منداڵان، بێمافترین و ستەملێکراوترین بەشی کۆمەڵگای ئێران

منداڵان لە ئێران بێمافیترین و ستەملێکراوترین بەشی کۆمەڵگای ئێرانن. بەڵام پشکی سەرەکی ئەم ستەم و بێمافییە بەر منداڵی بنەماڵە کرێکاریی و کەم داهاتەکان دەکەوێت. هەژاریی بنەماڵە هەر لە سەرەتای شکڵگرتنی منداڵ لە سکی دایکیدا و پێش لە دایکبوون دەست پێدەکات. کاتێک دایکێک لە کاتی دووگیانیدا لەو خۆراکە تایبەتانە بێبەشە کە پێویستن بۆ گەشە و تەندروستی منداڵەکە، کاتێک دایک لە کاتی دووگیانیدا پێویستی بە چاودێری پزیشکی تایبەت دەبێت و دەستی پێناگات و کاتێک بەردەوام لە خەمی داهاتووی منداڵە هێشتا لە دایک نەبووەکەیدایە، بە کردەوە هەژاری و کەموکوڕییەکانی خۆی دەگوازێتەوە بۆ کۆرپەڵەکەی ناو سکی. لەگەڵ لەدایکبوونی منداڵ، کێشەی نوێ دەست پێدەکات. لە ئاکامی بەرزبوونەوەی نرخی شیر و خۆراکە پێویستەکان، شیری دایک دەبێتە تاکە سەرچاوەی خۆراک بۆ منداڵ. بەڵام دایکێک کە بۆخۆی تووشی بەدخۆراکییە و ماددە پێویست و بەسوودەکان بە جەستەی ناگات، چۆن دەتوانێت لە ڕێگەی شیرەکەیەوە پێداویستییە خۆراکییەکانی منداڵێکی کە لەحاڵەتی گەشەسەندندایە دابین بکات؟ بەم شێوەیە کەمی ویتامین و ماددە خۆراکییەکان کە دایک لێی بێبەش دەبێت، ڕاستەوخۆ بۆ منداڵەکەش دەگوازرێتەوە. ڕێژەی مردنی منداڵانی خوار تەمەنی پێنج ساڵ لە ئێران بە بەراورد لەگەڵ وڵاتە دواکەوتووە سەرمایەدارییەکانی دیکە زۆرە و بە پێی ئامارە فەرمییەکان، نزیکەی ٣٪ی منداڵان لە ئێران هەرگیز شانسی گەیشتن بەو تەمەنەیان نابێت.

منداڵێکی کە لەو تەمەنەدا لە چنگی مەرگ ڕزگاری بوو، ئەمجار دەبێتە هاوبەشی هەژاری و بێبەشی بنەماڵەکەی و بەکردەوە ڕووبەڕووی هەموو ئەو ئازار و گرفتانە دەبێتەوە کە بنەماڵەکەی لەگەڵیدا بەرەوڕوون. نەبوونی باخچەی ساوایان، چاودێری و ئاگالێبوونی ڕۆژانەی منداڵان بە تەواوی دەخاتە سەر شانی دایک و باوک و ئەندامانی بنەماڵە. بەڵام ئەوانەی بۆخۆیان گرفتار و سەرقاڵی کار و دابینکردنی پێداویستییەکانی ژیانی ڕۆژانەی بنەماڵەن، نەک هەر دەرفەتی وەڵامدانەوە بە پێداویستییە جەستەیی و دەروونییە بەردەوام ڕوو لە زیادبوونەکانی منداڵیان نییە، بەڵکوو ماندوێتی و شەکەتی و تووڕەییەکانی ڕۆژانەی ململانێ لەگەڵ ژیانیشدا، دەگوازنەوە بۆ منداڵەکە. منداڵیی، بریتییە لە سەردەمی گەشەکردنی جەستە و دەروونی مرۆڤ. بەڵام پێویستییەکانی ئەم گەشەکردنە، بریتییە لە بەهرەمەندبوون لە تەندروستی و خۆراکی گونجاو و پەروەردە و ئاسایشی کۆمەڵایەتی و مافەکانی تری مرۆڤ. یاریکردن و کات بەسەربردن و هەبوونی ئیمکاناتی پێویست بۆ ژیانێکی خۆش لە چوارچێوەی ماڵدا کە یەکێکە لە مافە سەرەتاییەکانی منداڵ، بۆ زۆربەی هەرەزۆری منداڵانی بنەماڵە کرێکار و زەحمەتکێشەکانی شار و گوندەکان، ئاواتێکیە کە هیچکات بەدی نایەت. لە دۆخێکی وادا منداڵ بە ناچاری ڕوو لە کوچە و شەقامەکان دەکات و تێکەڵ بە هاوتەمەن و هاوچارەنووسەکانی دەبێ و جەستەی ناسکی، لەگەڵ مەترسی نەخۆشییە جۆراوجۆرەکان بەرەوڕوو دەبێتەوە. دوای تێپەڕاندنی ئەم قۆناغە پڕ لە دژوارییە، دەگەنە تەمەنی چوون بۆ قوتابخانە. کەم نین ئەو بنەماڵە زەحمەتکێشانەی شار و گوندەکان کە ناتوانن پێداویستییەکانی چوونی منداڵەکانیان بۆ قوتابخانە دابین بکەن و ڕێگای فێربوون و بەدەستهێنانی پیشەیەک بۆ دەستەبەرکردنی داهاتوویان فەراهەم بکەن. کەم نین ژمارەی ئەو منداڵانەی کە لە تەمەنی ١٠بۆ١٢ ساڵیدا ناچار دەبێ بۆخۆیان لە فکری دابینکردنی بژێوی ژیانی خۆیاندا بن و تەنانەت ئەرکی دابینکردنی بژێوی ژیانی بنەماڵەکەشیان دەکەوێتە ئەستۆیان. منداڵانی گوندەکان لەو تەمەنەدا ئەرکی بەڕێوەبردنی بەشێک لە کاروبارەکانی ناو ماڵ و مەزرایان دەکەوێتە سەرشان. کارکردن لە ناوەندەکانی فەرش چنین، کارکردن لە کارگە بچووکەکان، کارکردن لە مەزراکان، دەستفرۆشی، و بۆیاغچێتی و هتد، لە زومرەی دیاردە زۆر باوەکانی کۆمەڵگەی سەرمایەداریی ئێرانن.

بەڵام منداڵان لە قوتابخانەش، هەڕەشەی مەترسی تریان لەسەرە. کچانی کەم تەمەن هەر لە یەکەم ڕۆژەکانەوە دەبێت سەرپۆش بەسەردا بدەن و لە کوڕانی هاوتەمەنی خۆیان جیابکرێنەوە. فێری ئەوە دەکرێن کە پێوەندی و هەڵسوکەوت لەگەڵ کوڕان کارێکی خراپە. هاوکات لەگەڵ حیجاب و بێبەشبوونی کچان و کوڕان لە یاریکردنی لەگەڵ یەکتر، پەروەردەی ئایینی دەست پێدەکات. کتێبەکانی خوێندن پڕن لەو جۆرە فێرکاریانە و منداڵان ناچارن لە تەمەنێکی زۆر بچووکەوە ڕێوڕەسمە ئایینیەکان ئەنجام بدەن و بەشداری لە ڕێوڕەسمە ئایینییەکاندا بکەن. بەم شێوەیە ڕێگە نادەن منداڵان بەبێ گوێدانە بیروباوەڕ و خوڕافاتە ئاینییەکان، پەروەردە بکرێن و فێری زانست بن و بتوانن لە داهاتوودا بیروباوەڕ و شێوازی ژیانی خۆیان، بۆخۆیان دیاریبکەن. منداڵان لەو پۆلانەدا کە زۆربەیان تەنگ و قەرەباڵغن و لە هەوایەکی پاک و تەندروست بێبەرین، دادەنرێن. ئەوان دەبێ گوێ لە قسەی ئەو مامۆستایانە بگرن کە زۆرجار بەهۆی کێشەی بژێوی ژیانیانەوە، تاقەتی ئەوەیان نییە بەشێوەی پێویست دەرس بە مناڵەکان بڵێنەوە و بەردەوام چاوەڕوانی کۆتایی هاتنی کاتی دەوامن. جگە لەو هەموو بێبەشی و بێمافییە لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیدا، هاوسەرگیری کچانی کەم تەمەن، پرسێکی شەرعی و یاساییە. کەم نین ئەو بنەماڵانەی کە توانایی و ئیمکانی دابینکردنی بژێوی ژیانی کچە کەم تەمەنەکانیان نییە و بە ناچار ڕازی دەبن کچەکانیان لەگەڵ کەسانێک هاوسەرگیری بکەن کە زۆر لە خۆیان بە تەمەنترن و زۆربەیان تەنانەت لە تەمەنی تازە لاویدا، دەبنە خاوەنی منداڵ. ئەم دۆخە جێگەی شەرمەزارییە کە لە زۆرێک لە وڵاتانی جیهان بە واتای دەستدرێژیکردنە سەر منداڵان و بە تاوانێکی قورس دادەنرێت، لە ئێرانی ئەمڕۆدا، پرسێکی یاسایی و ئاساییە. ئاشکرایە کە منداڵان بۆخۆیان توانایی گۆڕینی ئەو بارودۆخە ترسناکانەیان نییە و هیچ مرۆڤێکی شەریفیش نایەوێت منداڵانی ئەم کۆمەڵگایە لە دۆخێکی ئاوا مەینەتباردا ببینێت و خوازیاری گۆڕینی ئەو دۆخە نەبێت. ئەوەی ئەمڕۆ لە کۆمەڵگای ئێراندا دەگوزەرێت، چارەنووسێکی چارەهەڵنەگری منداڵان نییە. ئەم دۆخە دەتوانێت و دەبێ بگۆڕێت. بۆ گۆڕینی ئەم هەلومەرجە و ڕزگارکردنی منداڵانی ئەم کۆمەڵگایە لە ئاوا چارەنووسێک، هیچ ڕێگەیەکی تر نییە جگە لە خەبات و یەکگرتوویی لە دژی ئەو ڕژیم و نیزام و پەیوەندیانەی کە منداڵانی بێتاوانی ئێمەی ئاوا بێبەزەییانە لە مافە سەرەتایی و ئینسانییەکانی خۆیان بێبەش کردووە.

کۆڵبەرنیوز

Next Post

نەوسوود؛ برینداربوونی کۆڵبەرێک بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی هەنگی مەرزی

پ فوریه 22 , 2024
کۆڵبەرێکی دانیشتووی شاری جوانڕۆ، بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی هەنگی مەرزی لە سنووری نەوسوود، بە سەختی بریندار بوو. بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، لە ئەنجامی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی هەنگی مەرزی ڕژیم بەرەو کۆڵبەران لە سنووری نەوسوود، سێ کۆڵبەری خەڵکی شاری جوانڕۆ بە سەختی بریندار بوون و بارودۆخی یەکێکیان ناجێگیر ڕاگەیاندراوە.ناسنامەی ئەم کۆڵبەرە “فواد […]

You May Like