دانوستانەکانی ئێران و ئەمریکا چەقیبەستووە، بەڵام باری قەیرانەکە لەسەر شانی خەڵکە

دانوستانەکانی نێوان کۆماری ئیسلامی و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کە لە هەفتەکانی ڕابردوودا شەپۆلێک لە گەشبینیی لەگەڵ خۆیدا هێنابوو، ئێستا کەوتووەتە دۆخێکی نادیارەوە. لەو ڕێککەوتنەی کە دەوترا ئەگەری هەیە هەر ئەم هەفتەیە کۆتایی پێبێت و واژۆ بکرێت، هێشتا چاوەڕوانییەکەی بەدی نەهاتووە. هێشتا ناتوانرێت باس لە بنبەستی تەواو بکرێت، بەڵام بە هەمان شێوە ڕوونە کە گەشبینییە سەرەتاییەکانیش کەمتر بووەتەوە. لەم نێوەندەدا، ئەوەی کە لە هەموو شتێک گرنگترە، بریتییە لە کاریگەریی ڕاستەوخۆی ئەم دۆخە لەسەر ژیانی کرێکاران، زەحمەتکێشان و چین و توێژە بێبەشەکانی کۆمەڵگەی ئێران. بۆ ئەم زۆرینەیەی کە لەژێر گوشاردان، هەر ڕۆژێک وەدواکەوتنی یەکلایی بوونەوەی چارەنووسی ئاشتی یان شەڕ، هەر ڕۆژێک نادیاربوونی چارەنووسی گەمارۆکان و هەر ڕۆژێک درێژەکێشانی گفتوگۆکانی سەرەوە، بە واتای بچووکتربوونەوەی سفرەکان، نائەمنتربوونی ژیان و قورستربوونی باری بژێویی ژیانە.
بۆ کۆماری ئیسلامی، بەر لە هەر شتێک گەیشتن بە ڕێککەوتن، پێویستییەکی ئابووریی بەپەلە و سەرەکییە. ڕژێمێکی کە ساڵانێکە لەژێر گوشاری گەمارۆکان، قەیرانی درێژخایەنی دارایی، کورتهێنانی بودجە، دابەزینی بەهای دراوی نیشتمانی و کەمبوونەوەی بەرهەمهێناندا، بەتەواوی لاواز بووە، ئێستا پتر لە هەر کاتێکی تر پێویستی بە دەستڕاگەیشتن بە سەرچاوەی دارایی هەیە. ملیاردها دۆلار لە داراییەکانی ئێران لە ئەژمارە بانکییە دەرەکییەکاندا دەستیان بەسەردا گیراوە و دەستڕاگرتن بەم سەرچاوانە، بۆ حکوومەت مەسەلەی مان و نەمانی ئابووری و سیاسییە.
بەڵام لە گۆشەنیگای بەرژەوەندییەکانی خەڵکەوە، پرسیاری سەرەکی ئەوە نییە کە ئایا حکوومەت پێویستی بە ڕێککەوتن هەیە یاخود نا، بەڵکوو پرسیاری سەرەکی ئەوەیە کە ئەگەر ڕێککەوتنێک کرا و بەشێک لە پارە بلۆکەکراوەکان ئازاد کران، ئەم سەرچاوانە دەکەونە خزمەت چ کەسانێکەوە؟ ئەزموونی خەڵکی ئێران لەم بوارەدا ڕوونە. تەنیا هەر ئەوەندە بەسە کە سەیرێکی قۆناغی دوای بەرجامی ٢٠١٥ بکەین. لەو کاتەشدا بەشێک لە سەرچاوە داراییەکان ئازاد کران و کەشەکە بۆ هەناسەدانی ئابووریی حکوومەت کەمێک کرایەوە، بەڵام دەرەنجامەکەی بۆ زۆربەی هەرەزۆری خەڵک نە بڕیتی بوو لە باشبوونی بەردەوامی بژێوی، نە کەمبوونەوەی نایەکسانی و نە بەرزبوونەوەی ئاستی خزمەتگوزارییە گشتییەکان. کەلێنی چینایەتی نەک هەر کەمتر نەبووەوە، بەڵکوو قووڵتریش بۆوە. لە بەرامبەردا چەندین شاری مووشەکی لە ناخی کێوەکاندا دروستکران، سایتەکانی پیتاندنی ئۆرانیۆم پەریان سەند، دەزگا ئەمنییەکان و سەرکوتکارییەکان فرەچەشنتر و ئاڵۆزتر بوون و پارەیەکی زیاتر بۆ هێزە نیابەتییەکان ڕەوانە کرا، پشکی خەڵکی کرێکار و ستەمدیتووەش وەک هەمیشە بریتی بوو لە هەڵاوسان، حەقدەستی کەم، بێکاری و ناسەقامگیریی پیشەیی.
ئەمجارەیان دۆخەکە جیاوازە. ئەم ڕاستییە خودی حکوومەت لە هەر کەسێکی تر باشتر دەزانێت: کۆمەڵگەی ئێران لەسەر دەریایەک لە ناڕەزایەتیی کەڵەکەبوو ڕاوەستاوە. لە ٨٨ەوە بگرە تا ٩٦، لە ٩٨ەوە تا ١٤٠١ و ڕاپەڕینی “ژن، ژیان، ئازادی”، تا ڕاپەڕینی بەفرانباری ڕابردوو، کە خەڵتانی خوێن کرا، چەندین شەپۆلی بەرێن و بەهێزی ناڕەزایەتیی جۆراوجۆر لە ئێران سەریان هەڵداوە. هەر یەک لەم شەپۆلە ناڕەزایەتییانە سەرکوت کران، بەڵام زەمینە ماددی و کۆمەڵایەتییەکەیان هێشتا زیندووە. ئەوەی ماوەتەوە، کۆمەڵگەیەکە کە تووڕەیی، یادەوەری و گەلێک ئەزموونی لە ناخی خۆیدا کەڵەکە کردووە. لە سەردەمی شەڕ و لە دۆخی ئاگربەستی کاتیی ئێستادا، بە زۆر هۆکاری ڕوون و شیاوی تێگەیشتن، ناڕەزایەتییەکان لەسەر ئاستی بەربڵاوی شەقامەکاندا بۆ ماوەیەک کەم بوونەتەوە، بەڵام ئەمە بە واتای کۆتاییهاتن بە ناڕەزایەتییەکان نییە. بەپێچەوانەوە، کۆمەڵگەی ئێران لەم بابەتەوە لە بەرمیلێک بارووت دەچێت، کە حکوومەت لە ئەگەری تەقینەوەی بەباشی ئاگادارە. بەم هۆیەشەوە، کۆماری ئیسلامی پێویستی بە سەرچاوەی دارایی بەپەلە هەیە بۆ ئەوەی بتوانێت بە پێدانی حەقدەستە دواکەوتووەکان، کۆنترۆڵکردنی ڕێژەیی گرانی، دابینکردنی لانیکەمی پێداویستییە سەرەکییەکان و کۆنترۆڵی کاتیی بازاڕ، تەقینەوەی ناڕەزایەتییەکان دوا بخات.
لە لایەکی ترەوە، دەوڵەتی ئەمریکا و خودی ترامپیش پێویستیان بە دەستکەوتێکی بەرچاو هەیە. ئەو بۆ نیشاندانی سەرکەوتن بە ڕای گشتیی ناوخۆی وڵاتەکەی، نەیارانی ناو حیزبی کۆماری و هەروەها گوشارە جدییەکانی ئیسرائیل، پێویستی بە “سەرکەوتنێکی شیاوی نیشاندان” هەیە. لەم نێوەندەدا، مەسەلەی گەرووی هورمز و ئەگەری کرانەوەی بۆ تێپەڕبوونی ئارامتری نەوت و بازرگانی، بووەتە یەکێک لە تەوەرە سەرەکییەکانی ئەم نمایشە. بەڵام کۆماری ئیسلامیش بە ئاسانی ئامادە نییە دەستبەرداری دواین کارتی گوشاری خۆی بێت.

بەم هۆیەوە، سیاسەتێکی دووفاقی و وشیارانەی گرتووەتە بەر، واتا نە ئەوەندە ئیمتیاز دەدات کە دەستبەتاڵ بمێنێتەوە و نە ئەوەندەش گرژی دەخوڵقێنێت کە تەواوی پڕۆسەکە لەبەریەک هەڵبوەشێتەوە. ئەمە هەمان سیاسەتی “کرانەوەی بەشێنەیی و هەنگاو بە هەنگاوە، پێدانی ئیمتییازی سنووردار، کڕینی کات و هەوڵدان بۆ پاراستنی لانیکەمی ئامرازەکانی گفتوگۆ و سات و سەودا.
بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، کۆتاییهاتنی فەرمی و بە کردەوەی ئەم شەڕە وێرانکەرە، ئەگەر بەڕاستی ڕووبدات، دەتوانێت ببێتە دەرفەتێک بۆ کۆمەڵگەی ئێران. ئەڵبەت نەک لەبەر ئەوەی کە گۆیا ڕێککەوتنەکە خۆی لەخۆیدا خۆشگوزەرانی و ئازادی بەدیاری دەهێنێت، بەڵکوو لەو ڕووەوە کە کەمبوونەوەی گوشاری شەڕ و هێوربوونەوەی کەشی نائاسایی، دەتوانێت دەرفەتی هەناسەدانی کۆمەڵایەتی زیاتر بکات و ئیمکانی ئەوە بە خەڵک بدات کە ویست و داواکارییە کەڵەکەبووەکانی خۆیان، بە هێزێکی زیاترەوە بخەنە ڕوو. هەر کرانەوەیەک لە کەشی گشتیدا، تەنانەت ئەگەر سنووردار و کاتییش بێت، دەتوانێت ببێتە مەیدانێکی نوێ بۆ گوشاری کۆمەڵایەتی لە خوارەوە.
لێرەدایە کە ئەزموونی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکانی ئێران گرنگیی پەیدا دەکات. کۆمەڵگەی ئێران لەم ساڵانەدا تەنیا سەرکوتی ئەزموون نەکردووە، بەڵکوو لێهاتووتر و بەئەزموونتریش بووە. لە مانگرتنە کرێکارییەکانەوە بگرە تا ناڕەزایەتییە سەرانسەرییەکان، لە بزووتنەوەی “ژن، ژیان، ئازادی”ـەوە تا خەبات و ناڕەزایەتییە ڕێکخراوەکانی موعەلیمان، پەرستاران، خانەنشینان و مووچەخۆرانی تر، هەرکام لەو شەپۆلی ناڕەزایەتیانە نەوەیەکی وشیارتر، خاراوتر و بەئەزموونتری لە دوای خۆی جێهێشتووە. ئەم ئەزموونانە لەناو نەچوون، بەڵکوو لە یادەوەریی بەکۆمەڵی کۆمەڵگەدا تۆمار کراون و ئەمڕۆ وەک سەرمایەیەکی سیاسی و کۆمەڵایەتی بوونیان هەیە. خەڵکی ئێران ئەمڕۆ باشتر لە ڕابردوو دەزانن کە حکوومەت چۆن سەرکوت دەکات، چۆن کات دەکڕێت، چۆن بەڵێن دەدات و چۆن هەوڵ دەدات ناڕەزایەتییەکان دابمرکێنێتەوە. لە بەرامبەریشدا، باشتر لە ڕابردوو دەزانن کە بۆ بەرەوپێشبردنی ویست و داواکارییەکانی خۆیان پێویستیان بە چ جۆرە هاوپشتی، ڕێکخراوبوون، خۆڕاگریی و داهێنانێک هەیە. ئەگەر خەڵک، کرێکاران، موعەلیمان، پەرستاران، خانەنشینان و هەموو چین و توێژە بێبەشەکان بتوانن لەسەر بنەمای ئەزموونە کەڵەکەبووەکانیان، بە شێوازێکی ڕێکخراوتر و وشیارانەتر لەسەر ویست و داواکارییەکانی خۆیان  پێداگری بکەن، هەر کەلێنێک لە سەرەوەی دەسەڵاتدا دەتوانێت ببێتە دەرفەتێک بۆ گوشار لە خوارەوە.
لە کۆتاییدا، مەسەلەی سەرەکی ئەوەیە کە: کۆماری ئیسلامی لەپێناو ڕزگارکردنی خۆیدا دانوستان دەکات، نەک بەمەبەستی ڕزگارکردنی خەڵک. بەڵام خەڵکیش چیتر ئەو کۆمەڵگە بێ‌ئەزموون و بێدەنگەی ڕابردوو نین. هەر ئەم وشیارییە مێژووییە، هەر ئەم یادەوەرییەی خەبات و ئەم ناسینە قووڵترەی پێچ و خەم و هەوراز و نشێوەکانی ناڕەزایەتی، دەتوانێت لە داهاتوودا ببێتە هێزێکی کە حکوومەت ناچار بە پاشەکشە بکات. هەر کرانەوەیەک لە کەشی سیاسیدا و هەر وەستانێکی ئامێری شەڕ، دەبێت لە لایەن کۆمەڵگەوە ببێت بە دەرفەتێک بۆ خستنەڕووی بەهێزتری ویست و داواکارییەکانی “نان، کار، ئازادی”.

کۆڵبەرنیوز

بابەتی پەیوەندیدار