بەهۆی نەبوونی پاراستن و هەلومەرجی گونجاوی شوێنی کارەوە، ٢ کرێکار لە کرماشان لە کاتی کارکردندا تووشی ڕووداو بوون و گیانیان لەدەستدا.

بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، ٢ کرێکاری تەلارسازی لە کرماشان گیانیان لەدەستدا. بەپێی ئەم ڕاپۆرتە دوێنێ ٢ کرێکاری تەلارسازی لە کاتی کارکردندا لە تەلارێک لە بلواری مستەفا ئیمامی کرماشان بەهۆی شکان و کەوتنەخوارەوەی کرێن «بەرزکەرەوە»ی تاوەرەوە بەسەریاندا گیانیان لەدەستدا. هۆکاری سەرەکی ئەم ڕووداوە و چۆنێتی کەوتنی کرێنەکە بە تەواوی ڕوون نەکراوەتەوە.
شایانی باسە، لە ساڵی ١٤٠٢ لە ڕووداوەکانی شوێنی کاردا ٢١١٥ کرێکار واتە “٢٠٩٤ پیاو و ٢١ ژن” گیانیان لەدەستداوە. ئەم هەژمارە بە بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی پێشوو کە ژمارەی گیانلەدەستدان ١٩٠٠ کەس بوو، بە ڕێژەی ١١.٣ لە سەد زیادی کردووە.
ئێران لە بواری پابەندبوون بە پرسەکانی سەلامەتی کار لە نێو وڵاتانی جیهاندا لە ڕیزبەندی ١٠٢ دایە، ئەمەش پلەیەکی زۆر نزمە. ئێران یەکێکە لە ناپارێزراوترین وڵاتەکان لەبواری پاراستنی کار و ساڵانە ژمارەیەکی زۆر لە کرێکاران بەهۆی نەبوونی سەلامەتی شوێنی کارەوە تووشی ڕووداو دەبن.