«هیوا سەیفی زادە»، ئەکتەر، گۆرانیبێژ و مامۆستای مۆسیقای کلاسیک، لە کاتی بەڕێوەبردنی پڕۆگرامێک لە یەکێک لە هۆڵەکانی تاران لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا.

بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، ئێوارەی پێنجشەممە نۆی ڕەشەمەی ١٤٠٣، «هیوا سەیفی زادە»ی ٢٧ ساڵ، ئەکتەر، گۆرانیبێژ و مامۆستای مۆسیقای کلاسیک خەڵکی شاری کرماشان و دانیشتووی تاران، لە کاتی پێشکەشکردنی بەرنامەیەک لە “عیمارەتی ڕووبەڕوو” لە تاران، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتەوە. بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، هێزە ئەمنییەکان لە کاتی پێشکەشکردنی بەرنامەی ناوبراودا چوونەتە ناو هۆڵەکە و دەستبەسەریان کردووە.
هیوا سەیفی زادە پێشتر لە جەریانی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕی ژینادا بە ڕاگەیاندنی پشتگیری لە خۆپیشاندەران، بەبێ حیجابی زۆرەملێ چەند گۆرانییەکی بە نیشانەی پشتیوانی لە ئەم بزووتنەوەیە بڵاو کردبووەوە.
هیوا سەیفی زادە کچی محەمەدحوسێن سەیفی زادە (گۆرانیبێژ) و مەعسوومە میهرعەلی (گۆرانیبێژ و مامۆستای مۆسیقا) و خوشکی سارەنگ سەیفی زادە (گۆرانیبێژ) و ئەرژەنگ سەیفی زادە (ژەنیار و ئاوازدانەر) و هەروەها ئامۆزای هالە سەیفی زادە (گۆرانیبێژ)ە.
هیوا سەیفی زادە گۆرانیبێژ، مامۆستای مۆسیقای کلاسیک و ژەنیاری تەمبەکە و هەروەها لە بواری ئەکتەری شانۆدا، ئەزموونی هەیە.