
دانوستانە بێ ئاکامەکانی کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی لە پەراوێزی کۆبوونەوەی گشتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و هەڵوێستی توندی خامنەیی سەبارەت بە دانوستانە ئەتۆمییەکان، جگە لە قووڵکردنەوەی قەیرانی سیاسی و پەرەپێدانی مەترسییەکانی دەستپێکردنەوەی شەڕ لەگەڵ ئیسرائیل، ئابووری ئێرانی لەگەڵ مەترسی ئەگەری سەپاندنی سزای نوێ و بەربڵاوتر بەرەوڕوو کردووەتەوە. ئەم دۆخە تەنانەت بەر لە دەستپێکردنەوەی فەرمی سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، کاریگەرییەکی وێرانکەری لەسەر ئابووری ئێران و بەتایبەتی بژێوی ژیانی خەڵکی ئاسایی داناوە. دابەزینی نرخی تمەنی ئێران بۆ ئاستی یەک دۆلار بەرامبەر بە سەد و دە هەزار تمەن، نیشانەی قووڵایی ئەو قەیرانە ئابوورییەیە کە وڵاتی داگرتووە. ئەم بەرزبوونەوە بەرچاوەی نرخی دراو، توانای کڕینی بنەماڵەکانی بەڕادەیەکی زۆر کەم کردووەتەوە و ژیانی کرێکاران و چین و توێژە کەمداهاتەکانیی خستووەتە ژێر گوشارێکی کارەساتبارتر لە پێشوو. واقعییەت ئەوەیە کە کۆماری ئیسلامی لە گێژاوی قەیرانێکی قووڵی ئابووریدا گرفتار بووە کە هیچ ڕێگە چارەسەرێکی سادەی بۆی نییە. ئەم قەیرانە کە ڕیشەی پێکهاتەیی هەیە، ئاکامی ئەو سیاسەتانەیە کە ئەم دەسەڵاتە لە ماوەی ٤٦ ساڵی ڕابردوودا پەیڕەوی کردووە.
تەرخانکردنی بودجەیەکی زۆر و زەوەند بۆ پڕۆژە سەربازییەکان و لەوانە پڕۆژەی پیتاندنی یۆرانیۆم، بەو هیوایەی کە مانەوەی خۆی لە ڕێگەی بەرفراوانکردنی دەسەڵاتی ناوچەیییەوە گەرەنتی بکات و بوونی خۆی بەسەر دەوڵەتەکانی ئەمریکا و ڕۆژئاوادا بسەپێنێت، هەزینەی لەڕادەبەدەری ناوەندە ئاینیی و دام و دەزگا ئەمنییەکان و خەرجکردنی بودجەیەکی زۆر بۆ دەستێوەردانە ناوچەییەکان، تیرۆری نەیاران لە سەرتاسەری جیهان، گەندەڵی بەربڵاو و هەوسارپچڕاوانە و ناکارامەیی، لە زومرەی ئەو هۆکارانەن کە بە پلەی یەکەم گوشارەکانی سەر ژیان و بەڕێچوونی کرێکاران و زۆربەی هەرەزۆری خەڵکیان تووندتر کردووەتەوە. هاوکات سزا دەرەکییەکان و پەراوێزکەوتنی نێودەوڵەتی، کەسب و کاری بەتەواوی وەستاندووە و وەبەرهێنان و گەشەی ئابووریی لەگەڵ ئاستەنگی جددی بەرەوڕوو کردۆتەوە. ئەم سیاسەتانە بۆتە هۆی ئەوەی کە دانیشتوانی وڵاتێکی کە لەسەر دەریایەک لە سامانی سروشتیی هەڵکەوتووە، لەوپەڕی هەژاری و بێدەرەتانیدا بژین. ئامارەکان نیشان دەدەن کە نزیکەی ٧٠ لەسەدی کرێکاران و زەحمەتکێشانی وڵات لەژێر هێڵی هەژاریدا دەژین. لە وەها هەلومەرجێکدا حکوومەت بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنانی بودجەی خۆی، دەستدرێژی کردووەتە سەر سفرەی کرێکاران و زەحمەتکێشان. کەمبوونەوەی خزمەتگوزارییە کۆمەڵایەتییەکان، بەرزبوونەوەی نرخی پێداویستییەکان، هەڵاوسانی بەربڵاو و دابەزینی توانای کڕین، بارودۆخی ژیانی بێبەشانی بە چەند قات قورستر کردووە.
لۆژیکی سەرمایەداریی لە کۆماری ئیسلامیدا بەشێوەیەکی زەقتر خۆی نیشان داوە: کرێکاران هێندە بە هەژاری دەهێڵرێنەوە کە هیچ کاتێکی بەتاڵیان بۆ بەسەربردن نەبێت، بەڵام ئەوەندەش هەژار ناکرێن کە نەتوانن بژێوی سەرەتایی ژیانیان دابین بکەن. ئەم سیاسەتە کرێکاران لە حاڵەتی مانەوەی ڕۆژانەدا دەهێڵێتەوە و ئیمکانی ڕێکخستنی ناڕەزایەتی ڕێکخراویان لێ زەوت دەکات. تاکە ڕێگە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم نەهامەتییە ئابوورییانە، بریتییە لە وەڕێخستنی بزووتنەوەی داواکاری تەوەرە بەهێزەکان. کرێکاران و خەڵکی زەحمەتکێش دەبێ لە ڕێگەی پێکهێنانی یەکێتییە سەربەخۆکان و مانگرتنی ڕێکخراو و ناڕەزایەتیی ئاشتیانەوە داواکارییەکانیان بخەنە ڕوو.
واقعییەت ئەوەیە کە گەمارۆ ئابوورییەکان بەبێ لەبەرچاوگرتنی ئامانجە سیاسییەکانیان، بەکردەوە سیاسەتێکی بەتەواوی دژە خەڵکین. ئەم سیاسەتانە کە لە لایەن زلهێزە ڕۆژئاواییەکانەوە دەسەپێنرێن، هەرچەندە بە ڕواڵەت ئامانجیان حکوومەتە، بەڵام لە واقیعدا قورساییەکەی بە شێوەیەکی سەرەکی دەکەوێتە سەر شانی خەڵکی ئاسایی. سیاسەتمەدارانی ئەمریکا و ئورووپایی باش ئاگاداری ئەو ڕاستییەن کە سزاکان دەبێتە هۆی پەرەسەندنی نەهامەتی و هەژاریی گشتی. ئامانجی ئەوان ئەوەیە کە هاووڵاتیانی ئاسایی بخەنە ژێر گوشارەوە بۆ ئەوەی لە ڕێگەی ناڕەزایەتییەکانەوە ڕێژیمی ئێران ناچار بە گۆڕینی سیاسەتەکانی بکەن. ئەم ئاراستەیە کە بە کردەوە خەڵک دەکات بە بارمتەی ناکۆکییە سیاسییەکان، نموونەیەکە لە بەکارهێنانی ڕەنج و ئازارەکانی مرۆڤ وەک ئامرازێک بۆ گوشاری سیاسی.
بەڵام خەڵکی ئێران بەرامبەر بەم هەژاریی و تاڵانچێتییە، بێدەنگ و بێ هەڵوێست نەبوون. ئاخێزەکانی بەفرانباری ٩٦ و خەزەڵوەری ٩٨ لەلایەن جەماوەری هەژار و بێبەشەوە بەڕێوەچوو.
ئەوان لە ئاخێزی شۆڕشگێڕانەی ١٤٠١-١٤٠٢ بە دروشمی (ژن، ژیان، ئازادی) سەرلەنوێ هاتنەوە مەیدان، ئەمجارەیان خەبات لە دژی هەژاریی گرێدرا بە چەند فاکتەرێکی بنەڕەتیی دیکەی وەک ستەم و سەرەڕۆیی و ئایین و پیاوسالارییەوە. لە هەلومەرجێکدا کە ستەم و سەرەڕۆیی و خەفەقان، هەڵاوسان و گرانی، بێکاریی دەیان ملیۆن کەسی، برسێتی و هەژاریی و کەلێنی قووڵی چینایەتی، ژیانی چین و توێژە ستەملێکراوەکانی کۆمەڵگای کردووە بە دۆزەخ. بێ گومان جەماوەری کرێکار و خەڵکی ئازارچێشتووی ئێران کە ٤٦ ساڵە لەژێر دەسەڵاتی ئەم ڕێژیمە چەوسێنەر و تاوانکارەدا لەپێناو باشترکردنی بارودۆخی کار و گوزەرانی خۆیان خەبات دەکەن، لەم هەلومەرجەی ئێستاشدا لەسەر خەبات و تێکۆشانی خۆیان بەردەوام دەبن. کرێکاران و ئەو جەماوەرە ئازارچێشتووەی کە گوشارەکانی بژێوی ژیان تەنگی پێ هەڵچنیون، هیچ ڕێگایەکیان نییە جگە لەوەی کە بە مەبەستی باشترکردنی بارودۆخی ژیان و دەربازبوونیان لەو دۆزەخەی کە ڕێژیمی سەرمایەداری ئیسلامی دروستی کردووە، قۆڵی هیممەتی لێ هەڵبماڵن و بەبێ ترس لە سەرکوت و گرتن و زیندانی کران، شێلگیرانە و لێبڕاوانەتر لە هەمیشە، لە دژی سەبەبکاران و ئەو کەسانەی کە هۆکاری ئەم هەژاریی و نەهامەتییە ئابوورییەن، خەباتی چارەنووسسازی خۆیان لە هەموو بوارەکاندا بەرەوپێش ببەن.