دوای تێپەڕبوونی ٢٧ ڕۆژ لە دەستبەسەرکرانی «موحسن عەزیزینژاد»، هاوڵاتییەکی ٣٣ ساڵە، دانیشتووی شاری دەرەشار سەر بە پارێزگای ئیلام، تا ئێستا هیچ زانیارییەکی ڕوون لەبارەی بارودۆخ، شوێنی ڕاگرتن و بارودۆخی یاسایی ناوبراەەوە لە بەردەستی خێزانەکەیدا نییە.

بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، موحسن عەزیزینژاد لە کاتی دەستبەسەرکرانییەوە تا ئێستا لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر و دیدار لەگەڵ ئەندامانی خێزانەکەی بێبەش کراوە و بەدواداچوونەکانی خێزانەکەی بۆ زانینی چارەنووسی ناوبراو بێ ئەنجام ماوە.
بەپێی زانیارییە بەدەستهاتووەکان، ئەم هاوڵاتییە کوردە لە ١٣ی بەفرانباری ١٤٠٤، بەبێ بوونی بریاری دادوەری لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا و دەستبەجێ بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتەوو.
بەردەوامی بێ ئاگایی لە بارودۆخی موحسن عەزیزینژاد و پچڕانی پەیوەندی ناوبراو لەگەڵ خێزانەکەی، نیگەرانییەکانی لەبارەی بارودۆخی جەستەیی و یاسایی ئەم هاوڵاتییە کوردەوە زیاتر کردووە.

