«مورتەزا یەعقووبی»، هاووڵاتیی ٤١ ساڵەی کوردی کورمانجی خەڵکی ئەسفەراین، ناسنامەی یەکێکی تر لە گیانبەختکردووانی نارەزایەتییە جەماوەرییەکانە.

بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، رۆژی پێنجشەممە ١٨ی بەفرانباری ١٤٠٤، مورتەزا یەعقووبی لە کاتی نارەزایەتییە جەماوەرییەکان لە ئەسفەراین، کرایە ئامانجی تەقەی ڕاستەوخۆی گوللەی جەنگی هێزە سەرکوتگەرەکانی کۆماری ئیسلامی و گیانی بەختکرد. تەرمی ئەم هاووڵاتییە کوردە رۆژی دووشەممە ٢١ی بەفرانباری ١٤٠٤، لە گوندی زێدی خۆی «نەقی ئاوا»ی سەر بە ئەسفەراین بە خاک سپێردرا.
بەپێی زانیارییە بەدەستهاتووەکان، بنەماڵەی ئەم گیانبەختکردووە پاش کوژرانی، لە پرۆسەی وەرگرتنەووی تەرمی ناوبراو و ئەنجامدانی مراسمی بەخاکسپاردن ڕووبەڕووی گوشاری ئەمنیەتی بوونەتەوە، و دەزگاکانی ئەمنیەتی هەوڵیانداوە لە ڕاگەیاندنی سەربەخۆ دەربارەی وردەکارییەکانی ئەم کوژرانە دوور دووریان بخەنەوە.
مورتەزا یەعقووبی، لەدایکبووی ساڵی ١٣٦١، شۆفێری ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر بوو، باوکی کچێکی ٩ ساڵە و دوو کوڕی ٣ ساڵە و یەک ساڵان بوو.

