
فروزان نەوجەوان (ئیسلامی)، هاووڵاتیی خەڵکی ورمێ، مامۆستای زمانی ئینگلیزی و بەرپرسی ئەکادیمیای زمانی «نەوجەوان»، دوای کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی لێکۆڵینەوە لە گرتووخانەی ئەمنییەوە بۆ بەندی ژنانی زیندانی ناوەندیی ورمێ گوازرایەوە؛ ئەمەش لە کاتێکدایە تا ئێستا ڕەزامەندی لەسەر ئازادکردنی کاتیی ئەو نەدراوە و هێشتا لە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەش کراوە.
بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، لە ڕۆژانی ڕابردوودا و دوای کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی لێکۆڵینەوە، فروزان نەوجەوان (ئیسلامی) لە گرتووخانەی ئەمنییەوە بۆ بەندی ژنانی زیندانی ناوەندیی ورمێ گواستراوەتەوە. تا کاتی ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە، هیچ زانیارییەکی فەرمی سەبارەت بە هۆکارەکانی دەستبەسەرکردن و ئەو تۆمەتانەی ئاڕاستەی کراون، بڵاو نەکراوەتەوە.
سەرچاوەیەکی ئاگادار ڕایگەیاندووە کە فروزان نەوجەوان لە ڕێگەی پێوەندییەکی تەلەفۆنییەوە لەگەڵ بنەماڵەکەی، گواستنەوەی خۆی بۆ بەندی ژنانی زیندانی ورمێ ڕاگەیاندووە. ئەم سەرچاوەیە ئەوەشی گوت کە لقی لێکۆڵینەوەی دادگای گشتی و شۆڕشی ورمێ، داواکاریی ئازادکردنی کاتیی ئەم هاووڵاتییەی ڕەت کردووەتەوە و ئەو لە کاتی دەستبەسەرکردنییەوە تا ئێستا، لە پارێزەر و دەرفەتی چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەش کراوە.
فروزان نەوجەوان (ئیسلامی) ڕۆژی چوارشەممە ٢٣ی گوڵانی ١٤٠٥، بەبێ پێشکەشکردنی حوکمی دادوەری لەلایەن هێزەکانی ڕژیم دەستبەسەر کرا و بۆ ئەنجامدانی لێکۆڵینەوە بۆ گرتووخانەی ئەمنیی «٩ پله»ی ورمێ گواسترابووەوە.
فروزان نەوجەوان (ئیسلامی)، یەکێک لە بڵۆگەرە ناسراوەکانی کوردە لە شاری ورمێ، هەروەها مامۆستای زمانی ئینگلیزی و بەرپرسی ئەکادیمیای زمانی «نەوجەوان»ە؛ تا کاتی داڕشتنی ئەم ڕاپۆرتە، هیچ زانیارییەک لەسەر هۆکاری دەستبەسەرکردن و تۆمەتەکانی دژی ئەو لەبەردەستدا نییە.

