«موحەممەد عەباس زادە»، هونەرمەندی ناسراوی خەڵکی ئیلام، دوای ٢٣ ڕۆژ لە دەستبەسەرکرانی سەرەڕۆیانە، ڕاگرتن لە شوێنە نەزانراوە ئەمنییەکان و گواستنەوەی بۆ زیندانی ئیلام، لە کۆتاییدا لە ڕۆژی ١١ی ڕێبەندانی ١٤٠٤ بە دانانی بارمتەی قورس بە شێوەیەکی کاتی ئازاد کرا.

بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، موحەممەد عەباس زادە دوای دەستبەسەرکرانی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە، بەبێ بوونی بڕیاری دادوەری، بۆ شوێنێکی نادیار گواسترایەوە و خرایە ژێر لێپرسینەوەی سەخت و توندوتیژانە لە ژوورە تاکەکەسیەکاندا. سەرچاوە ئاگادارەکان ڕایانگەیاندووە کە ناوبراو لە ماوەی ئەم دەستبەسەرکرانیدا لە ژێر ئەشکەنجەی جەستەییەکی سەختدا بووە.
بەپێی زانیارییە بەدەستهاتووەکان، لە ئەنجامی لێدان و ئەشکەنجە سەختەکان ناوبراو پەردەی گوێی دڕاوە و دوای ئازادبوونیش لەگەڵ کێشەی جدی بیستندا ڕووبەڕووە. دۆخی جەستەیی ناوبراو دوای ئازادبوون بە جێگای نیگەرانی وەسف کراوە.
بە وتەی ئەم سەرچاوانە، دوای تەواوبوونی قۆناغەکانی لێپرسینەوە و گواستنەوە بۆ زیندانی ئیلام، بۆ ئەم هونەرمەندە کوردە بڕیاری دانانی بارمتەی بە بڕی پێنج ملیارد تمەن دەرکرا و ناوبراو بە دانانی ئەم بارمتەیە، بە شێوەیەکی کاتی لە دەستبەسەرکران ئازاد کرا.

