خالد ئەحمەدیان، کۆڵبەری خەڵکی شاری بانە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی هەنگی مەرزی لە هێڵی سنووری هەنگەژاڵ برینداربووە. دۆخی سەلامەتی ئەم کۆڵبەرە ناجێگیرە.

بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، ڕۆژی چوارشەممە پازدەی گەلاوێژی ١٤٠٤، هێزەکانی هەنگی مەرزی لە هێڵی سنووری هەنگەژاڵی بانە تەقەیان لە کۆڵبەران کردووە و بەهۆیەوە کۆڵبەرێک بە سەختی برینداربووە.
ناسنامەی ئەم کۆڵبەرە «خالد ئەحمەدیان»، تەمەن ٤٥ ساڵ و خەڵکی گوندی «سیوچ»ی سەربە شاری بانە بۆ کۆڵبەرنیوز ڕاگەیەندراوە. بەپێی ئەم ڕاپۆرتە خالد ئەحمەدیان لە لەگەنی بە سەختی برینداربووە و ئێستا لە نەخۆشخانەیەکی شاری تەورێز، بۆ ئەنجامدانی نەشتەرگەری خەوێندراوە. دۆخی سەلامەتی خالد ئەحمەدیان بەهۆی سەختی برینەکانیەوە ناجێگیرە.
خالد ئەحمەدیان خێزاندارە و باوکی چوار منداڵە.
بەپێی ڕاپۆرتی تۆمارکراو لە کۆڵبەرنیوز، لە ساڵی ١٤٠٣دا، بە کۆی گشتی ١٨٣ لە ناوچە سنوورییەکان و ڕێگاکانی نێوان پارێزگاکانی ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، کوردستان و کرماشان بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ڕژیم، ڕنوو و سەرما، کەوتنەسەر مین، کەوتنەخوارەوە لە شاخ و بەرزایی و ڕووداوی دیکە کوژران و بریندار بوون. لەم هەژمارەدا ٥٢ کۆڵبەر واتە (٢٨٪) کوژران و ١٣١ کۆڵبەر واتە (٧٢٪) برینداربوون. لە کۆی گشتی ١٨٣ کۆڵبەر کە لە ساڵی ١٤٠٣دا کوژراو و بریندار بوون، ١٤٣ حاڵەتیان واتە (٧٨٪) بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە ئەمنییەکانی ڕژیم ئەنجام دراوە. لە کۆی گشتی ١٨٣ کۆڵبەر کە لە ساڵی ١٤٠٣دا کوژراو و بریندار بوون، ١١ کەسیان واتە (٦٪) منداڵانی کۆڵبەری ژێر ١٨ ساڵ بوون کە یەک لەوان بەهۆی سەرمابردووییەوە گیانی لەدەستداوە.

