان، شۆڕای هەماهەنگی ڕێکخراوە سنفییەکانی فەرهەنگیانی ئێران ڕۆژی پێنجشەممە ١٣ی گوڵانی بۆ بەرز ڕاگرتنی ڕۆژی مامۆستایان و بەڕێوە بردنی ڕێوڕەسمەکانی تایبەت بەو ڕۆژە دیاریکردت. ڕۆژی مامۆستا لە ئێران لە مانگی گوڵانی ساڵی ١٣٤٠ی هەتاویدا به یادی مامۆستای گیانبەختکردوو ئەبولحەسەن خان عەلی لە لایەن مامۆستایانەوە وەک “ڕۆژی مامۆستا” ناوزەد کرا و حکوومەتی پەهلەویان ناچار کرد کە ئەو ڕۆژە لە ساڵنامەی فەرمیدا بگونجێنێت. لە ڕۆژێکی وەک ئەمڕۆدا بوو کە مەئموورانی پۆلیسی ڕژیمی شا لە مەیدانی بەهارستانی تاران و لە بەردەم مەجلیس تەقەیان لە کۆبوونەوەیەکی هێمنانەی مامۆستایان کرد و لە ئاکامدا سێ کەس بریندار بوون و مامۆستای خەباتکار ئەبولحەسەن خانەلی بە تەقەی ڕاستەوخۆی سەرگورد ناسر شەهرەشتانی فەرماندەی کەڵانتەری، گیانی لەدەستدا.

شۆڕای هەماهەنگی ڕێکخراوە سنفییەکانی فەرهەنگیانی ئێران ڕۆژی ٩ی گوڵان بانگەوازێکی بۆ کۆبوونەوەی سەرتاسەری مامۆستایان و پەروەردەکاران لە ١٣ی گوڵاندا بڵاوکردەوە. ئەو شۆڕایە وێڕای ئاماژە بە قەیران و بارودۆخی خراپی پەروەردە، لە بەشێک لە بانگەوازەکەیدا وتی: لەم دۆخەدا، ئەرکی سەرشانی ئێمەی مامۆستایانە کە وەک پردی پەیوەندی نێوان سیستەمی پەروەردە و خەمخۆرانی ئایندەی منداڵانی کۆمەڵگا، قۆڵی هیمەتی لێ هەڵماڵین و بە هاودڵی و یەکگرتوویی بۆ دەربازبوون لەم دۆخە مەترسیدارە تێبکۆشین. لە کۆتایی بانگەوازەکەدا هاتبوو: ” داوا لە هەموو ئێوەی بەڕێز و خەمخۆرانی بواری پەروەردەن دەکەین کە بەبۆنەی ڕۆژ و هەفتەی مامۆستا و نیشاندانی ئیرادە و یەکگرتوویی خۆمان لەپێناو بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی ئازاد و یەکسان، کۆببینەوە و پەیمان ببەستین کە تا گەیشتن بەو ڕۆژە پیرۆزە لە خەبات و تێکۆشان بەردەوام دەبین. بە بڕوای ئێمە ئەوە ئەرکێکە کە مێژوو لەسەر شانی ئێمەی داناوە. دوابەدوای بڵاوبوونەوەی بانگەوازەکەی شۆڕا، سەرجەم هێزە سەرکوتگەرەکانی ڕژیم فەرمانیان پێدرا کە بە هەموو هێزی خۆیانەوە ڕێگری لە کۆبوونەوەکان بکەن. بەرپرسان و دەست و پێوەندەکانی وەزارەتی ئیتلاعات بە بانگهێشتکردن و هەڕەشە و گوڕەشە لە هەڵسووڕاوانی مامۆستایان، لە شارەکانی وەک سنە و تاران هەوڵیان دا پێش لە بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەکان بگرن. ڕاگەیەندرا کە لەو ڕۆژەدا قوتابخانە و ناوەندەکانی پەروەردە دابخرێن. سەرەڕای سەرجەم ئەو هەڕەشە و گوڕەشە و ڕێوشوێنە سەرکوتگەرانەی کە ئاماژەیان پێکرا و هەروەها سەرەڕای حزووری بەربڵاوی هێزە ئینتیزامیی، بەسیجی و لیباسشەخسییە کەم تەمەنەکان، ڕۆژی ١٣ی گوڵان، لە جەرگەی ململانێ لەگەڵ سەرکوتگەراندا، لە هەندێک لە شارەکان چەندین کۆڕ و کۆبوونەوە بەڕێوەچوو.

بە پێی ڕاپۆرتەکان، کۆمەڵێک لە پەروەردەکارانی لەسەرکار و خانەنشین لە بەردەم ئیدارەی پەروەردەی شارەکانی هەرسین، ئیسلام ئابادی غەرب، عەلیگودەرز، خومەینیشار، تاران، بوشەهر، قەزوین، ڕەشت، یاسووج، مەریوان، سەقز، بۆکان، نوور ئابادی مەمەسەنی، کەرەج و لەنگروود دەستیاندایە کۆڕ و کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی و خوازیاری پێڕاگەیشتن بە ویست و داواکارییەکانیان بوون. لەو چالاکییانە دا، هێزە ئەمنییەکان لانیکەم پێنج کەس لە بەشداربووانیان دەستگیرکرد. شۆڕای هەماهەنگی ڕێکخراوە سنفییەکان، ویست و داواکارییەکانی مامۆستایانی لە بڕیارنامەی کۆتایی کۆبوونەوەی ١٣ی گوڵاندا بەمشێوەیە ڕاگەیاند:

  • ئازادکردنی مامۆستایانی زیندانیکراو و لابردنی حوکمی دەرکردن، دوورخستنەوە، خانەنشینکردنی پێشوەختە و مەحکوومییەتی ئەلەکترۆنیکی هەڵسووڕاوانی سنفی لە وڵاتدا.
  • خوێندنی بێبەرامبەر بۆ سەرجەم قوتابیان بەتایبەت ٩٣٠ هەزار خوێندکاری کە لە خوێندن دابڕاون.
  • نەهێشتنی پشکی تاقیکردنەوەکان و هەڵاواردنی پەروەردەیی.
  • دەستەبەرکردنی شوێنی ئەمنی پەروەردەیی بۆ زیاتر لە ٣ ملیۆن خوێندکاری کە لە شوێنە مەترسیدارەکان و لەناو کەپر و کانێکسەکاندا دەرس دەخوێنن.
  • ڕێگریکردن لە بەکاڵایکردن و تایبەتکردنی پەروەردە بەپێی مادەی ٣٠ و بڕگەی ٣ لە مادەی ٣ی دەستوور.
  • نەهێشتنی هەر جۆرە هەڵاواردنێکی ڕەگەزی، بە ژنانە و پیاوانەکردنی زانست و ڕوانگەی پیاوسالاری لە کتێبە دەرسییەکاندا.
  • جێبەجێکردنی تەواوەتی یەکسانکردنی خانەنشینان و جێبەجێکردنی مادەکانی ١٢٥ و ٦٥ و ٨٥ لە یاسای شارستانی (سەبارەت بە بیمەی تەکمیلی) و پێدانی حەقدەستە وەدواکەوتووەکانی ٦ مانگی دووەمی ساڵی ١٣٩٩ی هەتاوی.
  • ڕەچاوکردنی پۆلێنبەندی شایستەیی سەرجەم کارمەند و کرێکارانی لەسەرکار و زیادکردنی لانیکەمی حەقدەست تا ئاستی هێڵی هەژاری.

لە هەلومەرجێکدا کە ڕژیمی داماو و سەرلێشێواوی ئیسلامی بەوپەڕی دڕندەییەوە و بە کەڵک وەرگرتن لە سەرجەم ئامرازەکانی بەردەست، چووەتە شەڕی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان و هەڵسووڕاوانی ئەو بزووتنەوەیە و جەماوەری ناڕازی و خۆڕاگر، بڵاوکردنەوەی ئەو بانگەوازە، کردەوەیەکی بوێرانە بوو، هاوکات بەشداربووانی کۆبوونەوەکانیش بوێرانە دەرکەوتن.

کۆڵبەرنیوز

Next Post

کوێربوونی یەکێک لە چاوەکانی «ئاریا مەمەندی» منداڵ کۆڵبەری شاری سەردەشت

ش مه 4 , 2024
«ئاریا مەمەندی» منداڵ کۆڵبەری ١٧ ساڵە خەڵکی شاری سەردەشت کە بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە ئەمنییەکانی ڕژیم هەردوو چاوی بریندارکرابوو، یەکێک لە چاوەکانی  لەدەستدا و دۆخی ناوبراو لە نەخۆشخانەی تەورێز بە ناجێگیر ڕاگەیەندراوە. بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز دوای بریندارکرانی «ئاریا مەمەندی» کۆڵبەری منداڵی ١٧ ساڵە وخەڵکی شاری سەردەشت،بەهۆی تەقەی هێزە ئەمنییەکانی ڕژیم، […]

You May Like