بەهۆی بەفر و ڕەشەبای سەختەوە لە سنووری شنۆ، لانیکەم ٤ کاسبکاری کورد بێسەروشوێن بوون و تا ئێستا لە چارەنووسی ئەوان هیچ زانیاریەک لەبەردەستدا نییە.
بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، ئێوارەی پێنجشەمە ٣ی خەزەڵوەری ١٤٠٣ بەهۆی بارینی بەفر و بۆرانەوە لە سنووری شنۆ و بەرزاییەکانی کێلەشین، لانیکەم ٤ کاسبکاری کورد کە لەم سنوورە کاریان دەکرد، بێسەروشوێن بوون و تا ئێستا هەوڵەکان بۆ دۆزینەوەیان بێ ئەنجام بووە. بەپێی ئەم ڕاپۆرتە بەشێک لە خەڵکی ناوچەکە و کۆمەڵێک لە شاخەوانان و ئەفرۆدسواران، سەرقاڵی گەڕانن بەدوای ئەم کاسبکارانەدا کە تا ئێستا هیچ ئەنجامێکی نەبووە.
بەپێی ئامارەکانی کۆڵبەرنیوز، لە ٦ مانگی یەکەمی ١٤٠٣دا، ١٤٢ کۆڵبەر لە ناوچە سنوورییەکان و ڕێگاکانی نێوان پارێزگاکانی ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، کوردستان و کرماشان بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ڕژیم، ڕنوو و سەرما، کەوتنەسەر مین، کەوتنەخوارەوە لە شاخ و بەرزایی و ڕووداوی دیکە کوژران و بریندار بوون. لەم ژمارەیە، ٣٦ کۆڵبەر (٢٥٪) کوژران و ١٠٦ کۆڵبەر (٧٥٪) بریندار بوون. لە کۆی ١٤٢ کۆڵبەر کە لە ٦ مانگی یەکەمی ١٤٠٣ کوژران و برینداربوون، ١٢٤ حاڵەتیان (٨٧٪) بە تەقەی ڕاستەوخۆ یان لێدان و ئەشکەنجەی هێزەکانی ڕژیم بووە. لە کۆی ١٤٢ کۆڵبەر کە لە ٦ مانگی یەکەمی ساڵی ١٤٠٣دا لە سنوورە جۆراوجۆرەکانی کوردستان کوژران و برینداربوون، ١٠ کۆڵبەریان منداڵی خوار تەمەن ١٨ ساڵن. بە بەراورکردنی ئاماری ٦ مانگی یەکەمی ١٤٠٣، لەگەڵ نیوەی یەکەمی ١٤٠٢، ئێمە شایەتی زیادبوونی ٦٧٪ی ڕێژەی کوژراو و برینداربوونی کۆڵبەران لە سنووری کوردستان بووین.