“فەرانەک ڕەفیعی”، چالاکی ژینگەپارێزی خەڵکی شاری سنە، لە پەیوەندی لەگەڵ مانگرتنی کاسبکاران و بازاڕیانی شارەکانی کوردستان کە لە ناڕەزایەتی دژی لەسێدارەدان بەڕێوەچوو، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە بانگهێشت و لێپرسینەوەی لەگەڵدا کرا.
بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز ڕۆژی پێنجشەممە چواری ڕێبەندانی ١٤٠٣، فەرانەک ڕەفیعی، لە چالاکانی مەدەنی و ژینگەپارێزی شاری سنە، لە پەیوەندی لەگەڵ مانگرتنی کاسبکاران و بازاڕیانی شارەکانی کوردستان کە لە ناڕەزایەتی دژی لە سێدارەدان بەڕێوەچوو، لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی سنەوە بانگهێشت و لێپرسینەوەی لەگەڵدا کراوە. بەپێی ئەم ڕاپۆرتە ئەم چالاکوانە بۆ ماوەی سێ کاتژمێر دەستبەسەر و لێپرسینەوەی لەگەڵدا کرا لە کۆتاییدا بە پێدانی زەمانەت ئازاد کرا.
ئەم چالاکوانە ڕۆژی یەکشەممە ٢٧ی خەرمانانی ١٤٠١ و لە ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکاندا لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی شاری سنەوە دەستبەسەر کرا و ڕۆژی یەکشەممە یەکی خەزەڵوەر بە دانانی بارمتە لە کانونی چاکسازی و پەروەردەی سنە ئازاد کرابوو.
تا کاتی نووسینی ئەم ڕاپۆرتە، هیچ زانیارییەک لەسەر ئەو تۆمەتانەی کە ئاراستەی ئەم هاوڵاتییە کراوە لەبەردەستدا نییە.
ڕۆژی چوارشەممە سێی ڕێبەندانی ١٤٠٣، بازاڕیان و کاسبکاران لە شارەکانی کوردستان وەکو سنە، سەقز، کامێران، دیواندەرە و مەریوان، مهاباد، بۆکان، پاوە، ئیلام، کرماشان لە ناڕەزایەتی دژی لە سێدارەدان چالاکییەکانی ڕۆژانەی خۆیان ڕاگرت و مانیان لە کارکردن گرت.