میلاد تەبد، کۆڵبەری خەڵکی شاری مەریوان، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی هەنگی مەرزی لە هێڵی سنووری ئەم شارە برینداربووە.

بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، ڕۆژی دووشەممە سێی خەرمانانی ١٤٠٤، هێزەکانی هەنگی مەرزی لە هێڵی سنووری «دەرۆکێ»ی سەربە شاری مەریوان، بە ئاڕاستەی کۆڵبەران تەقەیان کردووە و بەهۆیەوە کۆڵبەرێک بە سەختی برینداربووە.
ناسنامەی ئەم کۆڵبەرە گەنجە «میلاد تەبد» خەڵکی گوندی «گلیە»ی سەربە شاری مەریوان بۆ کۆڵبەرنیوز ڕاگەیەندراوە. بەپێی ئەم ڕاپۆرتە ناوبراو لە سەری دا بە سەختی برینداربووە. شایەنی باسە ئەم کۆڵبەرە گەنجە سەرەتا بۆ چارەسەر بۆ نەخۆشخانەی بۆعەلی سینا لە مەریوان گواسترابوویەوە، کە بەهۆی برینەکانییەوە بۆ نەخۆشخانەیەک لە سنە گواستراوەتەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی تۆمارکراو لە کۆڵبەرنیوز، لە ساڵی ١٤٠٣دا، بە کۆی گشتی ١٨٣ لە ناوچە سنوورییەکان و ڕێگاکانی نێوان پارێزگاکانی ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، کوردستان و کرماشان بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ڕژیم، ڕنوو و سەرما، کەوتنەسەر مین، کەوتنەخوارەوە لە شاخ و بەرزایی و ڕووداوی دیکە کوژران و بریندار بوون. لەم هەژمارەدا ٥٢ کۆڵبەر واتە (٢٨٪) کوژران و ١٣١ کۆڵبەر واتە (٧٢٪) برینداربوون. لە کۆی گشتی ١٨٣ کۆڵبەر کە لە ساڵی ١٤٠٣دا کوژراو و بریندار بوون، ١٤٣ حاڵەتیان واتە (٧٨٪) بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە ئەمنییەکانی ڕژیم ئەنجام دراوە. لە کۆی گشتی ١٨٣ کۆڵبەر کە لە ساڵی ١٤٠٣دا کوژراو و بریندار بوون، ١١ کەسیان واتە (٦٪) منداڵانی کۆڵبەری ژێر ١٨ ساڵ بوون کە یەک لەوان بەهۆی سەرمابردووییەوە گیانی لەدەستداوە.

