هێزەکانی هەنگی مەرزی لە سنووری «ژاڵانە» کۆڵبەرێکی تەمەن ٢٣ ساڵ بە تەقەی گوللە بریندارکرد و بە سەختی لێدان و ئەشکەنجەیان کردووە.

بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، ڕۆژی پێنجشەمە سێی گەلاوێژی ١٤٠٤، کۆڵبەرێکی گەنج لە ناوچەی سنووری «ژاڵانە» لەلایەن هێزەکانی هەنگی مەرزی تەقەی لێکراوە و دواتر لێدان و ئەشکەنجەیان کردووە.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، دوو چەکداری هێزەکانی هەنگی مەرزی پاش تەقەکردن لە قاچی ئەم کۆڵبەرە، ناوبراویان بە سەختی لێدان و ئەشکەنجە کردووە، بە جۆرێک لە سەری دا تووشی شکان و برینداری جددی بووە. ناسنامەی ئەم کۆڵبەرە «عەتا»، تەمەن ٢٣ ساڵ و خەڵکی هەورامان، بۆ کۆڵبەرنیوز ڕاگەیەندراوە.
بەپێی ڕاپۆرتی تۆمارکراو لە کۆڵبەرنیوز، لە ساڵی ١٤٠٣دا، بە کۆی گشتی ١٨٣ لە ناوچە سنوورییەکان و ڕێگاکانی نێوان پارێزگاکانی ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، کوردستان و کرماشان بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ڕژیم، ڕنوو و سەرما، کەوتنەسەر مین، کەوتنەخوارەوە لە شاخ و بەرزایی و ڕووداوی دیکە کوژران و بریندار بوون. لەم هەژمارەدا ٥٢ کۆڵبەر واتە (٢٨٪) کوژران و ١٣١ کۆڵبەر واتە (٧٢٪) برینداربوون. لە کۆی گشتی ١٨٣ کۆڵبەر کە لە ساڵی ١٤٠٣دا کوژراو و بریندار بوون، ١٤٣ حاڵەتیان واتە (٧٨٪) بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە ئەمنییەکانی ڕژیم ئەنجام دراوە. لە کۆی گشتی ١٨٣ کۆڵبەر کە لە ساڵی ١٤٠٣دا کوژراو و بریندار بوون، ١١ کەسیان واتە (٦٪) منداڵانی کۆڵبەری ژێر ١٨ ساڵ بوون کە یەک لەوان بەهۆی سەرمابردووییەوە گیانی لەدەستداوە.

