ساوە؛ گیانبەختکردنی سەعید کەلوەندی گەنجێکی کورد بە تەقەی راستەوخۆی گوللەی جەنگی

«سەعید کەلوەندی»، تەمەن ٣١ ساڵ، هاوڵاتییەکی کوردی خەڵکی هەمەدان و دانیشتووی ساوە، یەکێکی تر لە گیانبەختکردووانی نەرەزایەتییە جەماوەرییەکانی ساوەیە. ناوبراو پاش پێکانی گوللەیەکی جەنگی بەرەو ڕانی لاقی، دوای خوێنبەربوونێکی زۆر و بڕینەوەی لاقی، گیانی لەدەستدا. سەعید باوکی دوو کچی ٧ و ٤ ساڵ بوو.

بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، ئێوارەی پێنجشەممە، ١٨ی بەفرانباری ١٤٠٤، لە کاتی سەرکوتکردنی بەرفراوانی خەڵک لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە، سەعید کەلوەندی لە گروپی هاوڕێکانی جیا بوویەوە. دوای چەند کاتژمێرێک گەڕان، ناوبراو لە حاڵێکدا دۆزرایەوە کە گوللەیەک لە قاچی درابوو و خوێنێکی زۆری لێ دەرۆیشت. باری تەندروستی ناوبراو هێندە خراپ بوو کە ڕزگارکردنی لە شوێنەکە مەحاڵ دیاربوو. سەرەتا لە نەخۆشخانەیەکی ناوخۆیی خەوێندرا، بەڵام پزیشکان ڕایانگەیاند تەنها ڕێگای زیندوو مانەوەی بڕینی قاچە بریندارەکەیەتی. خێزانەکەی هەوڵیاندا سەعید بۆ تاران بگوازنەوە و لە ڕێگا، ناوبراو بۆ ساتێکی کەم هۆشی هاتەوە، لەگەڵ دایکی قسەی کرد و وتی «تینوومە»، بەڵام دووبارە بێهۆش بوویەوە.

سەعید کەلوەندی ڕۆژی هەینی ١٩ی بەفرانباری ١٤٠٤ بۆ نەخۆشخانەی سینا لە تاران گواسترایەوە و دوای پێدانی بڕی ٢٠٠ ملیۆن تمەن خەوێندرا؛ تێچووی هەر شەوێک  مانەوە لە نەخۆشخانە ٥٠ ملیۆن تمەن ڕاگەیەنرا. پزیشکان لە تارانیش تەنها ڕێگای ڕزگارکردنی گیانی ناوبراویان بڕینی قاچی زانی. خێزانەکەی ڕازی بوون بەم بڕیارە و نەشتەرگەری تا کاتژمێر ٤ی بەیانی ئەنجامدرا، بەڵام سەعید دوای نەشتەرگەری هۆشی نەهاتەوە و بۆ دیالیز گواسترایەوە. هۆکاری مردنی لەلایەن پزیشکانەوە «جەڵتەی دڵ» ڕاگەیەنرا.

تەرمی ئەم گیانبەختکردووە تا ڕۆژی سێشەممە ٢٣ی بەفرانبار رادەستی خێزانەکەی نەکرایەوە. دوای ڕادەستکردن، ئەندامانی خێزانەکەی بینییان کە لەشی بە تەواوی توێکاری کراوە؛ لە سکەوە تا ژێر قوڕگی هەڵدڕاوە و تەنانەت چاوەکانی دووراونەتەوە، لەکاتێکدا هۆکاری فەرمیی گیانلەدەستدانی «جەڵتەی دڵ» ڕاگەیەنرابوو. مردووشۆرەکانیش ڕایانگەیاند کە لەشی بە شێوەیەک بووە وەک ئەوەی ئەندامانی ناوەوەی جەستەی دەرهێنراون، بابەتێک کە پرسیار و نیگەرانییە نوێیەکانی بۆ خێزانەکەی دروستکردووە.

دامەزراوە ئەمنییەتییەکان هەروەها ڕێگریان لە بەڕێوەبردنی مەڕاسیمی سەرەخۆشی لە مزگەوت کرد و لەگەڵ ئەو کەسانەی کە لە مەراسیمەکەدا دەگریان مامەڵە کرا. لە کۆتاییدا، سەعید کەلوەندی لە ساوە بە خاک سپێردرا.​​​​​​​​​​​​​​​​

کۆڵبەرنیوز

Next Post

جوانڕۆ؛ ئازادی کاتی شەش چالاکوانی مەدەنی و ژینگەیی بە دانانی بارمتە

ی فوریه 8 , 2026
«ماهان ئەعزەمی، ئەدیب ساڵخوردە، کامران مورادی، محەممەد هیجرانی، هیوا وەیسی و یەحیا دەروێشی»، شەش چالاکوانی مەدەنی و ژینگەیی خەڵکی شاری جوانڕۆ، دوای ١٥ ڕۆژ لە دەستبەسەرکران، بە شێوەیەکی کاتی و بەدانانی بارمتە ئازادکران. بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، ڕۆژی شەممە ١١ی رێبەندانی ١٤٠٤، «ماهان ئەعزەمی، ئەدیب ساڵخوردە، کامران مورادی، محەممەد هیجرانی، هیوا […]

بابەتی پەیوەندیدار