محەمەد ڕەسوڵ پوور، زیندانیی سیاسی خەڵکی شاری شنۆ، لەکاتێکدا خەریکی بەسەربردنی سزای پێشووی خۆیەتی، بە سزایەکی نوێی دادگا بۆ ساڵێک زیندانیی تەعزیری دیکە سزادرا.

بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، محەمەد ڕەسوڵ پوور، زیندانیی سیاسی تەمەن ٥٣ ساڵ خەڵکی شاری شنۆ، بە سزایەکی نوێ لەلایەن دەزگای دادوەری کۆماری ئیسلامی ئێران بە ساڵێک زیندانی تەعزیری سزادرا. ئەم سزایە لەکاتێکدا دەرچووە کە ناوبراو ئێستا ماوەی سزای پێشووی خۆی لە زیندانی ناوەندی شاری شنۆ بەسەر دەبات.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، لقی ١٠١ی دادگای دووی شاری شنۆ بە سەرۆکایەتی عەلی ئەنساری، ناوبراو بە تۆمەتی «بانگەشە دژی ڕژیم» بە چوار مانگ زیندانیی و بە تۆمەتی «هاوکاری لەگەڵ حیزبێکی کوردی دژبەری حکومەتی ئێران» بە ٨ مانگ زیندانیی سزادراوە. دانیشتنی دادگایی ڕۆژی شەمە ٢٣ی خاکەلێوەی ١٤٠٤، لە ڕێگەی ڤیدیۆ کۆنفرانس بەڕێوەچووە و ناوبراو هاوکات بۆ ماوەی شەش مانگ لە مافی مەرەخەسی بێبەشکرا.
محەمەد ڕەسوڵ پوور، پێشتر لە ٢٦ی خەزەڵوەری ١٤٠٣، بۆ جێبەجێکردنی سزای دوو ساڵ زیندانیی تەعزیری دەستبەسەر و بۆ زیندان گواسترابوویەوە. ئەم سزایە لەلایەن دادگای شۆڕشی شاری شنۆ بە تۆمەتەکانی هاوشێوە کە دەرچووبوون، بۆ ساڵێک و شەش مانگ کەمکرایەوە.
محەمەد ڕەسوڵ پوور، لە ١٣ی پووشپەڕی ١٤٠٣، بەهۆی هێرشی هێزەکانی ئیتلاعات بۆ ماڵەکەی لە گوندی کۆنەقەڵا لە شاری شنۆ بە توندوتیژی و بەبێ بڕیاری دادوەر دەستبەسەرکرا. ئەم هاووڵاتییە پاش تەواوبوونی لێپرسینەوەکەی لە گرتووخانەیەکی ئەمنی شاری ورمێ بۆ زیندانی شاری شنۆ گواسترایەوە و ڕۆژی یەکشەمە ٢٤ی پووشپەڕی ١٤٠٤، بە پێدانی بارمتەی ٦٠٠ ملیۆن تمەن بە شێوەی کاتی و تا تەواوبوونی لێپرسینەوەکەی لە زیندان ئازاد کرابوو.
محەمەد ڕەسوڵ پوور، تەمەن ٥٢ ساڵ و باوکی سێ منداڵە.