مورتەزا سەیدی، چالاکی کرێکاری خەڵکی شاری کامێران و دانیشتووی شاری تاران لە زیندانی ئێڤین مەرەخەسی پێدرا.

بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز ڕۆژی شەممە شەشی ڕێبەندانی ١٤٠٣ مورتەزا سەیدی، چالاکی کرێکاری خەڵکی شاری کامێران و دانیشتووی شاری تاران مەرەخەسی پێدرا. مورتەزا سەیدی، لەگەڵ ژمارەیەک لە چالاکانی کرێکاری لە ٢٦ی خاکەلێوەی ١٤٠١ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کران و لە ١٩ی گوڵانی ١٤٠١ بە بارمتەی کاتی ئازاد کران.
ئەم چالاکە کرێکارییە لە پووشپەڕی ١٤٠٣ لەلایەن لقی دووی دادگای شۆڕشی شەهریارەوە بە تۆمەتی ڕێکخستنی گرووپ بە ناونیشانی یەکێتی کرێکاری بە مەبەستی تێکدانی ئاسایشی وڵات، بە دوو ساڵ بەندکردن سزا درابوو. ئەم چالاکە لە پازدەی خەزەڵوەری ١٤٠٣ پاش ئامادەبوونی لە لقی سێی جێبەجێکردنی سزاکانی دادگای شەهرقودس، بۆ تێپەڕاندنی سزاکەی دەستبەسەر کرا و بۆ زیندانی ئێڤین گواسترایەوە. مورتەزا سەیدی، پێشتر بەهۆی چالاکییەکانییەوە مامەڵەی یاسایی هەبووە.