مەشھەد؛ ئازادکردنی سپیدە قۆلیان، چالاکوانی ناسراوی کرێکاری، دوای کۆتاییھاتنی ماوەی سزاکەی لە زیندانیی وەکیل ئاوا

سپیدە قۆلیان، چالاکوانی ناسراوی کرێکاری و زیندانیی سیاسی، دوای کۆتاییھاتنی ماوەی سزاکەی، لە زیندانیی وەکیل ئاوای مەشھەد ئازاد کرا.

بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، ڕۆژی شەممە ٩ی جۆزەردانی ١٤٠٥، سپیدە قۆلیان دوای تێپەڕاندنی شەش مانگ زیندانیی تەعزیری، لە زیندانیی وەکیل ئاوای مەشھەد ئازاد کرا و زیندانییەکەی کۆتاییهات.

سپیدە قولیان ڕۆژی چوارشەممە ٢١ی سەرماوەزی ١٤٠٤، لە کاتی بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی یادکردنەوەی خەسره‌و عەلیکوردی، پارێزەری دادگا لە مەشھەد، لەگەڵ ژمارەیەک لە چالاکوانانی مەدەنی و ژنان وەکو نێرگز محەمەدی، عالیە مەتڵەبزادە، پوران نازمی و ھەستی ئەمیری، لەلایەن ھێزەکانی ڕژێم دەستبەسەر کرا. ناوبراو دوای دەستبەسەرکردنی گوازرایەوە بۆ یەکێک لە گرتووخانەکانی ئیتڵاعات و دوای نزیکەی دوو مانگ ڕاگرتنی لەو ناوەندە ئەمنییەدا، بۆ زیندانیی وەکیل ئاوای مەشھەد گوازرایەوە.

ئەم چالاکوانە کرێکارییە لە مانگی بەفرانباری ١٤٠٤دا لە لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی مەشھەد دادگایی کرا و دواتر لە سەرەتای مانگی ڕێبەندانی ھەمان ساڵدا، بە تۆمەتەکانی «کۆبوونەوە و پیلانگێڕی بۆ ئەنجامدانی تاوان دژی ئاسایشی ناوخۆیی و دەرەکی» و «پروپاگەندە دژی ڕژێم»، سزای شەش مانگ زیندانیی تەعزیری و پێنج ساڵ زیندانیی دواخراوی بەسەردا سەپێندرا.

بەپێی ئەو زانیارییانەی لەلایەن سەرچاوەکانی نزیک لە بنەماڵەکەیەوە بڵاوکراوەتەوە، سپیدە قۆلیان لە ماوەی زیندانییەکەیدا لە مافی یاسایی «مۆڵەتی پەیوەندیدار بە ئازادی» بێبەش کراوە. ئەمەش لە کاتێکدا بوو کە ھاوکات لەگەڵ بارودۆخی جەنگی و ئەمنیی وڵاتەکە، ژمارەیەکی زۆر لە زیندانیکراوان لەم دەرفەتە سوودمەند بوون، بەڵام ناوەندە ئەمنییەکان دژی ناردنی ناوبراو بۆ مۆڵەت بوون.

ھەروەھا لە ماوەی مانگەکانی ڕابردوودا گوشارە ئەمنییەکان بۆ سەر بنەماڵەی ئەم زیندانییە سیاسییە بەردەوام بوون و باوک و برای ناوبراو چەندین جار لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە بانگھێشت و لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا کراوە.

سپیدە قۆلیان لە ئەم زیندانیکردنەی کۆتاییدا لە بەشی ژنانی زیندانیی وەکیل ئاوای مەشھەد ڕاگیرابوو. ناوبراو پێشتریش چەندین جار بەھۆی چالاکییە مەدەنی و کرێکارییەکانییەوە دەستبەسەر کرابوو و ڕووبەڕووی سزای دادوەری ببووەوە.

ئەم چالاکوانە کرێکارییە ڕۆژی چوارشەممە ٢١ی جۆزەردانی ١٤٠٤یش، دوای دوو ساڵ و دوو مانگ و بیست و شەش ڕۆژ زیندانی، لە زیندانیی ئێڤین ئازاد کرابوو. ناوبراو لە مانگی خاکەلێوەی ١٤٠٢دا دوای بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆیەکی ڕەخنەیی سەبارەت بە عەلی خامنەیی لەلایەن ھێزەکانی ڕژێم دەستبەسەر کرا و لە کۆتاییدا بە تۆمەتی «سووکایەتیکردن بە ڕێبەر» سزای دوو ساڵ زیندانیی تەعزیری بەسەردا سەپێندرا.

سپیدە قولیان ھەروەھا لە مانگی ڕەشەممەی ١٤٠١دا، چەند کاتژمێرێک دوای ئازادبوونی لە زیندان لە جێبەجێکردنی لێبووردنی گشتیدا، جارێکی دیکە لە ڕێگەی تاران بۆ دزفوول لەلایەن ھێزەکانی ڕژێم دەستبەسەر کرا و بۆ بەندی ٢٠٩ی زیندانیی ئێڤین گوازرایەوە و چەند ڕۆژێک دواتر بۆ بەشی ژنانی ئەم زیندانە گوازرایەوە.

کۆڵبەرنیوز

Next Post

بۆکان؛ پەسندکردنی سزای سێدارەی محەممەد فەرەجی و ڕەئووف شێخ‌ مەعرووفی، دوو زیندانیی سیاسیی شۆڕشی ژینا لە دیوانی باڵای وڵاتدا

ی مه 31 , 2026
محەممەد فەرەجی و ڕەئووف شێخ‌ مەعرووفی، دوو زیندانیی سیاسیی کوردی خەڵکی بۆکان و لە دەستبەسەرکراوانی ڕاپەڕینی شۆڕشگێڕانەی ژینا، دوای پەسندکردنی سزای سێدارەکەیان لە دیوانی باڵای وڵاتدا، لەژێر مەترسییەکی جددیی جێبەجێکردنی ئەم سزایەدان. بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا و لە جۆزەردانی ١٤٠٥دا، سزای سێدارەی محەممەد فەرەجی و ڕەئووف شێخ‌ […]

بابەتی پەیوەندیدار