
ڕەسووڵ یادیار، هاووڵاتیی خەڵکی بۆکان، دوای زیاتر لە چوار مانگ دەستبەسەرکردن لە ناوەندە ئەمنییەکاندا لە کاتێکدا کە ڕاپۆرتگەلێک سەبارەت بە ئەشکەنجەی توندی جەستەیی، بێبەشکردن لە خزمەتگوزاریی پزیشکی، نەبوونی پارێزەر و بێبەشبوون لە پەیوەندی لەگەڵ بنەماڵەکەی بڵاو ببووەوە، بە دانانی بارمتەیەکی سەنگینی شەش ملیار تمەنی بە شێوەی کاتی ئازاد کرا.
بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، ڕۆژی شەممە ٢ی جۆزەردانی ١٤٠٥، ڕەسووڵ یادیار دوای زیاتر لە چوار مانگ ڕاگرتن لە گرتووخانە و ناوەندەکانی ژێر چاودێریی دەزگا ئەمنییەکان، بە دانانی بارمتەی شەش ملیار تمەن ئازاد کرا. ئازادکردنی ئەم هاووڵاتییە لە کاتێکدایە کە بنەماڵەکەی لە مانگەکانی ڕابردوودا چەندین جار نیگەرانیی خۆیان سەبارەت بە دۆخی جەستەیی و تەندروستیی ئەو دەربڕیبوو، هەروەها ناوبراو لە تەواوی ماوەی دەستبەسەرکردنیدا لە پارێزەر، پەیوەندیی تەلەفۆنی و چاوپێکەوتنی ڕووبەڕوو لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەش کرابوو.
پێشتر لە ٥ی بەفرانباری ١٤٠٤ و لە یازدەهەمین ڕۆژی دەستبەسەرکردنی ئەم هاووڵاتییەدا، ڕاپۆرتگەلێک بڵاو ببوونەوە کە نیشانیان دەدا ڕەسووڵ یادیار دوای ئەشکەنجەی توندی جەستەیی لە یەکێک لە گرتووخانە ئەمنییەکاندا، بۆ کەرەنتینەی بەندیخانەی بۆکان گواستراوەتەوە. بەپێی زانیارییە بڵاوکراوەکان، سەرەڕای خراپیی باری جەستەیی، ناوبراو لە وەرگرتنی خزمەتگوزاریی پزیشکی و دەرمانی بێبەش کرابوو.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ڕەسووڵ یادیار لە ڕۆژانی سەرەتای دەستبەسەرکردنیدا لە گرتووخانەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ، ئەشکەنجەی توندی جەستەیی دراوە و لە ئەنجامدا دەست، لووت، شەویلکە، ددانەکانی و دوو پەراسووی شکاون. هەروەها شوێنەواری زۆری برینداری و شینبوونەوە لە بەشە جیاوازەکانی جەستەیدا و برینداری لە سەر و دەموچاویدا ڕاگەیەندرابوو. بە گوتەی ئەم سەرچاوەیە، سەرەڕای پێویستیی بەپەلە بە چاودێریی پزیشکی، ناوبراو ڕەوانەی کەرەنتینەی بەندیخانەی بۆکان کرابوو و دەرفەتی چارەسەرکردنی بۆ نەڕەخسێندرابوو.
ڕەسووڵ یادیار ئێوارەی ڕۆژی سێشەممە ٢٥ی سەرماوەزی ١٤٠٤، بەبێ پێشکەشکردنی حوکمی دادوەری لەلایەن هێزەکانی ڕژیم دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترابووەوە.
ڕەسووڵ یادیار، تەمەن ٣٠ ساڵ، خەڵکی گوندی «گۆکتەپە»ی سەر بە شاری بۆکانە، خێزاندارە و پیشەی نانەوایە.

